ڕاگەیاندنی دەنگی کرێکار سەبارەت بە کەیسی ١٠کرێکاری کارخانەی گرین عێراق و بڕیاری دادگای کاری سلێمانی!!
سەرەتای مانگی٢٠٢٣/٣کرێکارانی بەشی بەرهەم هێنان لەکارگەی گرین عێراق لەسنوری قەزای بازیاندا بۆ داوای مافەکانیان لە یاداشت نامەیەکی ١٢خاڵیدا لە ڕێگای دوو نوێنەرەوە ئاراستەی ئیداری کارگە دەکەن وداوا دەکەن کە بەزوترین کات وەڵامیان بدەنەوە، بەڵام بەرێوەبەراتی کارگەی گرین لەجیاتی ئەوەی وەڵامیان بداتەوە، دوای چەند سەعات بەتەلەفون هەردوو نوێنەرەکە ئاگادار دەکەنەوە وپێیان ڕادەگەیەنن کە لەسەر کارەکایان فەسڵ کراون.
ئەم هەواڵە کرێکارانی بەشی بەرهەمهێنانی توڕەو نیگەران دەکات، بەم هۆیەوە کرێکارانیش سەر لەبەیانی ڕۆژی دوایی ڕێکەوتی شەممە بەرواری ٤/٣ مانگرتنیان ڕاگەیاند ونەچوونەوە بۆ سەر کارەکانیان. ئەمە لەکاتێکدا بوو کەبەشی کارگێڕی کارگە لەئاگاداری نامەیەکدا لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵاتیەکانەوە کرێکارانی ئاگادار کردبوەوە کە کارگێری کارگەی گرین دەیەوێت پێزانینی خۆی بۆ سەرجەم کرێکارانی کارگەو بەشی بەرهەمهێنان ڕابگەێنێت، هاوکاتیش هەموو ئەو هەوڵ وکۆششانەی کرێکاران بەرز دەنرخێنێت.
لەبەشێکی ئاگاداری نامەکەی کارگەی گریندا دەڵێت: زۆربەی ئەو داواکاریانەی لەنوسراوەکەتاندا هاتووە، پێشتر باسکراوە لەسەر مێزی گفتوگۆ کەهەفتەی پێشوو بەڕێوەچووەو بەنوسراوێکیش بەهەر دوو زمانی عەرەبی و کوردی بڵاوکراوەتەوە لەسەر تەختەی ئیعلاناتی کارگەدا.. لەبەشێکی تری ئاگاداری نامەکەدا هاتبوو کەدەڵێت: کارگە درێغی ناکات لەمامەڵە کردن بەتووندی لەگەڵ هەر سەرپێچیەك یان هەر زیانێك کەبەر بەرژەوەندی کارگەو کارمەندەکانی بکەوێت بەپێی یاسا کارپێکراوەکان وڕێسا پەسەند کراوەکان. هەر لەو ئاگاداری نامەیەدا هاتووە کەدەڵێت: کارگە پابەندی خۆی بەو گرێبەستانەوە ڕادەگەیەنێت کە لەگەڵ کرێکاراندا واژۆکراوە..
کرێکاران لەدوا بڕیاری خۆیاندا لە کۆبوونەوەی گشتیداو لەبەردەم بەشێک لەمیدیاکاندا، پێداگر بوون لەسەر:
١/ گێڕاندنەوەی هەردوو نوێنەری لەسەر کار دەرکراو بۆ سەر کارەکانیان.
٢/ بەشێک لەبەڕێوەبەرو سوپەرفایزەرەکان بەتەواوی دوور بخرێنەوە لەکارگە، ئەوکاتە مانگرتنەکەیان کۆتایی پێ دەهێنن.
دوای کۆتاییهێنان بەم ناڕەزایەتیە، ئیدارەی کارگەی گرین بەپاساوی بێبنەمای دەرنەچوون لەتێسدا بەناڕەوا ژمارەیەك لەکرێکارانی لەسەر کار دوور خستەوە کەزۆرینەی کرێکارەکان ماوەی کارکردنیان لەو کارگەیەدا هیچی لەشەش مانگ کەمتر نەبووەو هەیانە ماوەی کارکردنیان زیاتر لەساڵ ونیوێکە لەکارگەی ناوبراودا. دەرکردنیان بەهۆی مانگرتنەو بووکە ئاماژەمان پێکرد، کە کرێکاران لەچەند داوایەکیاندا خواستی باشترکردنی هەل و مەرجی کارو موچەو داواکاری زۆر سادەبوو.
دەنگی کرێکارو گروپی پارێزەرانی دەنگی کرێکار لەسەر ئەم زوڵمە هاتنە دەنگو وەفدێکیان لەکرێکارانی دورخراوە لەسەر کارەکانیان سازکردو لەگەڵ وەفدی گروپی دەنگی کرێکار ڕوداوەکانی ئەم قەزەیەیەیان گەیاندە وەزیری کار لەهەولێر، وەزیری کاریش لەو قەزەیەیە ئاگادار بووەو ئەمری کرد بە هۆبەی کاری سەر بەوەزارەتی کار لەبەڕێوەبەرایەتی کاروباری سلێمانی، باشترین پارێزەیان بۆ دابین بکاتو بەزووترین کات بەوەکالەتی کرێکارانی دورخراوە لەکار داوا لەسەر کارخانەی گرین تۆمار بکات، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی کار نەیانتوانی ئەو کارە ئەنجام بدات، بۆیە دەنگی کرێکار لەڕێگای تیمی پارێزەرانی خۆیەوە چوونە دادگاو داوانامەی ١٠کرێکاریان لەسەر کارخانەی گرین تۆمارکردو دادگای کاریش لەچەند دانیشتنی داو بەپێی ئەحکامەکانی مادەی ١٢٩یاسای کاری بەرکاری ژمارە ٧١ی ساڵی١٩٨٧ بڕیاریدا کرێکاران بگەڕێندرێنەوە سەرکارەکانیان مووچەی ئەو چەند مانگەش کە دەرکراوون بگەڕێنرێتەوە بۆیان و بەشداری زەمانەکەشیان لەلایەن کارگەوە بۆ بدرێت.
کەیسی ئەم ئەم کرێکارانە پێمان دەڵێت کەکرێکارانی کوردستان چیتر نابێت لەهەڕەشەی دەرکردن لەسەرکار بترسن و هەر خاوەنکارێك بەناحەق کرێکار لەسەکار دوربخاتەوە یان موستەحەقاتی موچەی نەداتێ یان مافی ڕێکخراوبوونی پێنەدا ئەوە کرێکاران ڕێگای دادگایی دەگرنە بەرو بەخەباتی یەکگرتوانەو هوشیارانەی خۆیان وسوربوون لەسەر داواکانیان دەتوانن لەبەرامبەر هەڕ بڕیارێکی ناهەقی خاوەن کۆمپانیاکاندا ڕابوەستن و ڕێگە نەدەن لەسەر کارەکانیان دەربکرێن وداخوازیەکانیان بخرێتە ژێر پێوە..
ئێمەش وەك بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار هەمیشە لەڕیزی پێشەوەی خەباتی کرێکاراندا ڕاوەستاووین و بەوپەری تواناوە تێدەکۆشێن کە تەواوی ڕێگرییەکانی بەردەم ماف وبەرژەوەندیەکانی کرێکاران لاببەین بەهەر ڕێگایەك بۆمان بکرێت.. سەرکەوتوبێت خەباتی کرێکاران لەپێناوی دەستەبەرکردنی مافە بەرحەقەکانیان.
دەنگی کرێکار ٢٠٢٤/٢/١٩