“خەڵك ئەڵێت دەست بەکڵاوەکەتەوە بگرە با نەیبا، بۆیە خاوەنکار هیچ منەتی پێمان نییە! ”
چاوپێکەوتنی دەنگی کرێکار لەگەڵ کرێکارێکی کارگەیەکدا
ئامادەکردنی/ مەحمود حەلاق
کرێکارێک کەنەیوویست ناوی ببەین، لەچاوپێکەوتنێکیدا بۆ دەنگی کرێکار لەسەر کێشە تایبەتیەکانی خۆیان دواو بەمجۆرەی لای خوارەوە وەڵامی بەپرسیارێکی ئێمە دایەوە:
دەنگی کرێکار: سڵاوت لێبێت، دەنگوباستان چۆنە لەگەڵ کارکردنداو لەناو کارگەکەتاندا.. بەگشتی کێشەکانتان چیە؟ ئایا لەکاتی ئیسراحەت و لەکاتی نانخواردنی نیوەڕۆدا، یان لەڕێستەکاندا چ باسێک لەنێوانتاندا گەرمە؟ زیاتر باس و بابەتەکان لەنێو کرێکاراندا لەسەر چیە؟
کرێکارەکە: زۆر سوپاس بۆئێوەو ڕۆژنامەکەمان..
من بەعەقد کارئەکەم. لائێمە هەندێک کێشە هەیەو زوڵمی زۆر دەکرێت، بۆنمونە کەسێك بڕوانامەی ئەندازیاری هەیە، کەچی هیچ حساب بۆبروانامەکەی ناکەن. من ماوەی ٥ساڵە لەبەشەکەی خۆم ئیش دەکەم، تازە بەتازە وا بۆچەند مانگێک ئەبێت ئینجا بڕوانامەکەیان بۆحسابکردووم ئەویش بەهەزار منەت. خەڵکی زۆریش بڕوانامەی تایبەت بەوکارەی هەیە، بروانامەی بەرزی هەیەو لەگەڵ کرێکارێکدا کاردەکات کەهیچ بروانامەكی نییە، وەیان بڕوانامەی پەیمانگایەکی پێیە، یەعنی کێشەکەمان ئەوەیە هیچ گرنگی بەبڕوانامە نادرێت.
خاوەنکارو کۆمپانیاو کارگەکان، ئەوکەسانەیان پێباشە کە هیچ قسەیەکی نەبێت و بێدەنگ کاری خۆی بکات، بەزۆری ئەوان پلەکانیان بەرزدەکرێتەوە نەك ئەوانەی شارەزاتر بێت یان قسەو بۆڵەیەک، یان ناڕەزایەتیەکی هەبێت، حەزیان لەوجۆرە کەسانە نییە کەچاوکراوەو هەروا ئاسان زوڵم قبوڵنەکات، حەزیان لەکەسێكە هەرئیشەکەی خۆی بکات، ئیتر بڕوانامەیان پێگرنگ نیەو ئەوئیشەی پێدەدەن ئەگەرهەڵەشی تێدا بێت گرنگ نییە تەنها بەبێدەنگ ئەنجامی بدات و هیچ نقاشێکیان لەگەڵدا نەکات. زۆبەی بەشەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کەپڕۆدەکشنن و لەناو ئینتاجدا ئیش دەکەن، ڕێستەکانیان دەکەن بە٤٥ دەقیقە، ئیتر بەو ٤٥ دەقەیە بەسەریعی ئەبێت نانبخۆن و یەکسەر بچنەوە سەرئیشەکانیان.
کارمەندکانیش لەبەشەکانی تر، نزیکەی ساڵونێوێك دەبێت لەوێ کاردەکەن و بەردەوامیش بەبێدابڕان، زۆری تریش هەن نەك کەسێک ودوان، بگرە زۆر زیاتر هێشتا هەروەك کرێکارێکی کاتی هەژمارەو هیچی بۆنەکراوە، ئیتر هەر دەستی دەستیەو ئەمڕۆناسبەیەو هیچیان بۆناکەن، واتە گرێبەست نین.
کێشەیەکی تریش ئەوەیە، ئۆڤەرتایمەکان کاتیکاری زیادەمان پێدەکەن لەسەر بنەمای موچەی ئیسمی بۆمان حساب ناکەن، بۆنمونە: کەسێك ملیۆنێک زیاتر ئیسمیەکەیەتی، کۆی موچەکەی بەختورەو هەموشتێکەوە مانگانە بڕێک زیاتر لەملیۆنێک وەردەگرێت و تەقریبەن ٥٠ هەزارێکیش دەخەنە بری زەمان. ئەگەر کرێکارێک ئیسمیەکەی ٦٠٠هەزار بێت، ئەوا ئۆڤەرتایمەکەی لەسەر بنەمای ئەو٦٠٠هەزارە بۆی هەژمار دەکەن، یەعنی بۆهەرسەعاتێکی ئیزافە نزیکەی ٣هەزاردینارو حەوت سەدو پەنجا هەزار هەژمار دەکەن.
