ڕاپەڕین: بەپێچەوانەی بڕیارەکانی حکومەتەوە، کۆمپانیاکانی پاکەرەوە ٤٠٠ هەزار دینار، موچەی مانگانە، بە کرێکاران دەدەن!
| دەنگی کرێکار :
لە بەدواداچونێکدا بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لەزمانی کرێکارانێکی ژینگە پارێزی دەڤەری ڕاپەڕینەوە، ئەو ڕاستیە ئاشکرا دەکات، کە کۆمپانیای بیڤان لەهەر ١١ شارەوانیەکەی دڤەری ڕاپەڕین، کە کار بە کرێکارانی ژینگەپاڕیز دەکات بەپێی ئەو گرێبەستەی کە لەگەڵ شارەوانیەکاندا کردویەتی، پێویستە مانگانە موچەی ٤٥٠ هەزار دینار بەڕەسمیو یاسایی، بە کرێکاران بدات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کە کۆمپنیای ناوبراو هیچ مانگێک ئەم بڕە لەموچە بە تەواوی، نادات بە کرێکاران و هەرمانگە بەپاساوی جۆراوجۆر لەموچەی مانگانەی کرێکاران دەبڕێ، بۆ ئاستی ٤٠٠ هەزار، هاوکات خودی ئەو بڕەی کە لەگرێبەستی نێوان شارەوانیەکانی دەڤەری و کۆمپانیای بیڤاندا بە٤٥٠ هەزار دینار بەرەسمی دیاری کراوە، ڕاستەوخۆ پێچەوانەیە لەگەڵ بڕیاری ئەم دوایانەی وەزارەتی کاری هەرێم کە لەڕۆژی ٢.٢٦/٧/٢٧ پەسنەدکراوە و لانی کەمی موچەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەتی بە ٥٠٠ هەزار دینار دیاری کردووە!!. ئەمەش ئەو پرسیارە لەبەردەم ئێمە و کرێکاراندا دادەنێت، کەچۆن دەبێت، موچەی کرێکارێکی فیعلی کە لەسەرکارە کەمتر بێت لە موچەی کرێکارێکی خانەنشین کرا و کە هەردوکیان لە کەرتی تیابەتدا کاردەکەن؟
دۆخێکی ئاوا بەدڵنیایەوە پێمان دەڵێت کەیان حکومەت و سەندیکاکانی سەر بەدەسەڵات ئاگایان لەیاساکانی خۆیان نییە، وەیان یاساکان تەنها بۆ لەخشتە بردنی کرێکاران وجوانکردنی ئەو سیستەمەیە کەژیانی کرێکارانو خەڵکی زەحمەتکێش دەهارێ و لەبەردەم بەرژەوەندیەکانی کۆمپنیاکان و خاوەنکارەکاندا، جگەلە مەرەکەبی سەرکاغەز، شتێکی تریان لێ سەوز نابێت. لەکاتێکدا بە دڵنیایەوە شارەوانییەکان، کە بەشێکن لەدامودەزگای حکومەت، ئاگاداری یاسا و بڕیارەکانی وەزارەتی کاری هەرێمن.
دۆخێکی ئاوا جگەلەوەی سەرپێچی کردنێکی ئاشکرای شارەوانیەکانی دەڤەری ڕاپەڕین و کۆمپانیاکان، لەیاساکان نیشان دەدات، هاوکات دۆخێکی نادادپەروەرانە و زۆڵمیکی ڕاستەوخۆیە کە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکان پێکەوە لەکرێکارانی ژینگە پارێزی دەکەن.
کرێکاران نابێت ئەم زوڵمە و ئەم نادادیە قەبوڵ بکەن بەڵکو دەبێ یەخەی دەسەڵاتداران بگرن و بەخەباتی یەکگرتوانەی خۆیان ڕێگانەدان، کۆمپانیاکان لەدەرەوەی یاساکان یاری مەقوتو موچەیان بکەن. هاوکات کرێکاران نا بێت هیچ چاوەڕوانیەکیان لەحکومەت و سەندیکاکانی سەر بەدەسەڵات بکەن کە بەرپرسیارێتی لەجێبەجێ کردنی یاساکاندا نیشان بدەن، بەڵکو دەبێ خۆیان وەک تەرەفێک بۆ موچەی تەواویان بەرامبەر بەیاسا ومامەڵەی کۆمپانیاکان ڕاوەستن.
