Dangikrekar.com
هەواڵ

ناڕەزایەتیە جەماوەری و کرێکارییەکان، بۆ خواستی باشکردنی ژیان و خزمەتگوزاریەکان بەردەوامە!

ناڕەزایەتیە جەماوەری و کرێکارییەکان، بۆ خواستی باشکردنی ژیان و خزمەتگوزاریەکان بەردەوامە!

    دەنگی کرێکار

لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، هاوڵاتیانی کوردستان بەمەبەستی باشکردنی دۆخی کارو ژیانیان و بەدەستهێنانی خزمەتگوزاری وڕاوەستانەوە بەرامبەر بەوبڕیارانەی حکومەت ودەزگا ئیداریەکان کەلەدژی چینو تویژەکان گرتویەتیەبەر، بەشێوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیان دەربڕی..ئەمەی خوارەوە کورتە هەواڵی ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەرییانەیە:

هەڵەبجەی شەهید: شارەوانی یەک هەفتە مۆڵەت ئەدات  بەعارەبانچی و دەستگێڕەکانی شارەکە!

بەرواری ٦/٨/٢٠٢٤ سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە لەڕێگای نوسراوێکی فەرمیەوە کەئاراستەی دەستگێڕو عارەبانەچیەکانی ناوبازاڕی شار دەکات، مۆڵەتی یەک هەفتەیان ئەداتێ  هەتا بگوێزنەوە بۆئەو شوێنانەی کەبۆیان دیاریکراوە. لەنووسراوەکەدا ئاگاداریان دەکاتەوە، کەئەگەر بەپێچەوانەوە پابەندی بڕیارەکە نەبن، ڕێکاری یاسایی لەدژیان دەگیرێتە بەر.

کەرکوک: دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی کەرکووک گردبوونەوە

بەرواری ٧/٨/٢٠٢٤ بەشە پزیشکیەکان لەکەرکوک گردبوونەوەیەکیان ئەنجامداو داوای دامەزراندن ئەکەن. یەکێک لەو دەرچوانە دەڵێت، هەر دەبێت تەعینمان بکەن، چونکە ئەو بڕیاری ٢٠٠٦ کەتایبەتە بەدامەزراندن بۆ بەشی پزیشکی ددان، ئێمەش مافی خۆمانەو بەردەوامیش ئەبین هەتا جێبەجێکردنی مافەکانمان.

هەر لەکەرکوک دەیان پاسەوانی قوتابخانەکانی شاری کەرکوک لەبەردەم پەروەردەی کەرکوکدا خۆپیشاندێکیان ئەنجامدا بەمەبەستی بەگرێبەستکردنی مووچەکانیان. ئەوان زیاتر لە ١١ ساڵە وەک پاسەوانی قوتابخانەکان کاریانکردووە، بەڵام  حکومەت کەمتەرخەم بووە لە بەگرێبەستکردنی ئەوان.. یەکێک لەپاسەوان ووتی: بۆچی لەحاڵەتی نەخوازراودا پەروەردە لێکۆڵینەوەمان لەگەڵدا دەکات، کەچی مافمان وەک پێویست پێنادات.

گەرمیان:گرێبەستەکانی گەرمیان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا!

بەرواری ١١/٨/ ٢٠٢٤ژمارەیەکی بەرچاو لەکارمەندانی گرێبەستی گەرمیان لەبەدەم قائیمقامیەتی کەلاردا گردبوونەوەیەکیان ئەنجامداو داوای بەهەمیشەیی گرێبەستەکانیان دەکەن. ئەوان دەڵێن ئێمە مافی خۆمانە کەبکرێین بەهەمیشەیی و زۆرینەمان چەندین ساڵە بەئاواتی بەهەمیشەیی کردنیان ڕۆژو مانگ ئەژمێرن. هەربۆیە ڕووی داوای ڕەوامان ئەکەینە حکومەتی هەرێم هەرچی زووترە ئاوڕێکمان لێبداتەوە لەپێناوی چارەنوسماندا

هەولێر:بڕیاری ڕاگرتنی داگیرکارییەکانی سنورەکەمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەبێت!

