“کرێکارانی بیانی”پاساوێک بۆ پارچەپارچەکردنی ڕیزەکانی کرێکاران
مەحمود حەلاق
دنەدان و دژایەتیکردنی کرێکارانی هاتوو بیانی بۆ کوردستان، نەعرەو تێڕوانینێکی نەتەوەپەرستانەی کوێرو نامرۆییە دەرحەق بەکرێکارانێک کەلەئەنجامی وێرانکردنی ژیان وگوزەرانێک کەدووچاری بوونەتەوە لەناو سیاسەت و جەنگ و کاولكاری و ئابڵوقەو هەڵئاوسان وبێبەها بوونی دراوی ووڵاتەکانیان لەلایەن ئامریکاو ئەوروپاوە، بەناچاری هاتوونەتە عێراقەوەو هێزی کاریان تاڵانفرۆش دەکەن. ئەم کرێکارانە لەگۆشە نیگای نەتەوەپەرستیەوە ئۆتۆماتیکی ڕەقەم دوون، هەمیشە خۆپارێزی ئەکەن لەگێچەڵ و شەڕێک ئەگەر ئێخەیان بگرێت وبێتە پێشەوە، حەوانەوەو خەوو ژیانیان زیاتر لەشوێنیکارەکانیاندایەو لەسادەترین پێداوویستیەکان مەحرومن.. بەهەزارو یەک شێوە لەباری یاساییەوە گیروگازیان بۆ دەهێنرێتە پێشەوە لەلایەن خاوەنکارەوە لەپێناوی کۆیلەکردنیان بەکارو زۆرجار پارەکانیان دەخورێت و پاسپۆرتەکانیان حجزدەکرێت.
ئەوەی لەم نێوەدا قوربانین و زەرەرەومەندی یەکەمن، کرێکاران خۆیانن، لەلایەك پارچە پارچە دەکرێن و مۆری ئێرانی و تورکی و سوری هیندی..دەنێن بەناوچەوانیانەوەو لەلایەکی دیکەشەوە ڕق وکینەی کرێکارانی کوردستان لەبەرامبەیاندا دەوروژێنرێت.. وەک بڵێیت خەڵکی ملیۆنی کورد نەچووەتە ئەوروپا بۆکارو کارکردن و خوێندن. کرێکارانی کورد جۆرەها کاردەکەن لەناوەندو کارگەوبراندی گەورەو بچووکدا هەر لەئۆسترالیاوە هەتا ئامریکا، سەرەڕای ئەوەی هەمیشە لەبەردەم نەعرەو دژایەتی و لێدان و کوشتنی فاشیزم و ڕاسیزمی نەتەوەیی ئەو ووڵاتانەدان، بەڵام لانیکەم ماف و یاسایەک هەیە کەکرێکار بتوانێت لانیکەمی ژیانی تێدا مسۆگەر بکات..
بەشێکی بەرچاو لەو کرێکارانەی لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن کرێکارانێکن لەئێران، سوریا، تورکیا، سۆماڵ، ناجیریا، بەنگەڵادیش، هیندستان، چین و ئەو وڵاتانەوە هاتوون کە لەوڵاتەکانی خۆیان یان کاریان دەستناکەوێت یان بەهۆی ئەوەی جیاوازی نرخی دراوی عێراقی لەگەڵ نرخی دراوی وڵاتەکانی خۆیان زیاترە.. ئەم کرێکارانە بەشێوەی جۆراوجۆر دەگەنە کوردستان بەشێکیان لەڕێگای کومپانیا وەبەرهێنەرەکانەوە دێن، بەشێکیشیان لەڕێگای ئەوکومپانیایانەوە دێن کە سەربەکەرتی تایبەتن و لەهەرێمی کوردستان مۆڵەتی فەرمییان پێدراوەو تایبەتن بەهاوردەکردنی هێزیکار..
