Dangikrekar.com
وتار

  کرێی یەکسان بۆ کاری چونیەکی ژنان و پیاوان !

  کرێی یەکسان بۆ کاری چونیەکی ژنان و پیاوان !

 وەستا مهدی

باسی نایەکسانی بۆکاری چوونیەکی ژنان و پیاوان، تەنها یەك گۆشەی ژیانی ژنانە لەکوردستاندا، باسی حەقدەستی کرێکارانی ژنە، بەڵام ژنان بەتەنها نایەکسانیەکەیان لەحەقدەست و کرێدا ناوەستێتەوەو ئەم نایەکسانیە بەجۆرێک بەناخی ژندا ڕۆچووە تەنانەت بەشێکی زۆر لەژنان دەڵێن ژن جیاوازەو دەبێت یەکسان نەبێت لەگەڵ پیاودا. ئەم نایەکسانییە ڕیشەی ئەوەندە قوڵبووەتەوە بەشێک لەتایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگای بۆرژوازی و لەقۆناغە جیاجیاکانی کۆمەڵگای بۆرژوازیدا بەشێوەی جۆراجۆر ژنیان نایەکسان تەماشاکردوەو چەوساندنەوەی ژن لەلایەن پیاوەوە ئاسایی سەیرکراوە.

ئەم نایەکسانییە بەدرێژایی مێژوی کۆمەڵگای بەشەری لەوەتەی ئینسان درکی بەوەکردووە کە لەڕێگای خاوەنداریەتی تایبەتیەوە دەتوانێت خۆی جیاواز نیشانبدات و خۆشگوزەرانتربێت لەوانەی کە ئیمکانیاتیان نییە، چەکەرەی کردووەو هەتا ئەم چرکە ساتەش نایەکسانی لەنێوان ژن و پیاودا لەناوچین و توێژەکانی کومەڵگەی بۆرژوازی هەیەو بووەتە مایەی ئاشوب و سەرگەردانی کۆمەڵگای بەشەری و قۆناغ بەقۆناغ تەشەنەیکردوەو کۆمەڵگای لەسەر بنەمای تاکگەرایی بیناکردووە. سەرەڕای ئەوانەش، هەر بەوەشەوە نەوەستاوەتەوە، بەڵکو نایەکسانی لەسەر بنەمای ڕەگەزی نێرو مێ و ڕەش و سپی و ئاین و شوێن و جێگای نێشتەجێبون و …هتد، لەهەموو ئەو فاکتۆرانەی کەبرەو بەقازانج و بەرەژەوەندی تاک ئەدات و دەبێتە هۆی گەشەسەندنی کەڵەکەی مالیکیەتی خوسوسی و قایمکردنی دەسەڵات و دەوڵەت و حاکمیەتی چینی سەرەمایەدار. هاوکات لەگەڵ چەکەرەکردنی نایەکسانی ململانێی ئینسان لەسەر کۆتاییهێنان بەنایەکسانی بزوتنەوەیەکی جیهانگیر بووەو بەدرێژایی مێژوی کۆمەڵگای چینایەتی ئەم ململانێ چینایەتیە بەشێوەی جۆراوجۆر وجودی هەبووە.

لەهەرێمی کوردستانی ئەم گۆشەیە لەجیهان، هیچکاتێک دابڕاو نەبووە لەکۆمەڵگای بۆرژوازی و لەقۆناغە جیاجیاکانی مێژوی ئەم کۆمەڵگایەدا بەشێوازی جۆراوجۆر نایەکسانی وجودی هەبووەو مالیکیەتی خسوسی سونەتێکی باوی ئەم وڵاتە بووەو ململانێی چیناتیش ڕیشەدارو نایەکسانی نێوان ژن وپیاو برەوی پێداوە. هاوکات خەباتی بێوچانی خەڵك بۆبەدیهێنانی یەکسانی ژن و پیاو بەشێكبووە لەخەباتی خەڵکی کوردستان.

لەهەرێمی کوردستاندا، ئەگەر تەنها لەسەر نایەکسانییەکەی لەمافی کارکردن و کرێکەیەوە سەیربکەین لەم قۆناغەی ئێستادا کەسەمایەداری وەك سیستەمێکی ئابوری وسیاسی وکۆمەڵایەتی تیایدا پایەدارەو دەسەڵات لەدەستی چینی سەرمایەداردایە، دەبینین ژنان بوونەتە بەشێکی لەبەرچاو لەهێزیکارو لەزۆربەی ناوەندەکانی کاردا ژن شانبەشانی پیاو کاردەکات و لەهەوڵی ئەوەدایە کەجێگاو ڕێگای خۆی بەشێوەیەکی یەکسان لەگەڵ پیاواندا لەمەیدانە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا دیاریبکات. بەڵام ڕێگای خەباتی ژنانی کرێکار بۆکۆتاییهێنان بەنایەکسانی هێشتا بەو ئەندازەیە نییە کەلانیکەم هاوشێوەی پیاوان بەشداری هەبێت لەخەباتی بردنە پێشەوەی بزوتنەوەی کرێکاریدا، هێشتا کرێکارانی پیاویش بەئەندازەی پێویست نەیانتوانیوە وەك چینێك جێگاو ڕێگای ئابوری و کۆمەڵایەتیان دیاریبکەن و هاوسەنگی هێز بەقازانجی ئاڵوگۆڕی خۆیان ببەن.

