کەی دادپەروەری بۆ کارمەندانی پاسەوانی و سیکۆریتی دابین دەکرێت؟
دەنگی کرێکار
ئەمەی خوارەوە نامەی کارمەندێکی سیکۆریتییە کە بۆ ڕۆژنامەی دەنگی کرێکاری ناردووە. نامەی گەنجێکە کە وەک هەزاران گەنجی ئەم وڵاتە بەهۆی بێکارییەوە ناچار بووە بەمەرجە سەختەکانی کۆمپانیا ئەهلییەکانی پاسەوانی ڕازی بێت. ئێمە لەدەنگی کرێکارەوە پێش ئەوەی دەقی نامەی ئەم هاوڕێیە بڵاو بکەینەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبازاڕی کاردا لەبەردەستماندایە، ئەم پرسیارانە ئاراستەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین: یەکەم:کەی وەزارەتیکار بەجددی دێتە سەر هێڵ بۆ دەستەبەرکردنی سەرجەم کارمەندانی سیکۆریتی؟ لەکاتێکدا دەستەبەرکردن لەزۆربەی کۆمپانیاکاندا بەتەواوی پشتگوێ خراوەو تەنها کراوەتە دیاری بۆ ئەو کارمەندانەی کە لەکۆمپانیاکانەوە هەڵدەبژێردرێن یان ناسیاوو دەستڕۆیشتوویان هەیە!جگە لەتاکوتەرایەکی وەک کۆمپانیای(تالون) کەمووچەیان ٥٠٠ هەزارەو مانگانە ٢٥ هەزاریان بۆ دەستەبەری لێ دەبڕن، بۆچی زۆربەی هەرە زۆری کۆمپانیاکانی تر کارمەندەکانیان هیچ دەستەبەرییەکیان نییەو لەم مافە سەرەتاییە بێبەشکراون؟ دووەم:کاتێک یاسا بڕی کەمترین مووچەی بە ٤٥٠ هەزار دینار دیاریکردووە، بۆچی ئەم بڕیارە بەسەر کۆمپانیاکانی سیکۆریتیدا جێبەجێ ناكرێت؟ لەکاتێکدا زۆربەی سیکۆریتییەکان تەنها ٤٠٠ هەزار دینار وەردەگرن و خەرجیی خواردن و هاتووچۆش لەسەر حسابی بژێویی کەمی کارمەندەکەیە! تەنانەت لەو شوێنانەی پێویستیان بەچاودێریی وردو مەترسیدار هەیە (وەک نایت کڵاپەکان) کەمووچەکە دەگاتە ٥٠٠ هەزارو زیاتر، هێشتا پارەی مەترسیی کارەکەیان پێ نادرێت؟ · سێیەم:دەنگۆیەک هەیە کەکۆی کارمەندانی سیکۆریتی لەچوارچێوەی ئیدارەی گشتیدا بەناوی (داهۆڵ) ڕێک دەخرێن و بڕیار وایە ساڵی ئاینده مووچەی هیچ کارمەندێک لە ٥٠٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت،ئایا وەزارەتیکارو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری ئەم پرۆسەیەن؟ ئایا ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی دابینکردنی فەرمیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و مافی یاسایی بۆ هەموو سیکۆریتییەکان، یان تەنها کۆنترۆڵکردنی زیاتری ئەم کەرتەیە؟ چوارەم:چۆن ڕێگا دەدرێت ئەم کۆمپانیایانە لەپێناوی قازانجی زیاترو بەکۆیلەکردنی کرێکاراندا، بڕگەی وا زاڵمانە لەگرێبەستەکانیاندا بنووسن کەلەناو نامەی ئەو کرێکارەدا هاتووە، کەدەڵێت: لەکاتی حەرەسیاتدا هەرچییەک بەسەر کارمەندەکەدا بێت کۆمپانیا بەرپرس نییە؟ ئایا ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسایکارو قۆستنەوەی بێکاریی گەنجان نییە؟ پێنجەم:کاتێک کارمەندێک داوای دەستەبەرو مافی یاسایی خۆی دەکات، بۆچی لەلایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیاوە بانگ دەکرێت بۆ چاوترساندنو دواتریش بەبەڵێنی درۆ مانگ لەدوای مانگ دوا دەخرێت؟ ئایا لیژنەکانی پشکنینی وەزارەتی کار ئاگاداری ئەم پێشێلکارییانەن؟ دەقی نامەی کارمەندەکەی سیکۆریتی وەکو خۆی بۆ دەنگی کرێکار سڵاو بەڕێزەکەم، دەستان خۆشبێت. تکایە باسی دەستەبەری بکەن لەڕادیۆو بەنوسراوویش. کارێکی زۆر باشە لەشتان ساخبێت، چونکە تائێستاش زۆرێک لەگەنج ئاگایان لەگرنگی ئەو دەستەبەرەنیە، وە بەشێکیشیان باوەڕیان پێنیە، وە گرێبەستەکەش لای کۆمپانیای حەرەسیەکەیە، کەلەچەند خاڵێک پێکهاتوە: یەکیان ئاماژە بەوە ئەکات کە خودی حەرەس کەلە مەوقعێ دائەنرێت لەکاتی حەرەسیاتیەکەدا هەرچیەکی بەسەربێت ئێمە بەرپرسنین وەخودی ئەم گەنجە بێکارەش لەبەر بێکاری ئیمزای ئەکات. من وەکخۆم ماوەیەکی زۆرە حەرەسم نزیکی مانگی 7بوو، دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری زیاتکردنی موچەی خانەنشینی کرێکارانی دەرکرد بۆ ئەو کەسانەی کەدەستەبەرکراون لەمانگی 6 گەر خەڵەتنەبم منیش چوم بۆبەڕێوبەرایەتی دەستەبەر بۆئەوەی خۆم دەستەبەرکەم. لەوێ کارمەندێکی لێبوو پێیوتم ئەبێ خودی کۆمپانیای سوکوریەتیەکە دەستەبەرتکات، وتم ئەوە ماوەیەکی زۆرە دەستەبەریان بۆنەکردوم لەوکاتەشا محامی کۆمپانیای سوکوریەتیەکەش لەو دائیرەبوو کارمەندەکە وتی قسەی لەگەڵ ئەکەم بۆی دەستەبەرتکەن، دوای چەند ڕۆژێ سەرپەرشتیارەکەم بانگی کردم وتی بەڕێوبەری کارگێڕی کۆمپانیا بانگتئەکات لەوێ موحاسیبوو سەرپەرشتیارەکەی لێبوو لەکۆمپانیا کۆمەڵێ شتیان باسکرد بۆم وەک چاوترساندن وەدواتر بەڕێوبەرهاو وتی من بۆهیچ حەرەسێک دەستەبەرناکەم بەڵام بۆتۆ ئەم مانگی 8 ئەیکەم ئەوەمانگی 11وایت بۆیان نەکردوم وەدڵنیاشم بۆمناکەن.. زۆرسووپاس سووکوریتی بەعام 400000 هەیە، 8سەعات، 3شەفتە، خواردنوهاتووچۆ لەسەرخۆمانە، لەئێستایا 2 (off) هەیە
