لە سەربڕخانەی پیرەمەگرون چ باسە؟
| دەنگی کرێکار
لەدوای بەدواداچوونەکان، چەند کرێکارێکی کۆمپانیای سەربڕخانەی مریشک لەپیرەمەگروون پەیوەندییانکرد بەبڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە، داوای ئەوەیان هەبوو کەکێشەو معاناتەکانیان ڕووەو کۆمەڵگاو حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بڵاوبکرێتەوە..
لەم سەربڕخانەیەدا، کرێکارانی ژن و پیاو کاردەکەن کەبەداخەوە ژمارەکەیان نەزانراوە کە هەرجارە زیادو کەمدەکات بەهۆی پێوویستبوونی کارکردن و زیادبوون و کەمبوونی مریشکەوە.. بەشێک لەکرێکارەکانی عەرەب زمانن، و ئەوانی دیکەش خەڵکی پیرەمەگروون وسلێمانین.. کاتیکار لەم کۆمپانیایەدا زەقترین کێشەو گرفتی گەورەی کرێکارانە..هەر ڕۆژەی بەجۆرێکەو کاتی ئێجگار زۆر لەکرێکاران دەبات هەرهێندەی کەچەند کاژێرێک بتوانن بحەوێنەوە..
یەکێک لەکرێکارەکان دەڵێت: ” خاوەنکار بەدڵی خۆی کارمان پێدەکات، ڕۆژی وا هەیە سەعات ٣ ونیوی شەو ئەڕوێن، جاری واهەیە ٥ بەیانی ، ئێستا کردوویەتی بە ١٢ شەو.. کاتی دیاریکراو نیە، دوێنێ ٦ ئێوارە هاتووینەتەوە، ٢٠ هەزاری پێداووین..ڕۆژانە کار دەکەین، ڕۆژی واهەبووە ٤ و نیو ڕۆیشتووین ٢ شەو تەواو بووین.. ئێستا کاتەکەی کردووە بەشەو، ئایا ١٢ شەو کاتە بۆ ئافرەت و خەڵک، دروستە؟”
بەپێی ووتەی کرێکارەکان، شەوانەڕۆژ زیاتر لە ١٢ کاژێر کاردەکەن، زۆرجار واڕێککەوتووە نزیکی ٢٠ کاژێر کاریانکردووە بەحەقدەستی ڕۆژانەی ٢٠ هەزار دینارییەوە، بەواتای بۆهەر یەک کاژێرکارکردن تەنها یەک هەزار. لەحاڵەتی ئاسایشدا یەک سەعات کارکردن هەزارو شەش سەد دینار….
لەم کۆمپانیایەدا تاقە یەک ژەم خواردن هەیە، سەرەڕای داواکاری کرێکاران بۆ ژەمی بەیانیان، بەڵام ئەو تاقە ژەمەش زۆرجار دەکەوێتە دوانیوەڕۆیەکی درەنگانەوەو هێندەش کەمە هیچ کرێکارێک بەو هەمووە هیلاکیەوە تێری پێناخوات..
کرێکارێکی تر دەڵێت: ” یەک ژەم نانمان هەیە، بەخوا ٢٠ سەعات ئیشمان کردووە، یەک ژەمە، ژەمەکەش ئەوەندە نیە تێری پێ بخۆیت، هاتوچومان لەسەر کارگەیە، وەڵڵا کاتی ئیستراحەتی دیاریکراو نیە، ڕۆژی وا هەیە وەڵڵا سەعات ٤ عەسر نانی نیوەڕۆمان خواردووە، چەند جار داوای نانی بەیانیمان کردووە ئەڵێ نیە بۆ ئێوە، بەس عەرەبەکان سێ ژەمە نانی ئەداتێ. ئەگەر قسە بکەیت، ئەڵێ کێشە مەنێرەوە، ئاوا جوابت ئەداتەوە.”
کرێکارەکان جەختدەکەنەوەو دەڵێن: هیچ شتێکمان نیە، نەکۆنتراکتی کارو نەدەستەبەری کۆمەڵایەتیش. هەتا ئێستا تەنها لیژنەی صحە هاتوون، هیچ کەس ولایەنێکی پەیوەندیدار سەردانی ئێرەیان نەکردووە هەتا کێشەو معاناتەکانی کرێکاران بزانن..ئێمە کێشەکەمان گەیاندۆتە پیرەمەگرون پۆست و ووتیان ئێمە هیچمان پێناکرێت، پەیوەندی بکەن بەدەنگی کرێکارەوە..ئێمەش ئەمانەوێت کاتمان بۆ دیاریبکرێت، ئەم دەنگە دەنگی زۆرینەی کرێکارەکانە..زۆرینەی خەڵکی پیرەمەگرون ئەزانن ئیش چۆنە لەوکارگەیەو کاتەکانی چۆنە.. من زۆر سوپاسی بەڕێزتان ئەکەم ئەگەر ئەم کێشەیەمان بۆ حەلبکەن.. سوپاس بۆ دەنگی کرێکار..
لەلایەکی دیکەشەوە، ئەم سەربڕگایە ژینگەی ناوچەکەشی بەجۆرێک تێکداوە کەڕاستەوخۆ کاریگەری خراپ و نالەبار دەخاتە سەر ژینگەی ناوچەکەو خەڵک لەم ڕیگایەوە تووشی کارەساتی نەخۆشیە ڤایرۆسیە خەتەرەکان دەکاتەوە.. بەپێی ڕاپۆرتێکی پیرەمەگروون پۆست لەبەرواری ٣/٧/٢٠٢٥ کەبڵاویکردۆتەوەو دەڵێت: …دیمەنی ئاوەڕۆو پاشماوەی سەربڕخانەی مریشک لەزێوێ، بۆنی ناخۆش و پاشماوەکەی بەتایبەت لەشەواندا هاووڵاتیانی سنورەکەی هەراسانکردووە، ئەڵێن زیانی بەئاژەڵەکانمان گەیاندووە..
دەنگی کرێکار پیێوایە کەحکومەت نەک هەر کەمتەرخەمە لەئاستی تەندروستی خەڵکدا، بەڵکو لەپێناوی قازانج و کەڵەکەی سەرمایەدا، دەستی دەیان کۆمپانیای گەورەو بچووکی کردۆتەوە کەبەئارەزوی خۆیان و بەبێڕەچاوکردنی ژیان و تەندروستی خەڵک دانیشتوانی ناوچەکەو ژینگەکەی وێران بکەن بەهۆی پاشماوەی پاشەڕۆی کارگەو کۆمپانیاکانەوەو نایانەوێت لەو قازانجە زۆرەی خۆیان چەردەیەک سەرفبکەنەوە بۆ دفنکردن و لەناوبردنی ئەو پاشەڕۆیانەو بەم هۆیەوە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک دووربخەنەوە..
