دهۆک ــ دەنگی کرێکار
کارەساتێکی تری خوێناوی لەشوێنیکار
جارێکی دیکە پەردە لەسەر غیابی کەمترین مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی لادرا، کەبووە هۆی لەدەستدانی چوار گەنجی زەحمەتکێش کەتەنها لەپێناوی بەدەستهێنانی نان و بژێوی ژیاندا ڕوویان لەپڕۆژەکانی تەلارسازی کردبوو.
بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوەتە دەنگی کرێکار، ڕووداوەکە لەپڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لەپارێزگای دهۆک ڕوویداوە. کاتێک پێنج کرێکار لەناو ئامێری بەرزکەرەوەی پڕۆژەکەدا (تایبەت بەگواستنەوەی کەرەستە و کرێکاران) سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان بوون، بەهۆی تێکچوونی تەکنیکی و پچڕانی وایەری ئامێرەکەوە، لەبەرزاییەکی زۆرەوە کەوتوونەتە خوارەوە. بەهۆی سەختی بەرکەوتنەکەوە، چوار کرێکار کەسەرجەمیان گەنجن، بەداخەوە دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، کەناسنامەکانیان بەم شێوەیەیە:
ئومێد تەحسین ــ تەمەن ١٧ ساڵ ڕەیان سەفەر ــ تەمەن ٢٤ ساڵ زیاد ئیبراهیم ــ تەمەن ٢٥ ساڵ سیزار شڤان ــ تەمەن ٢٦ ساڵ …سەبارەت بەدۆخی تەندروستی کرێکاری پێنجەم، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کەبەسەختی بریندار بووەو گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، لەئێستادا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایەو هەوڵەکان لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی بەردەوامن.
ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە کەساڵانە بەدەیان کرێکار لەپڕۆژە جیاوازەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانیدا دەبنە قوربانی چاوچنۆکیی کۆمپانیاکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان لەدابینکردنی کەرەستەی سەلامەتی، هاوكات لەبەرانبەر غیابی چاودێریی توندو سزادانی عەلەنی کۆمپانیا سەرپێچییکارەکان لەلایەن حکومەتەوە، ژیانی کرێکاران هاڕدراوەو نان و تەنانەت زیندوومانەوەشیان کراوەتە بارەمتەی بازاڕی قازانجی کۆمپانیاکان..
ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە، هێشتاش حکومەت بەشێوەی ڕاستەو خۆو لەکەناڵەکانی خۆیانەوە نەیانوویستووە ئەم تاوانکارییە کەساڵانە دووبارەو چەند بارە ئەبێتەوە، بۆڕای گشتی بڵاوبکەنەوەو ئەو کۆمپانیایانە دابخەن و ڕێگرییان لێبکەن بۆ کارکردن و ڕووبەڕووی قورسترین سزاو غرامە بکرێنەوە.


