گفتوگۆ لەگەڵ وەستامەهدی سەبارەت بەدیاردەی بێکاری لەکوردستاندا
سازدانی:شاباز محمــــمود
دەنگی کرێکار: دیاردەی بێکاری لە کوردستان چ کاریگەرییەکی هەیە بۆ سەر ژیانی خەڵك و بەتایبەتی کرێکاران؟
وەستامەهدی: بێکاری یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی سەرمایەداری. بۆیە بەبێ بوونی بێکاری هەڵناکات، حاڵەتی بێکاری بووەتە بارگرانییەکی گەورە بەسەر شانی ئەو بەشە لە کرێکاران کە کاردەکەن وهاوکاتیش مایەی ناڕەحەتی ئەوانەیە کە بێکارن. بەدڵنیایەوە بێکاری کاریگەری لەسەر خەڵک و کرێکاران هەیە ودەیان کارەساتی کۆمەلایەتی بەدواوەدەبێت. بێکاری جگەلەوەی دەبیتە مایەی زیادبونی تاوان، بەدوای خۆیدا مونافەسەو ڕکەبەری لەنیوان خەڵکی ئامادەبەکاردا بەرەو سەرەوە دەبات وسەرەنجام ئاستی بژێوی وتەوەقوعاتی خەڵک دەهێنیتەخوارەوە. بێکاری هەمیشە چەکی دەستی خاوەنکارە بۆ پارچەپارجەکردن وشکاندنی ڕیزی یەکگرتوی کرێکاران و ڕیکخراوبوونیان، بیکاری جەنگ و ناکۆکی نیوان چینی کرێکار توند دەکاتەوەو سەرەنجام دەبێت مایەی ئەوەی کەخاوەنکار زۆرترین هەلومەرجی چەوساندنەوەو بێمافی بەسەر کرێکاراندا داسەپێنیت. سەرەنجام بێکاری بەڵایەکە یەخەی هەموان دەگرێت ودەبێتە گرفتێکی بەردەم ئەوانەی کاردەکەن و ئەوانەشی کارناکەن.
دەنگی کرێکار: ئایا هیچ ئامارێک هەیە کەڕێژەی بێکاری بخاتە روو؟
وەستامەهدی: بەڵێ ئاماری جیاجیا هەیە. بەڵام بەبڕوای من هەرکەسێک دەتوانێت ئەوە پشت ڕاست بکاتەوە کەبێکاری لەکوردستان زۆرەو بەردەوامیش ڕوو لەزیادبوون دەکات. ئامارێکم لەبەردەستە ئاماژە بەوە دەکات کە لە٦٥٪ی خەڵکی کوردستان هێزی کاری کوردستان پێك دەهێنن کەتەمەنیان لە١٥ساڵەوە بۆ٦٥ساڵە .ئامارێکی تریش هەیە لەسەر بنەمای دەرچوانی زانکۆو پەیمانگاکان دیاری کراوەو دەڵێت: ساڵانە لەکۆی ٣٥زانکۆو پەیمانگا ٢٤هەزار کەس دەخەنە بازاری کارەوە. ئەمەش لەکاتێكدایە حکومەتی هەرێم لەساڵی ٢٠١٤تەعین مەرکەزی ڕاگرتوەو هیچ کەسێک تەعین ناکات. ئەگەر تەنها پشت بەئەو ئامارانە ببەستین، بەڵێ ڕاستەو بەردەوام بێکاری زیاد دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە کەبەشێکی بەرچاو لەکرێکارانی هاتووش لەکوردستان کاردەکەن وکومپانیاکانی کەرتی تایبەتیش توانای وەرگرتنی ئەو ڕێژە زۆرەی نییەو تەواوی سێکتەرە خزمەتگوزاریەکانیش بەرەوئەوە دەچێت بکرێت بەبەشێک لەکەرتی تایبەت. هەرئەوەش وای کردووە حوکمەت تەعین مەرکەزی ڕابگرێت.
