ئەم هەموو هیلاکییەی ئێمە لە پێناوی چیدایە؟
لە وەڵام بەسەرنج و پرسیارەکانی کرێکارێکدا
| دەنگی کرێکار
سەرەتا با لەپرسیاری کرێکارەکەوە دەستپێبکەین:
سڵاوتان لێبێت.. لەجامی پاسەکانەوە دەتانبینین کەچۆن لەبەر گەرمای بەتینی هەتاودا، ڕۆژنامەی دەنگی کرێکار دەگەیەننە دەستی ئێمە، دڵسۆزی و خەمخۆریتان دەبینین، کەچی زۆرێک لە کرێکار هێشتا وەک پێویست گرنگی بەماندووبوونی ئێوە نادات و جەریدەکە بە گرنگییەوە وەرناگرێت و تەنانەت فڕێشی ئەدەن، لەوانەیە قەرزیشی بۆ بکەن، کەچی هەندێکجار دەنگدانەوەی کەمە یان پشتگوێ دەخرێت. ئایا ئەم هەموو هیلاکییە لە پێناوی چیدایەو بۆچی ئاوا ئەو گەرماو ناڕەحەتی و هاتووچووەتان لەکۆڵناوە؟
وەڵامی دەنگی کرێکار: کرێکاری بەڕێز!
سەرەتا دەستخۆشانەت لێئەکەین کە پرسیارمان ئاڕاستە دەکەیت دیارە کەئەو کارەی ئێمە دەیکەین گرنگی هەیە لەلاتان.
بەڵام با ڕاستەوخۆ لەپرسیارەکەت وردتر ببەینەوە و بچینە ناو ڕۆحی کارەوە کەخۆتان تێیدا دەژین. وەڵامی ئەوەی کەخۆشمان دەزانین بۆچی جاروبار دەنگدانەوە سستە، ئەمەیە:
دەسەڵاتی سەرمایەو خاوەنکارو کۆمپانیاو کارگەکان، تەنها لەڕۆژدا جەستەی کرێکار ماندوو ناكات، بەڵکو بەقەرز، بژێوی و ترس لەبڕینی نان و بێکارکردن و..تاد.. مێشکیشی داگیر دەکات بۆ ئەوەی نەپەرژێتە سەر خەمی گشتی. کەواتە ئەگەر کرێکار لەسەرەتادا سستی بنوێنێت و تاقەت و حەوسەڵەی نەبێت ڕۆژنامەیەک وەربگرێت و تەنها نیو سەعات بیخوێنێتەوە، ئەوا لەخۆڕا نییە، بەڵکو خودی سیستەمەکە بەکارگەو کۆمپانیاو ژیانی خۆی و خێزان و تەنانەت بە چارەنوسیشییەوە مێشکی ماندوو کردووە، نەک بێ باوەڕی کرێکار بەڕۆژنامەکە. لەگەڵ ئەوەشدا باشترە کرێکار ڕۆژنامەکە بخوێنێتەوە، لەگەڵ هاوڕێکانی بیرێکیش بکاتەوەو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کەبۆچی ناڕازین و بۆچی خاوەنکاریش مننەتی پێیان نیە؟ ئەم ڕۆژنامەیە بەردەوام وەڵامی ئەوانەی داوەتەوەو ئەداتەوە لەپێناوی چوونە سەری ئاستی هوشیاریی کرێکاران خۆیاندا کە چی بکەن ژیانیان لەئێستا باشتر بکەن.