ئەگەر ئەوە ڕاست بێت کەبوونی هێنانی ئەو کرێکارانە کاریگەری داناوە لەسەر هەلیکار بۆ کرێکارانی خۆماڵی، وە کاریگەری داناوە لەسەر نرخ یان حەقدەستی کرێکارو دایبەزاندووە بۆ نزمترین ئاستی، ئەوا دەبێت ئەو حەقیقەتە شاردراوەیەمان لەلا ئاشکرا بێت کە: ئەوە خەتاو گوناهی کرێکارانی هاتوو و بیانی نیە گوایە ڕێگای لەکرێکاری خۆماڵی گرتووەو حەقدەستی کرێکاری دابەزاندووە بۆ ئەو ئاستە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەکۆمپانیاکانی حزب و دەسەڵاتدارانەوە هەیە کەبەلێشاو کرێکار دەهێنن و کۆیلەکاری بەوان دەکەن بەپارەیەکی ئێجگار کەمتر لەپێناوی قازانج وکەڵەکەی سەرمایە لەسەر خوێنی ئەوان.. ئەگەر ئەو کرێکارانە دڵیان بەوە خۆش دەبێت کەمانگانەیەکیان لەکارەکەری ماڵە دەوڵەمەندو داراکاندا لەچاو نرخی دراوی ووڵەتەکەیان بەرزترەو دەتوانرێت لەووڵاتی خۆیان ژیانی شاهانەیی پێ بەڕێبکرێت، یان کرێکارێکی بیناسازی، یان کرێکارێکی کارگەو ناوەندێکی کارکە، مووچەو حەقدەستەکەی لەووڵاتی خۆی زیاتر بێت، ئەوا بەراوود بەهێزیکارو هیلاکیەک کەدەیبینێت و سەعاتکارێکی زیاتر، جگە لەکۆیلایەتی و هەزران و هەڕاجکردنی هێزی کارەکەی هیچی تر نیە.. کرێکارانی هاتوو بۆ ووڵاتانی خلیج، بۆنمونە یەک شەو مانەوە لەئوتێلێکی سیاحیدا چەند سەد دۆلارەو یەک ژەم نانخواردن زیاتر لەسەد دۆلارەو خواردنەوەی کوپێک قاوە ٢٥ دۆلارە، کەچی حەقدەستی کرێکارێک لەمانگێکدا ناگاتە هەزار دۆلار..
بەڵام ئەوەش ڕاستە بوونی ئەم بەشە لەکرێکارانی هاتوو کاریگەری دەبێت لەسەر دابەزاندنی حەقدەست و کاریگەری دەبێت لەسەر زیادبونی ڕێژەی بەتاڵە، بەڵام خۆ ئەوە ئەو کرێکارە هاتووانە نین کەشەرعیەتیان بەم هەلومەرجەی کارو بازاڕی کار دابێت لەکورستاندا.. سەرەڕای ئەوەی کەبەیاساش جورێك لەڕێکخستنی بازاڕیکار دیاریکراوەو ڕێگادراوە بەکومپانیاکان کەڕێژەی کرێکارانی هاتووی بە٢٥% جێگیر کردووە، لەلایەکی تریشەوە بەناوی سەردانی مەرقەدەکانەوە لەباشوری عێراق و بەناوی سیاحەتیشەوە لەکوردستان ڤیزەو باجیان لێوەردەگیرێت و مانگانەو ساڵانە بۆیان نوێدەکرێتەوە.. بەڵام ئەوە خودی حکومەت و حزبەکان و کۆمپانیاکانیانە کەهەل و مەرجی کارکردنیان بەم نۆرمەی ئێستا برەو پێداوە لەپێناوی کەڵەکەی هەرچی زیاتری سەرمایەدا.. دەسەڵاتداران، لەڕێگای هێنان یان دەرگا کردنەوە بۆ هاتنی کرێکاری هاتوو، هەم قازانجی تێچوی ڤیزاو باج وەرگرتن دەکەن وداهاتی زۆر کەڵەکە دەکەن، هەم سودو قازانجی گەورەش دەکەن لەهێزی هەرزانفرۆشراوی کرێکاران لەپڕۆژە زەبەللاحەکانی وەک بیناسازیدا بەحەقدەست و مووچەیەکی کەمترەوە.. ئالێرەدایە کەکرێکارانی بیانی دەکەوونە بەر ڕق و کینەو نەفرەتی کرێکارانی هاتوو، وە وادەزانن ئەوە خەتای ئەوانە کەحەقدەستیان هێناوەتە خوارەوەو هەلیکاریان قۆزتۆتەوە..