بەرواری ١٣/٨/٢٠٢٤ دانیشتوانی گوندی کۆری لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامێکیان ئاراستەی ڕایگشتی خەڵکی کوردستان و حکومەت و دەسەڵاتدارانکرد بەهۆی داگیرکاری و تەجاوزو سنورشکاندنەکانی سنوری گوندەکەیانەوە لەلایەن کۆمپانیای گوندی ئیسپانیەوە لەهەولێر. بۆ ئەم مەبەستە، بەرواری ١٠/٨/٢٠٢٤ چوونەتە دیوانی پارێزگاری هەولێرو لەگەڵ هەریەکە لەجێگری پارێزگارو بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان و سەرۆکی شارەوانی دانیشتنێکیان کردووەو بەڕاشکاوی پێیان ووتوون کەدەروازەی گوندەکەیان نابێت بمێنێت کە١٨ مەتر پانی لەخۆدەگرێت و بەم هۆیەوە سیمای گوندەکەو ڕێگای سەرەکی چوون و هاتن لەگوندەکە تێکئەدات بەسەریەکدا، ئەمە لەکاتێکدایە دەروازەو کۆڵان و شەقامی گوندەکە لەلایەن دانیشتوانی گوندەکە خۆیانەوە دروستکراوە. داگیرکردنی ئەم زەوییە کەدرێژی و پانتایی زۆری هەیە بەنیازە کۆمپانیای گوندی ئیسپانی بیکات بەپڕۆژەی بازرگانی کەبەهۆیەوە شوێنی خەزانی ئاوو وێستگەی کارەبای گوندەکەیان تێکئەچێت. بۆیە بەناچاری ئیمزای ١٥٠٠ ماڵ دەگەیەننە سەرۆکایەتی حکومەت و ئەوانیش بەرواری ١٤/٨/٢٠٢٤ بەبڕیارێک ئەو بڕیارانە ڕادەگرن کەدەبێتە هۆی تێکدانی شەقام و سنورەکانی گوندی کۆری.

لەدواییدا نوێنەری گوندی کۆری پەیامێکیدا بەکۆمپانیای گوندی ئیسپانی کە لێگەڕێن با ئەو خەڵکە هەژارە بتوانن ژیانی خۆیان بکەن و داگیرکارییەکانی بوەستێنیت، ئەگینا ناچار ئەبین خۆپیشاندانەکانمان بگۆازینەوە بۆ شەقامی ١٥٠مەتری و ناو گوندەکەی ئەوان. هەروەها داوا لەحکومەت دەکەن لەماوەی دە ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری یەکلاییکەرەوە لەقازانجی ئێمە بدات و بڕیاری ڕاگرتنی داگیرکارییەکانی کۆمپانیای ئیسپانی تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەبێت و بێنە سەرخەت و گومانی ئێمەش بڕەوێننەوە. ئێمە بەهەموو هێزی خۆمانەوە ناهێڵین لەسەر ئێمەی هەژاران و فەقیر، ئەوان خۆیان دەوڵەمەند بکەن.

کەلار: فەرمانگەی دادنوسی کەلارو ڕزگاری، ماندەگرن!

هەردوو فەرمانگەی دادنوسی کەلارو ڕزگاری مانیان لەدەوامکردن ڕاگەیاند بەهۆی ڕاگرتن و پێنەدانی مووچەکانیانەوە. کارمەندەکانی هەردوو فەرمانگەکە بڕیاریانداوە هەرکاتێک مووچەکەیان وەرگرت ٣٠ ڕۆژ دەژمێرن و ئەگەر هەتا کۆتایی ئەو ٣٠ ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرت ئەوا دیسانەوە مانگرتن بۆمووچە دەستپێدەکاتەوە.

هەولێر: بەهۆی نەبونی ئاوەوە، هاوڵاتیانی چەند گەڕەکێک، گربونەوەیەکیان سازدا!

بەرواری ٢٤/٨/٢٠٢٤ هاوڵاتیانی چەندین گەڕەک و بەتایبەتی گەڕەکی تۆپزاوای هەولێر لەسەر نەبوونی ئاو گردبوونەوەیەکیان سازداو بەم هۆیەوە بەشێك لەڕێگای هەولێر-كەركوکیان داخست. خەڵکی گەڕەکی تۆپزاوا دەڵێن: لە ڕۆژی ١ی حوزەیرانەوە هەتا ئەمڕۆ، کە دەکاتە زیاتر لە ٨٠ ڕۆژ گەڕەکەکەیان ئاوی نییە، چەندینجار چووینەتە لای بەرپرسانی پارێزگای هەولێر بەڵام وەڵام نادەنەوە، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، ئەوا خۆپیشاندانی گەورەتر ئەنجام دەدەین. هەروەها دەڵێن: ئەم گەڕەکە نزیکەی ٢٠٠ ماڵ دەبێت، سێ ڕۆژ جارێک تانکەرێک ئاو دەکڕین بە ٢٠ هەتا ٢٥ هەزار دینار، کۆی گشتی ماڵەکان تەنها لەسەر یەک بیرەو داوا لە حکومەت دەکەین ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.

 

 

 

Related posts

بانگەواز بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەکۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە فەلەستین، ٢٩ی نۆڤێمبەر

Dangi Krekar

کرێکارێکی کارگەی بۆری پلاستیکی بازیان، لەبارەی دۆخی کرێکارنی کارگەکەوە بۆ بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار دەدوێ

Dangi Krekar

سەرژمێری، زیان بەکرێکاران دەگەیەنێت!

Dangi Krekar

Leave a Comment