ڕۆژی جیهانی و خەبات لەدژی کارپێکردن بە مناڵان!
کارکردن بەمناڵان نیشانەیەکە لەنیزامی کۆیلەیەتی کاری بەکرێ. ڕێکخراوی کاری جیهانی لەساڵی ٢٠٠٣ وە ڕۆژی ١٢ی حوزەیرانی وەک “ڕۆژێکی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاری منالان” ڕاگەیاندوە تا سەرنجی ڕای گشتی بۆ سەر ئەم دیاردەیە ڕابکێشێت. بەم بۆنەیەشەوە هەموساڵێک چالاکی جۆراوجۆر دەکرێ و زمانی ڕاگەیاندنەکانی سەر بەچینی دەسەڵاتدار، دەکرێتەوەو دەستدەکەن بەبانگەشە وپروپاگەندە کردن. بەڵام ئەوە خێزانە کرێکاریەکانە کەهەموو جارێک دەلێن: “خۆزگەمان بەساڵی پار”!، چونکە هەرساڵێک کەدێت و دەڕوا دامێنی تاوانەکان، ستەم وتوندوتیژی لەسەر ژنان، کاری مناڵان، فراوان بوونەوەی ماددەهۆشبەرەکان، هەژاری و کەم خۆراکی وجەنگو نائارامی تادێت ڕوو لەسەر دەکات. لەم سەدەیەی بیستو یەکەمدا، کاتێک گوێبیستی ئەوە دەبین کە ١٥٦ بۆ ١٦٠ ملیۆن منداڵ ناچار کرابن بەکارکردن، ئیتر چ ڕاستیەک لەپشت بانگەشەی دەوڵەتان و ئەو نیزامە دەهێڵێتەوە، کەکرێکاران تێدا ناچان بۆ دابینکردنی بژێوی ڕۆژانەیان کاربکەن!.
کۆیلەیەتی مناڵان گۆشەیەکە لە نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری، کەچارەنوسی کۆمەڵگای بەشەری لەدەستدایە. لەنیزامێکی ئاوادایە کەکارپێکردن بەمناڵان بۆتە سەرچاوەیەک بۆ کۆکردنەوەی قازانج وکەلەکەی سەرمایە. لەپاڵ ئەمەشدا، کویلەکردنی مناڵ، دەستدرێژی سێکسی بۆ سەریان، تا قاچاغچیتی کردن بەمناڵەوە، بەکارهێنانی مناڵ لەبری قەرزی خێزان، چەکدارکردنی مناڵان لە سوپاو میلیشای حزبی وحکومەتیدا، ئەمانەو دەیان مامەڵەی دزێۆی تر کەڕووبەڕووی مناڵان دەبنەوە، هەمووی بەبەرچاوی ڕێکخراوە جیهانیەکان و ڕێکخراوی کاری جیهانیەوە وبەبەرچاوی دەوڵەتانەوە ئەنجام دەرێ و هیچ کاتێکیش ڕاناوەستێ، هەربۆیە نابێ کرێکاران هیچ چاوەڕوانیەکانیان لەم جۆرە بۆنانەو بانگەشەکەرانی هەبێ. مادام سەرمایەداری زاڵەو چینی دەسەڵاتدار چاوی لەقازانج و کەڵەکەی سەرمایەیە، نەک هەرتەنها مناڵان، بەڵکو سەرنجەم کۆمەڵگای بەشەری لەگەڵ دەیان دەردو بەڵاو وستەم وچەوسانەوەدا بەرەوڕوو دەبێتەوە. کەوایە دەرکێشانی مناڵان لەکارپێکردن وهەرجۆرە مامەڵەیەکی نائینسانیانە و بەهرەمەند بوونیان بە ژیانێکی ئارامو ئاسودە وخۆشگوزەران تەنها بەخەبات لەدژی ئەم نیزامەو دەسەڵاتەکەیەوە گرێی خواردوە.