بەڵام پرسیاری جدی کرێکاران ئەوەیە کەئایا کرێکارانی خۆماڵی مافەکانیان پارێزراوەو ترسی بێکارییان نیە؟ ئایا حکومەت و دەسەڵاتدارانی حزبی هەلیکاری گونجاویان دەستەبەرو فەراهەمکردووە بۆ سەدان هەزار بێکار لەدەرچووی کۆلێژو پەیمانگاکان چونکە کوردن؟! ئایا ئەو نوزەیەش لەیاسیکاری بەرکاری هەرێم کەشتێک قازانجی بۆکرێکارانی خۆماڵی تێدایە، تەنفیزو جێبەجێ دەکرێت لەبەر خاتری چاوی کرێکارانی خۆماڵی، چونکە کوردن؟ ئایا چ کۆمپانیایەک ئیجرائاتی لەگەڵدا کراوە کەیاسایکاری هەرێم دەستکاری ئەکات و بڕگەو بابەت لەخواستەکانی خۆی فەرز دەکات بەسەر کرێکاراندا لەبەر ئەوەی کوردن؟ ئایا لێپپرسینەوە کراوە لەکۆمپانیاو ناوەندیکار لەسەرنەکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران کەچەندە پێوویستە بۆ کاتێک کە تەمەنی ئەگاتە خانەنشینی چونکە کوردن؟ ئایا بەپێی گرانی شت و مەک وخۆراک کرێ و حەقدەستی کرێکاران زیادکراوە چونکە کوردن؟ ئایا خەستەخانەو سێکتەری خزمەتگوزاری خراوەتە خزمەت ماڵە کەمدەرامەت و زەحمەتکێش و کرێکارانەوە هەر لەبەرئەوەی کوردن؟
کەواتە مەسەلەی نەتەوەیی و کوردبوون، نەک هەر ناتوانیت هیچ کەسێک و هیچ کرێکارێک قازانجی لێبکات، بەڵکو لەڕاستیدا کوردو بەتایبەتی کرێکاران وزەحمەتکێشان، باجی قورسی داوەتەوە لەسەر ڕاسیزم و فاشیزمی نەتەوەیی، هەمیشە قوربانی ئەم سیاسەتە چەپەڵە بووەو کوردایەتی و حزبەکانی کەڵەکەی سەرمایەو قازانجی گەورەیان کردووە کە هەتا ئێستاش بەردوامە..
بۆیە، لەڕوانگەی ئێمەی کرێکارانەوە، هەویەی کرێکاریمان مرۆییە، جیاوازی نیە لەنێوان کرێکاراندا، سەرەڕای ڕەنگ و ئاین و نەتەوەو زمان.. خواست ومافیان وەکو یەکە، یەک بازاڕیکار، یەک چەوساندنەوەو یەک سەعتیکارو یەک خاوەنکارو یەک چەوساندنەوە. کورد بوون ناتوانێت ماف وخواستی کۆمەڵگاو ئێمەی کرێکاران دەستەبەر بکات.. ئەگەر بەپێی لۆژیکی کوردبوون بوایە، نەدەبوا ئەحزابگەلی کوردی و دەسەڵات و حکومەتەکەیان ژیانی ئێمەی کوردیان بەم دەردەو بەمڕۆژەو بەم هەمووە نەهامەتیە بگەیاندایە هەر تەنها لەبەرخاتری کوردبوونمان..
ناکرێت دەسەڵاتداران و خاوەن کۆمپانیاو سەرمایەداران لەگەڵ زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەتایبەتی کرێکاران کە دنیایەک جیاوازی و بەرژەوەندی جیاواز هەیە لەنێوانیاندا، ئەوان لەژیانی شاهانەو زۆرینەش لەناو بێکاری ونەبوونی و هەزارو یەک دەردو نەخۆشیدا گیرۆدە بێت، وەکو کورد بەیەک چاو سەیر بکرێن و بڵێین ئاخر هەموو کوردین!! ئەبێت ئێمە کوردبوونمان بخەینە پێش هەرشتێکی ترەوە..نەخێر! کرێکاران و زەحمەتکێشان و بەگشتی خەڵکی کوردستان ئەو جۆرە کوردە نین کەئاڵایەکی بەدەستەوە بێت بیشەکێنێتەوە، خۆیشی لەژێر سێبەرو سایەی ئەودا بێکاربێت، ماڵوێران و بێپارەو بێ مووچەبێت، بەچنگەکڕێ نانی ئێوارەی دەست نەکەوێت، لەهەزارو یەک نەخۆشی بپێچرێتەوەو تووشی سەدان کارەساتی مەرگهێنەرو خێزانی ببێتەوەو ڕۆژانە سەدجار تامی مەرگ بچێژێت بەهۆی پەلاماری کۆمپانیاو دەسەڵاتی حزبەکانەوە بۆسەر ژیان و چارەنوس و تەنانەت زیندوومانەوەشی.. بۆیە دەبێت کرێکارانی کوردستان ئاگاداری ئەم تێڕوانینە نامرۆیی و دژە کرێکارییە بن و کرێکارانی هاتوو بەبەشێک لەخۆیان بزانن بۆئەوەی ڕیزەکانیان پتەوو قایم ڕابگرن لەبەرامبەر هجوم و پەلامارەکانی دەسەڵاتی سەرمایەو سەرمایەداران.
