“ خاوەنکار بێمنەتە و بە لەسەرکار دەرکردن هەڕەشەمان لێدەکات ”
چاوپێکەوتنی دەنگی کرێکارلەگەڵ کرێکارێک
| سازدانی محمود حلاق
دەنگی کرێکار: سوپاس بۆ تۆ کە داواکەمانت قبوڵکرد، با لە بارودۆخی ناوەوەی کارگەوە دەست پێبکەین، ژیانی ڕۆژانەی ئێوە لەناو کارگەو لەسایەی خاوەنکاردا چۆن تێدەپەڕێت؟
کرێکارەکە:سوپاس بۆ ئێوە کە هەمیشە دەنگی ڕاستەقینەی کرێکارن… بارودۆخی ئێمە لەکارگەدا ئیزعاجکەرە، هەر لەنەبوونی مۆڵەتەوە بۆ کارێک ئەگەر هەتیبێت لەدەرەوەی کارگە، هەتا دەگاتە موچە و هەڵاواردن و ئیمتیازات، هەتا دەگاتە جاسوسی بەسەر کرێکارانەوە.. ئیتر چۆن ئیزعاجکەر نەبێت.
دەنگی کرێکار: باسی سنوردارکردنی مۆڵەت و نەبوونی دەرفەتی هاتنەدەرەوە دەکرێت لەلایەن کرێکارانی زۆرینەی کارگەکانەوە، ئایا کرێکار چۆن دەتوانێت بەدواداچوون بۆ مافەکانی خۆی بکات، یان چۆن دەتوانن بەدواداچون بکەن بۆ هەر کێشەو گرفتێکتان؟
کرێکارەکە: مۆڵەت وەک خێرکردن سەیر دەکرێت و زۆرجار کلک و گوێی دەکرێت یان دەبڕدرێت. ئەگەر کرێکارێک بیەوێت بچێتە دەرەوە بۆ بەدواداچوونی مافەکەی لە فەرمانگەی دەستەبەری، یان فەرمانگەیەکی دیکە، هیچ دەرفەتێکی پێنادرێت. کاتێکیش فرسەتێکت بۆ هەڵدەکەوێت، بەهۆی ڕۆتینیاتی فەرمانگەوە بێزارکەروماندووکەرن، کرێکاربێهیوا دەکات و فریای هیچ ناکەوێت. لەوەش خراپتر، خاوەنکار بێمنەتەو بەلەسەر کاردەرکردن هەڕەشەمان لێدەکات و دەڵێت: ئەگەر ناڕازین، دەرگای کارگە کراوەیەو هەزاران بێکار لەدەرەوە چاوەڕێن و بەمووچەی کەمتریش دێنە جێگەتان.
دەنگی کرێکار:کێشەی دەستەبەریی کۆمەڵایەتی (ضمان) و ساڵانی خزمەت لەکارگەکەدا چۆنە؟
کرێکارەکە:من تێناگەم، ئەمنە بەهیچ شتێک تێر ناخۆن. گەورەترین دزیلەمافی ئێمە دەکرێت. کرێکار هەیە ٦، ٨ زیاتریش لەو ساڵانە لەکارگەیەدا گیانی خۆی دەفرۆشێت، کەچی کاتێک دەستەبەرییەکەی بەساڵانێکی زۆر کەمتری بۆ تۆمار کراوە! من خۆم وام بنەسەر هاتووە، ٨ ساڵەکاردەکەم کەچی ٥ ساڵم بۆکراوە. لەوەش خراپتر، یاسایکار دەڵێت دەستەبەری دەبێت لەسەر کۆی گشتیی مووچە بێت، کەچی ئەوان تەنها لەسەر مووچەی بنەڕەتیی دەستەبەریمان بۆ دەکەن، کەئەمەش لەکاتی خانەنشینیدا زۆرمان لێدەبڕێت.
دەنگی کرێکار:ئەی لەکاتی نەخۆشی، یان دواکەوتن بۆ سەرکار، یان لەڕۆژە عوتڵە فەرمییەکاندا مامەڵەتان لەگەڵ چۆن دەکرێت؟
کرێکارە:ئەگەر کرێکارێک نەخۆش ببێت و نەتوانێت بێت، یەکسەر ئەو ڕۆژانە لە مووچەکەی دەبڕن. ئەگەر بەیانیان لەچوونەژورەوە بۆ ناو کارگە تەنها چەند دەقەیەک دواکەویت، سزای ئینزاکردنت بۆ دەنوسن. لەڕۆژە عوتڵە فەرمییەکانیشدا کەدەبێت پشوو بێت، بەزۆر دەمانهێننەوە بۆ کارو حسابی ڕۆژێکی ئاسایی بۆ دەکەن، بەبێ هیچ پاداشتێکی شایستە.
دەنگی کرێکار:لەکۆتاییدا، پەیامت بۆ هاوکارەکانت و بۆ خاوەنکار چییە؟
کرێکار: من پەیامم نییە بۆ خاوەنکار، بەڵام پەیامم بۆ کرێکاران ئەوەیە کە بەتەنهاو بێدەنگی هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت. خاوەنکار تەنها زمانی زۆرەملێ و پەرتکردنی ئێمە دەزانێت. دەبێت دەست لەم دۆخە بێدەنگییە هەڵگرین و بەیەکەوە بەرەنگاری ئەم هەموو ناعەدالەتی وزوڵمەی کەلێمان دەکرێت، ببینەوە