دەنگی کرێکار: کەواتە چی بکرێت بو ئەوەی بێکاری کەم ببێتەوە؟
وەستا مەهدی: لەپێشدا ئەوە بڵێم کەهەتا سیستەمی کار بەشێوەی سەرمایەداری بێت، ئەوا بیکاریش هەر دەمێنێت. واتە لەسایەی ئەم سیستەمەدا هیچ وڵاتێک ناتوانێت هەموو هێزی ئامادەبەکار بخاتە سەرکار وبێکاری نەهیڵێت. بەڵام بەهەندێک ڕێگا دەتوانرێت ڕێژەی بیکاری کەم بکرێتەوە بەتایبەتی لەو قۆناغەدا کە بوژاندنەوەی ئابوری و پەرەسەندنی ئاستی پێویست بۆهیزی کار دێتەئاراوە.
یەکێک لەو ڕێگایانە کەمکردنەوەی سەعاتکاری ڕۆژانەیە. ئێوە بیهێننە بەرچاو ئەگەر سەعاتکاری ڕۆژانە کەم ببێتەوە بۆ ٦ شەعات وکەمتر ئەوا کارگەو کارخانەکان پیویستیان بەچەند شەفت کارهەیە وبۆئەمەش خواست لەسەر هێزی کار زیاتر دەبێت وژمارەیەکی زۆرتر لەخەڵکی ئامادەبەکار فرسەتی کاریان پیدەدرێت. ڕێگایەکیتر دانانی بەرنامەی ساڵانەو بەراوردکردنیەتی ، کەچۆن بتوانرێت زۆرترین هیزی ئامادەبەکار بخرێتەگەڕ. ڕێگایەکی تر فراوانکردنەوەو برەودانە بەبوارەکانی بەرهەمهێنان وگواستنەوەو خزمەتگوزارییەکان وبازرگانی و.. کەڕێگا دەکاتەوە بۆ هێنانی هێزی کاری زیاتر..ئەمانە بەگشتی لەکۆمەڵگای ئیستادا دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەم بوونەوەی ڕیژەی بیکاریی بەدوادا بێت.
دەنگی کرێکار: بێکاران دەبێت بۆ بەدەستهێنانی کار چی بکەن؟
وەستا مەهدی: هاتنە مەیدانی بزوتنەوەیەکی دژی بێکاری و لەدەوری خواستی ( کار یان بیمەی بێکاری) ودەستبردن بۆ یەکگرتوبوونی بیکاران و ڕێکخراوبونیان ، هەنگاوێکی سەرەکیە لەڕاستای وەڵامدانەوە بەدیاردەی بێکاری. واتە بێکارانی کوردستان نابێت چاوەڕوانی حکومەت و سیاسەتەکانی بکەن، بەڵکو دەبێت وابیر بکەنەوە کە مافی کارکردن مافی ژیان و بژێویە، مافی سەلامەتی کارامەیی و لێهاتویی هەرفەردێکەو حکومەت ئەرکەیەتی کەفرسەتی کافی لەبەردەم هەر هاوڵاتیەکی ئامادەبەکاردا دەستەبەر بکات، یان بیمەی دەورانی بێکاری بەیاسا جیگیر بکات. هەنگاویكی تر کرێکارانی لەسەر کارە کەدەبێت پشتیوانی بێکاران بن ولەهەرحەرەکەتێکی ئەواندا بەشدار بن، چونکە بیکاری لەئەنجامدا ئاستی موجە وداهاتیان دەهێنێتەخوارەوە. هەروەها خەباتی کرێکارانی لەسەرکار لەدژی لەسەرکاردەرکردنی کرێکاران و پشتگیری لەکرێکارانی بێکار، مەرجێکە کە هاوکێشەی نیوان چینی کرێکارو خاوەنکار بەقازانجیان بگۆڕێت و دۆخێکی باشتر لەبەردەم کرێکاراندا دابنێت.