بزوتنەوەی کرێکاری جگە لەوەی کەدەبێت خەباتبکات بۆگێڕاندنەوەی مافە یاساییەکانی لەمەیدانی کرێکاریدا، هاوکات ئەبێت گرێدراوبێت لەگەڵ بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژناندا، لەم کۆمەڵگا چینایەتیەدا بەتەنها ژنان ناتوانن مافە ئینسانیەکانیان دەستەبەر بکەن. ژن هەربەتەنها وەك کرێکارێك نایەکسان نییە، بەڵکو لەهەرچی مافە ئینسانیەکانێتی نایەکسان ڕاگیراوە. کۆمەڵگای یەکسان و بەرابەر بەمانا ڕاستەقینەکەی ئەبێت کۆمەڵگایەکی بێ چین و چەوساندنەوە بێت و ئیتر بەتەواوەتی ڕزگاری بێت لەنایەکسانی هەمەلایەنەی ئینسانەکان. دنیایەکی بێ چین و بێ چەوساندنەوە پێویستی بەگۆڕینی سەرلەبەری داب و نەریت و کاڵچەرو شکڵ و شێوەی پەیوەندیەکانی هەتا ئێستای کۆمەڵگای بورژوازیە.  ئەم ئاڵوگۆڕە ڕیشەییە تەنها بەهاتنە مەیدانی چینی کرێکار مەیسەردەبێت لەیەكبزوتنەوەی کۆمەڵایەتیدا بەئاراستەی هەنگاونان بەرەو شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار.

ئەم ئاڵوگوڕە ڕوونەدات ململانێێ چینایەتی ونایەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاویش ڕوونادات. سەرمایەداری و دەوڵەت و حوکمەتەکانیان بەندە بەمانەوەی نایەکسانی هەمەلایەنەی کۆمەڵگەی بەشەریەوە. ئەگەر بمانەوێت دنیایەکی بێ چین و چەوساندنەوە بنیات بنێین، ئەبێت لەڕیشەوە تەوای بنەما ئابوری کومەڵایەتی و سیاسەتەکانی ئەم سیستەمە هەڵبوەشێنینەوەو دنیایەکی ئاسودە بۆژیانی هەموان دابمەزرێنین. لەوانەیە ئەم قسانەی من ببێتە جێگای مشتومڕی بەشێکی زۆر لەخەڵك تەنانەت لەژنان و کرێکارانی پیاویش، بەڵام بەبڕوای من ئەمە تاکە ڕێگایە.

کرێکارێک ئەگەر تەنها بۆ١٠دەقەش بیربکاتەوەو بزانێت هەرئێستا ژیانی تەواوی بەشەریەت لەئەستۆی کام بەش لەخەڵکە، ئەو کاتەش دەتوانێت بریاربدات لەسەر ڕاست و دروستی ئەوەی کەتەنها چینی کرێکار دەتوانێت ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی دروستبکات. کەسێك کرێکار بێت یان نا ژن بێت یان پیاو باسەیری باڵای خۆی بکات و بزانێت لەتەپڵی سەریەوە هەتا نوکی قاچی کەداپوشراوە بەپۆشاک، بەرهەمی دەستی کێیە؟ کاتێك دەچێتە سەرسفرەی نانخواردن و سەیری جۆری خۆراکەکان دەکات، بیربکاتەوە بزانێت بەرهەمی دەستی کێیە؟ کاتێك دەچێتە بازاڕ سەرنج بدات و بزانێت ئەوهەموو پێداویستیانە لەکوێوە هاتووەو بەرهەمی دەستی کێیە؟ با سەرێک بەرزبکاتەوەو بزانێت ئەو هەموکۆشک و تەلارو ئاپارتمانە هەوربڕە سەرنجڕاکێشەرانە بەدەستی کێ دروستئەکرێت؟ ئینجا دەزانێت جێگای چینی کرێکارلەم کۆمەڵگایەدا چییە ودەبێت لەکوێدابێت. کەواتە مادام چینی کرێکار توانای پەیداکردنی بژێوی ژیانی تەواوی کۆمەڵگای بەشەری هەبێت و هەموو ئەو نیعمەتە مەزنانە بەرهەم ئەهێنیت لەپێناوی ژیان و زیندوو مانەوەی ئینساندا، ئەوا بێگومان توانای ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی هەیە ئەگەر ئیرادەیەک بنوێنیت لەمەیدانی چینایەتی خۆیاندا. ئەوە تەنهاو هەر بەتەنها چینی کرێکارە کەدەتوانێت کۆتایی بەنایەکسانی هەمەلایەنەی ژن وپیاو بهێنێت و کۆمەڵگاش ڕزگار بکات لەم ناعەدالەتی و جەنگ و خوێنڕشتن و بێکاری و هەموو میحنەتە قوڵەکانی هەتا ئێستای کۆمەڵگا

Related posts

دوزخورماتوو ئە ندا زیارێک توو شی روداوی کار بوو.

Dangi Krekar

بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی شوێنی کارەوە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون ڕادەگیرێت!

Dangi Krekar

لەکاتی کارکردن سێ کرێکار بەرتەزوی کارەبا کەوتن لەئاکامدا دوان لەکرێکارەکان گیانیان لەدەستدا

Dangi Krekar

Leave a Comment