هەڵەبجەی کۆن: ئەگەر شایستە داراییەکانمان وەرنەگرینەوە، ڕێگای ترمان هەیە!
دەنگی کرێکار
لە بەرواری ٢٥/٥/٢٠٢٥ قسەکەری فەرمانبەرانی گرێبەست لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند:
ئێمە فەرمانبەرانی گرێبەست کەلەڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە فەرمانی وەزیرو کارگێڕیمان هەیەو لەزۆرینەی دامودەزگاکانی حکومەت دامەزراووین، وا دەمانگە دەوام ئەکەین و لەئەرکی خۆمان دانەبڕاووین، هەتا ئێستا هیچ شایستەیەکی داراییمان وەر نەگرتووەو دیاریش نیە کەی وەریدەگرین، ئەمەلەکاتێکدایە لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەبەرواری ١٩/٣/٢٠٢٥ بڕیاردراوە بەخەرجکردنی شایستە داراییەکانمان بەبڕێاری ژمارە ٢٧٩، هەروەها وەزارەتی ئابوری و دارایی ڕاسپێردراوە بەخەرجکردنی شایستە داراییەکانمان لەداهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، بەڵام هەتا ئێستا هیچ بەرچاو ڕوونیەک نیەو بەشێوازێکی فەرمی پێمان نەووتراوە کە کەی وەچۆن شایستە داراییەکانمان بۆ خەرجدەکرێت!
دەبێت ئەوە بزانن هەتا ئێستا ئارامگرتنمان لەبەر ناسەقامگیری زروفی هەرێمی کورستان بووە لەڕووی داراییەوە لەبەرخاتری ئیش وکاری خەڵکی بووە هەتا کارەکانیان بۆڕاپەڕێنین وهاوکاریان بین. لێرەوە داوا لەلایەنی پەیوەندیدار ئەکەین بەزووترین کات بەشێوەیەکی فەرمی ئاگادارمان بکەنەوە لەسەر دابەشکردن و خەرجکردنی شایستە داراییەکانمان، بەپێچەوانەوە ناچارین ڕێگەی تر بەکار بهێنین بۆوەرگرتنەوەی مافەکانمان، لەگەڵ ڕێزدا.
