کۆبونەوەی گشتی، شێوازێکی نمونەیی هاتنەمەیدانی کرێکارانە بەشێوەیەکی ڕێکخراو و ئاشکرا!
| وەستا مەهدی
لەکوردستان ماوەی ١٤ساڵ زیاترە کرێکارانی پیشەسازی وەك هێزێکی بەرهەمهێن لەکارگەو کۆمپانیاکاندا کاردەکەن وڕۆژانە لەگەڵ دەیان کێشەدا بەرەو ڕوو دەبنەوە.. بەشێکی زۆر لەکارگەکان بەسێ شەفت کار بەکرێکار ئەکەن، نەوەیەک لەکرێکاری گەنج زۆربەیان خاوەن بڕوانامەن، بەڵام ڕاستەوخۆ براونەتە سەرکارێك بەبێئەوەی هیچ شارەزاییەکیان هەبێت.. مەشق وڕاهێنانیان پێنەکراوە یان لەڕاستیدا پەیمانگایەکی ئەوتۆ نیە کەبتوانرێت ئەم نەوەیە لەباری پەروەردەی کاری پیشەیی ”حرفەی” یەوە بەشێوەیەکی ئاکادیمی و عەمەلی فێری کارێک بکات کەبتوانێت وەک سەرچاوەی ژیانی سوودی لێوەربگرێت..
خاوەنکارەکان گوێنادەن بەئاستی هۆشیاری پیشەیی، ئەوەی کە تەنها گرنگە بۆیان چۆن بەشەکانی کارخانەکەیان لەکارابێت و پرۆسەی بەرهەمهێنان بەردەوامبێت.. کرێکاران مەگەر لەناو کارەکانیاندا شارەزایی پەیدابکەن..هەر لەدرێژەی کارکردنیاندا هەست بەوەدەکەن کە ئەو حەقدەستەی وەریدەگرن یەکسان نییە بەو سەعات کارانەی ئەنجامی ئەدەن.
ئەوان ڕۆژانە بڕی ئەو بەرهەمە زۆرە ئەبینن کە لەبەشی ئینتاجی ناو کارگەوە دەرئەچێت، هەربۆیە ڕۆژانە ناڕەزایەتی لەسەر زۆرشت سەرهەڵئەدات، بەڵام ناڕەزایەتیەکان نەك هەر ڕێکخراونین، بەڵکو زۆرجاریش نابنە داوایەکی گشتی، ئەو بەشە لەکرێکاران کە بەجۆرێك ئاستی هوشیارییان چۆتە سەرەوە، هەندێكجار لەگەڵ بەشێك لەکرێکاران قسەئەکەن و ئەگەنە ئاستێك بڕیارئەدەن کار ڕابگرن ،زۆرجار ئەوەندە پەلەیان کردووە لەئەنجامدا ژمارەیەك کرێکار کارەکانیان لەدەستداوە، کرێکاران لەبەر کەم ئەزمونی و ناڕۆشنیان سەبارەت بەڕێکخراوبوون و ئەهەمیەتی ڕێکخراوبوون تا ئێستا لەهیچ کارخانەیەك نەیانتوانیوە تەنانەت دەستەیەکی کرێکاری ڕێکخراویشیان هەبێت کەبچوکرتین و لاوازترین شێوەو جۆری ڕێکخراویشە.
زیاتر لە ٤٠٠هەزار کرێکاری پیشەسازی لەکارخانەو کارگە گەورەو مام ناوەندەکاندایە، دەبوایە ئێستا خاوەنی ڕێکخراوێکی سەربەخۆی خۆیان بونایە، بەڵام هێشتا لەبەرامبەر خاوەنکاردا لەجێگاو ڕیگایەکی زۆر لاوازی دیفاع لەخۆیاندا سەنگەریان گرتووە، ئەم قۆناغە بۆکرێکارانی پیشەسازی بەشوێنێک گەیشتووە کە پێویستە کرێکاران لەکارگەکاندا دەست بەرن بۆئەنجامدانی کۆبوونەوەی گشتی و هەڵبژرادنی نوێنەرانی خۆیان، بۆبەهێزکردنی سەنگەری دیفاع لەمافەکانیان.. باشترین شێوە کۆبونەوەی گشتیە کەخاوەنکار ناتوانێت بەم جۆرەی ئێستا تاكلایەنە بڕیار لەهەموشتێک بدات، ئەوبازاڕەی کەبەسەرکرێکاراندا سەپاندویانە جۆرێک لەدەستکراوەیی خاوەنکاری بۆ فەراهەمکراوە، هەرئەمەش تەنها کۆبونەوەی گشتیەکان دەتوانێت سنوریان بۆدابنێت..