کرێکاریش هەیە لەم ڕێژەیە کەمترە، ئەوان ٤٧٥ هەزار وەردەگرن ئەمە لەکاتێکدا ئەوانەی کەمتر وەردەگرن ماوەیەکی زۆریشە ئیشدەکەن نزیك ٦ساڵەو ئیسمیەکانیان ٤٧٥ هەزارە، بەڵام موچە ڕەسمیەکەیان دەگاتە ملیۆنێك، کەچی لەکاتی ئۆڤەرتایمدا ئەوان کەمترن لەهەندێك کەتازە تەعینن، ئیتر هەریەکەو بەجۆرێكە.. یەعنی ئەوەی ئیسمیەکەی ٤٧٥ هەزاربێت سەعاتە زیادەکانی ٣هەزاری بۆحساب دەکەن بەڵام ئەگەر ڕەسیدت نەبێت لەمانگێکدا، ١٤سەعاتە. ئەگەر خزمەتەکەت گەیشتە ٦ساڵ بۆتدەکەن بە١٦سەعات، واتە لەماوەی مانگێدا دورۆژ، ئەگەر سەفەرێك بکەیت بۆماوەی ٧ ڕۆژ تۆ ٥ ڕۆژ ڕەسیدت هەیە، دوو ڕۆژەکەی لەسەر مەعاشەکە لێت ببرێت، ئەوکاتە لەموچەکەت دەبڕن لەسەر موچە ڕەسمیەکە لێت دەبردرێت و بڕە پارەیەکی زۆرت لێدەبرن، ناچن لەموچەی بنەڕەتیەکە، واتە ئیسمیەکە ببڕن. کاتێك ئۆڤەرتایم کاردەکەیت، لەسەر ئیسمیەکە حسابی دەکەن..
کێشەیەکی تر کەهەیە، ئەوەی خۆیان نەیانەوێت کێشەی بۆدروستدەکەن و ئیزنی ئەدەن. کێشەیەکی ترمان ئەوەیە، هەندێک کومپانیا پشکی وەبەرهێنی خارجی تێدایە کەجیاوازییان دروستکردوە لەنێوان کرێکاری ناوخۆۆ کرێکاری دەرەوەی هەرێم و هیچ پلە بەرزکردنەوەیەك بۆکرێکاری ناوخۆ نییە هەتا هی دەرەوە وەستابێت، مەگەر کەسێك لەسەرەتای دامەزراندنی کارگەوە لەوێ بێت ئینجا کەمێك ئاوری لێبدەنەوەو پلەی بەرزبکرێتەوە، ئەگەرنا هیچ حساب بۆکوردەکان ناکەن. ئەچن کرێکارێکی خارجێ دەهێنن هیچ نازانێت و کوردەکە فێری دەکات و دواتر دەیکەنە سۆپەرفایزەر بەسەر کوردەکانەوەو دەبێتە مودیر بەسەریانەوە، ئەم حاڵەتە لەزۆربەی بەشەکاندا هەیە، ئیتر کوردەکەش لەناچاریدا دێت ئەوئیشەئەکات، هاوکات جیاوازی موچەش هەیە لەنێوان کرێکاری خۆماڵی و ئەوانە کە لەدەرەوەی هەرێم دەیانهێنن.
دەنگی کرێکار: شتێکی ترت ماوە کەباسیبکەیت؟ ئێمە سوپاسگوزارین کەئامادەییت دەربڕی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەمان..هیوای سەلامەتیتان ئەخوازین؟
کرێکارەکە: دەستان خۆش بێت، ئەوانەی باسمکرد شتێکی زۆر کەمن لەوکێشانەی کەهەمانە زۆر زوڵم وناعەدالەتی هەیە، بەڵام بەشێکی هەرەزوری کرێکاران ئەڵێن دەستبگرە بەکڵاوەکەتەوە با بانەیبات، بۆنمونە ئێستا من بچم داوا لەدوو کرێکاری تر بکەم و بڵێم باداوای ئۆڤەرتایمی تەواوی خۆمان بکەین، حەقی خۆمان وەرگرین خۆی کەلەڕاستیدا ئۆڤەرتایم ئەبێت دەبڵ بۆت حسابکرێت، کەچی بۆئێمە سەعاتی سێ هەزارە. بەڵام بەداخەوە ئامادە نین لەگەڵتدا بن، ئەم ترس و پەرتەوازەییەی ئێمەی کرێکاران ڕاستەوخۆ لەسەر خۆمان خراپتر شکاوەتەوەو خۆیشمان زەریبەکەی ئەدەین.. ئاخر چۆن دەست بەکڵاوەکەمەوە بگرم هەتا بانەیبا! هەتا کرێکار بەمجۆرە بێت ، دەبێت وەکو کۆیلەی خاوەنکار بمێنێتەوەو خاوەنکار هیچ منەتی پێمان نییە. بەڵام لەلایەکی تریشەوە بێمووچەیی خەڵک و نەبوونی ئیش و کارێکی گونجاو، بوونی بەتاڵەیەکی زۆر، دەستی کرێکارانی گرتووەو لەترسی بێکاربوون ناچارە ملبدات بەو زوڵمەی کەلێیدەکرێت، چونکە لەدەرگای دەرەوە دەیان سیڤی لەنوسینگەکانیاندا هەیەو داوای کاردەکەن لەجێگای ئێمە دایاندەنێن.