دەڵێیت ئەم هەموو هیلاکییە لە پێناوی چیدایە؟
هیلاکیی ئێمە خێرو سەدەقە نییە، پلەو پۆست و یاریی حزبییش نییە، بەڵکو ئەم کارەی دەنگی کرێکار تەنها بەرگرییە لەسفرەو نانی کرێکاران، بەرگرییە لە کەرامەتی ئەوان و ڕێگرتنە لەوەی ڕۆژبەڕۆژ ژیان و چارەنووسیان هێندەی تر ناهەموارترو کۆیلەکاریی زیاتر بێت. ئێمە ئەم ڕۆژنامەیە بەزەحمەت و لەناو تەنگژەی ماددیدا دەگەیەنین بەدەستی کرێکاران، چونكە کاتێک ستەملێکردن دەبێتە دۆخێکی ئاسایی (وەک ئەوەی چاودێرو سوپەرفایزەرێک دەڵێت خۆ تۆی کرێکار سەفەر ناکەیت، یان خاوەنکارو ئیدارەکەی بەئارەزووی خۆیان مانگی کارکردن و مووچە دەستکاری دەکەن و مافی ڕۆژانی پشوو و حسابات دەخۆن)، ئیتر ئەو کاتەش بێدەنگی دەبێتە گۆڕستانی ژیان و کەرامەتی کرێکار. دەنگی کرێکار ئامرازی هۆشیارییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم دۆخە ئاساییەو نیشاندانی ئەوەی کە ئەمە زوڵمە نەک قەدەرو لە هەمانکاتدا گواستنەوەی تاکی کرێکارە لە قوربانییەکی گۆشەگیرەوە بۆ بەرەیەکی گەورەی هاوپشتی، چونکە تاکی کرێکار لەبەردەم خاوەنکاردا وەک کەسێکی تەنهایە لەبیاباندا، بەڵام هەمان کرێکار لەناو بازنەی هوشیاری و هاوپشتیی بە کۆمەڵدا، دەسەڵاتی خاوەنکار لە لوتکەی هەڕەشەوە دەهێنێتە خوارەوە بۆ سەر مێزی دانوستانێکی ناچاری.
بازاڕی کار لەسەردەمی ئێستای سەرمایەداریدا، شێوازی کۆیلەکارییە بەکرێکار کە زنجیرەکەی نابینێت بەڵام گەردنی گرتووە لەڕێگەی بە کاڵا کردنییەوە. کاتێک دیارییەکان لەکارگەیەکی چیمەنتۆدا لەفلتەری چینایەتی دەدەن (پاوەر بانک بۆ ئیدارەو مەدالیاش بۆ کرێکاری لەتۆزدا نقومکراو)، واتە دەسەڵات و سیستەمەکە مرۆڤەکان پلەبەندی دەکات بەپێی قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی. دەستکاری کردنی کات و سەعاتیکار، شێواندنی یاسای کار، دزینی ساڵانی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی، دەرکردنی هەڕەمەکی و دیاریکردنی ئارەزووییانەی ڕۆژەکانی پشووو خواردن و مووچە، هەمووی واتە: سەرمایەدار دەڵێت کات و وجودی تۆ هی منە، تەنانەت ئەگەر لەچوارچێوەی خانووەکەی خۆشتدا بیت.
دەنگی کرێکار بڕوای وایە کە هەر ڕەخنەو هاوارێک بەبێ بەدیل دەبێتە هاوارێکی بێئەنجام. تەنها چارەسەریش خۆڕێکخستنە لەناو کارگەو شوێنیکاردا، لەشوێنی ژیان و ناو پەیوەندییە شەخسی و خزمایەتییەکانداو لەم ڕێگایەشەوە دەتوانن گروپی هاوکاری و تەبایی و برایەتیی خۆیان دروست بکەن کەچۆن بڕیار بدەن خۆیان لەپەرتەوازەیی کەکوشتارگەی ئیرادەی ئەوانە، ڕزگار بکەن. کاتێک هێزیکاری کرێکاران دەبێتە خاوەنی دەنگێکی یەکگرتوو، ئەو کاتەش ئەو ترسەی کەناچاری دەکات فەیک ئاکاونتێک دروست بکات و قسەی تێدا بکات، دەگۆڕێت بۆ قسەی ڕووت و ڕەهای نوێنەری ناڕەزایەتییە بەکۆمەڵەکان، چونکە خاوەنکارو سەرمایەدار لەهیچ شتێک ئەوەندە ناترسێت ئەوەندەی لەوەستانی چەرخی قازانجەکانی بەدەستی هێزی ڕێکخراوی کرێکارەوە.
ئەرکی ئێمە لەدەنگی کرێکار ئەوەیە ئەو چرایە بین کە ڕێگای پێكەوەبوونی کرێکاران دەكاتە ئامانج، هیلاکییەکەمان پرشنگدارو ئومێد بەخشە بۆ کرێکاران کەچۆن بتوانن لەدەوری یەکترو لەپێناوی یەکتریدا کۆببنەوە بۆئەوەی بتوانن ژیان و چارەنووسیان لە ئێستا باشتر بکەن.