کریكارە بەتاک کەوتوەکان لەناوەندەکانی کاردا، بەمجۆرەی هەتائێستایان ناتوانن فشارێکی زیاتریان هەبێت، بەڵام کاریگەری گردبوونەوە لەکۆبونەوە گشتیەکاندا هێزێکی واقیعیە، بۆچی؟! چونکە کرێکار لەئاشکرابوون وجەماوەری بوونەوەی جوڵانەوەکەیدایە کەدەتوانێت وەکو کرێکار بەپێوە ڕابوەستێت. بەڵام دەستەی نوێنەرایەتی کرێکاران، خۆی لەخۆیدا هێشتاڕێکخراوی کرێکاری نیە، چونکە نەقەوارەیەکی پتەو دروست دەکات و نەبارودۆخێکیش بۆ ئەوجەماوەرە کرێکارەی کەئەندامی لیژنەی نوینەران نین پێناسە دەکات..
گۆمانی تێدا نیە لەسەپاندنی نوێنەرانی خۆت بەسەر خاوەنکارو دەوڵەتدا، بەدەستهێنانی جۆرێک لەحەسانەی دیفاکتۆ لەبەرامبەر حکومەت، وەکو کەسانێک کەپارێزەری کرێکارانن وئەبێت پاریزگاری لەبەرژەوەندیەکانی ئەوان بکەن.. ناساندنی کەسایەتیە کرێکارییەکان وکردنیان بەڕابەرانی کردەیی لەئاستی سەرتاسەریدا، پشتیوانی جەماوەری لەنوێنەران و… بەگشتی کرێکارانی کوردستان و بەتایبەتیش کرێکارانی پیشەسازی کە لەلانیکەمی ڕێکخراوبوون بێبەشە لەمەیدانی تێکۆشاندا بەهێزتر دەکات و ئێجگار بەسودە. بەڵام ئەمە هێشتا بۆکرێکارێکی هەڵسواڕاو ڕۆشن نییە چۆن دەتوانرێت قەوارەیەک، ڕیکخراوێک، بۆ بەشداری و خۆ نیشاندانی یەکگرتوانەو کاری بەردەوامی جەماوەری کرێکاران دروست بکەیت.
دیاریکردنی چەند نەفەر لەناو گروپێکی ماسنجەری کە کەمترین بەش لەکرێکاران پێكدەهێن وەك نوێنەر بۆکارێکی دیاریکراو، بەهەر ئەندازەیەک کەجێگەی پشتیوانی کرێکاران بێت هێشتا چەند دانە کەسی جیاکراوەی ناو کرێکارانە کەپشتی بەڕێکخراوێکی کرێکاران قایم نیە. چونکە بەشێوەی واقیعی بەنوێنەرایەتی”ڕێکخراوێکی کرێکاری”لەبەردەم خاوەنکاردا نەوەستاون، بەدەستهێنانی دەنگی متمانەی کرێکاران، یان وەڵامدەرەوە بەکرێکاران، هێشتا جێگای هەبوونی پشتیوانی ودەنگی ڕێکخراوێک کە لەلایەن کرێکاران خۆیانەوە دامەزرا بێت ناگرێتەوە.
ئەوەمان بینی لەهەندێک کارخانە نوێنەرەکان پێش ئەوەی خاوەنکار بەفەرمی بیانناسێت لەسەرکار دەرکران، ئینجا کرێکارانی مانگرتوو ناڕازی لەجێاتی ئەوەی باسی داواکانیان بکەن داوای گەڕاندەوەی نوێنەرەکانیان دەکرد، بۆیە کرێکاران توشی پاشەکشە بوون لەجیاتی پێشڕەوی. ئالێرەدا کۆبونەوەی گشتی وەك باشترین بەدیلی ڕێکخراوەیی بۆکرێکاران نیشاندراوە. بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی بابەتەکە لەگۆشەیەکی ترەوە دەخاتەڕوو. کۆبونەوە، واژۆکردنی بەکۆمەڵی بڕیارێک، بەکۆمەڵک ناڕەزایەتی کردن وبەکۆمەڵ داواکاری، گونجاوترین شێوەی تێکۆشانە لەبارودۆخی ئەمڕۆی کوردستاندا.. ئاشکرایە کە لەم سونەتەشدا کرێکاران نوێنەر هەڵدەبژێرن،بەڵام ئەم نوێنەرانە پشتیان بەکۆبونەوەی گشتی کرێکاری ،بەنەخشەکانی و بە تواناکانی کۆبونەوە بەردەوامەکان ئەستورە. بزوتنەوەی کۆبونەوەی گشتی هەنگاوی یەکەم وبەردی بناغەی بزوتنەوەی شوراییە.
بۆپێشەوە بەرو پێکهێنانی کۆبونەوەی گشتی کرێکارانی پیشەسازی لەگشت کارخانەو کارگەو ناوەندەکانی کاردا
