کرێکار چ لەحەڵەب بێت و چ لەهەولێر، قوربانییە نەک تاوانبار
شاباز محمود
کاتێک سەرمایەداری جەستەی هەژاران دەکاتە نیشانە لەپەراوێزی ئەو تاوانە قێزەونانەی کەمیلیشیا ئیسلامی وچەتەکانی سەربە ئەحمەد ئەلشەرع لەدژی خەڵکی مەدەنی لەگەڕەکەکانی شێخ مەقسود وئەشرەفیەی حەلەب ئەنجامیاندا، شەپۆلێکی ڕەش وژەهراوی لەڕەگەزپەرستی ونەعرەتەی قەومی لەشاری هەولێربەڕێخراوە. ئەم شەپۆلە کەکرێکارانی سوری عەرەبی کردووەتە ئامانج، تەنها ڕەفتارێکی کۆمەڵایەتی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو بەشێکە لەو فەرهەنگە دواکەوتووانەی کەدەیەوێت شوناسی قەومی بخاتە شوێنی شوناسی چینایەتیەوە تاڕیزەکانی کرێکاران پارچەپارچە بکات.
کرێکار بێتاوانە؛ تاوانبار سیستەم وچەتەکانیەتی. ئەو کرێکارە سورییەی کەئەمڕۆ لەچێشتخانە وکافتریاکانی هەولێر سوکایەتی پێدەکرێت و لەکار دەردەکرێت، هەمان ئەو مرۆڤەیە کە بەهۆی جەنگی نوخبەکان و قەیرانی سیستەمی سەرمایەدارییەوە ئاوارە بووەو بۆ پارووە نانێک پەنای بۆ ئەمشارە هێناوە. کرێکار چ لەحەڵەب بێت و چ لەهەولێر، قوربانییە نەک تاوانبار. تاوانبار ئەو چەتانەن کە خوێنی مرۆڤ دەکەنە بازرگانی، تاوانبار ئەو فیکرە توندڕەوەیە کە دەیەوێت جەستەی هەژاران بکاتە سووتەمەنی بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی. تاوانێک کەچەتەکانی داعش و ئەلشەرع ئەنجامیانداوە، هیچ پەیوەندییەکی بەو مرۆڤە ماندووانەوە نییە کە تەنها خەمی نان و ژیانیان هەیە.
یەکیەتی چینایەتی؛ وەڵامی ئێمەیە بۆ ڕەگەزپەرستی: ئێمە بڕوامان وایە کەنیشتمانی کرێکار ئەو سەنگەرەیە کەتێیدا دژی چەوساندنەوە دەجەنگێت. کرێکاری کوردو کرێکاری عەرەبی سوری لەیەک سەنگەردان، هەردولا قوربانی هەمان سیستەمی چەوسێنەرن. بەگژیەکدا کردنی خەڵک لەسەر بنەمای نەتەوەو زمان، فێڵێکی مێژووییە بۆ لادانی سەرنج لەسەر دوژمنە ڕاستەقینەکە. پێکەوەژیانی ساڵەهای ساڵی خەڵکی کوردزمان و عەرەبزمان لەحەلەب نیشانیداوە کەجەماوەر کێشەی لەگەڵ یەکتردا نییە، بەڵکو ئەمە نوخبە سیاسی و سەربازییەکانن کە بۆ مانەوەی خۆیان پێویستییان بە ڕق و کینەو خوێن ڕشتن هەیە
ئەرکی ئێمە و بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی ئێمە وەک لایەنگری یەکسانی، ئەمڕەفتارە ڕەگەزپەرستییانە مەحکوم دەکەین. داوا دەکەین دەسەڵاتدارانی هەولێر بەئەرکی خۆیان هەستن لەدۆزینەوە ودادگایی کردنی ئەو کەسانەی سوکایەتی بەکرێکاران دەکەن وڤیدیۆی ڕەگەزپەرستانە بڵاودەکەنەوە. پێویستە هەموو ئەو کرێکارانەی لەسەرکارەکانیان دەرکراوون، بەکەرامەت و بەڕێزەوە بگەڕینرێنەوە سەر کارەکانیان. لێرەوە ڕایدەگەیەنین: هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر کرێکارێکی کۆچبەر، هێرشە بۆ سەر کەرامەتی هەموو کرێکارانی کوردستان. ئێمە ڕێگە نادەین فەرهەنگی دواکەوتووی قەومپەرستی، یەکگرتوویی ئینسانی وچینایەتیمان تێکبدات.
