Dangikrekar.com
بابەتی هەڵبژاردە

دیداری ستافێکی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لەگەڵ کرێکاراندا

دیداری ستافێکی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لەگەڵ کرێکاراندا

          سازدانی/  مەحمود حەلاق

 

 بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لەدۆخی کارو ژیانی کرێکاران و بەدواداچون بۆ کێشەو گرفتەکانیان و پێدانی ڕێنوێنی پێووسیت، ستافێکی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، سەردانی  ناوچەی بازیان و دەڤەری ڕاپەڕینی کردو لەگەڵ کرێکارانێکدا دیدارێکی ئەنجامدا.. ئەمەی خوارەوە ناوەرۆکی قسەوباسەکانی ئەم سەردانەیە:

 

لەچاو کارەکەماندا، کرێکانمان کەمە!

بازیان/ شارۆچکەی تەکیە

 

ستافەکەی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەشارۆچکەی تەکیە، ناوچەی بازیان بۆماوەی دوو کاژێر لەگەڵ چەندکرێکارێکدا دیدارێکی ئەنجامداو لەبارەی دۆخی کارو سەعاتیکاری ڕۆژانەو کیشەوگرفتەکانیان قسەوباسکرا. یەکێک لەکرێکارەکان کەلە کارگەیەکدا کار دەکات ووتی:

“دۆخی ناو کارگە بۆ کرێکاران زۆر باش نیە، کاری قورس و سەریع، لەچاوکارەکەدا مووچەکە زۆر کەمە بەبەراوورد بەهەڵاوسان و گرانی شتومەک، کرێکارمان هەیە نەخۆشی هەیە، کرێچیەو منداڵی هەیە، ئەو مووچەیە بەشی ناکات.. مەوادی خۆراکی گرانبووە، مووچەش لەشوێنی خۆیدایە. دوای ئەوانەش ئیدارەو خاوەن کارگە بێمنەتن لەکرێکار، ئەگەر پرتەو بۆڵەیەکت هەبێت هەزاران چاو چاودێریت ئەکات هەتا بزانن پرتەو بۆڵەکەت چەند کاریگەری دەبێت لەسەر کرێکارەکانی ترو لەفرسەتێکدا لەئیش دەرتبکەن. کرێکارانیش ڕاست ناکەن، لەگەڵتدا نین، قسەکانت ئەگەیەننەوە بەئیدارەو ئەبێتە هۆی ماڵوێرانیت، من لەمە تێناگەم کەبۆچی کرێکار بەوجۆرە ئەبێت بەچاودێر بەسەر هاوڕێکەیەوە لەکاتێکدا مووچەکەی یەک دیناریش زیاد ناکات، سەرەڕای ئەوەی کەخۆی سوکدەکات لەبەرچاوی ئیدارەو کرێکارانی تریشدا!“.

کرێکارێکی تریش دەڵێت:

“یەکێک لەو شتانەی کەدەستی کرێکاری بەستووە بێکاربوونە، ئەگەر ئیشێکی موحتەرەمانە هەبێت، هیچ کرێکارێک زوڵم و زۆرداری قبوڵناکات کەلێیئەکرێت.. یان ئەگەر بەڕاستی یاسایەک، جێگاو پشت و پەنایەک هەبێت کەبتوانێت دیفاع لەکرێکاران بکات.. مەبەستم ئێوە نیە وەک دەنگی کرێکار، خۆزگە هەمووی وەکو ئێوە وابوایە لەپێناوی مەسڵەحەتی کرێکاراندا کاری بکردایە. بەڵام بەداخەوە هەم یاساو شوێنێک نیە کەڕێگری بکات لەو زوڵمەی کە لەکرێکار دەکرێت، هەم بەڕاستیش کرێکاران خۆیان نین وەک هێزێکی یەکگرتوو کەبتوانێت خۆی دیفاع لەخۆی بکات.

 

دوو مانگ و نیوە کۆمپانیا موچەکانمان پێنادا!

دەڤەری ڕاپەڕین/ حاجیاوا

لەچوارچیوەی سەردانەکاندا، ستافی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، سەردانی دەڤەری ڕاپەرین/ حاجیاوای کرد ولەگەڵ کرێکارانێکدا دیداركی ئەنجامدا. لەم دیدارەدا یەکێک لەکرێکارەکان ووتی:

“زوڵمی زۆر لەئێمەی ژینگەپارێزان دەکرێت، کاکە مووچەمان نادەنێ، فەرموو ئەوە دوومانگ و نیوە مووچەمان نادەنێ، کرێکاریش نایەن هەر هەموویان کۆببنەوەو سنورێک بۆ ئەم هەموو زوڵمە دابنێن، نازانم لەچی ئەترسێن؟ چەند جار ووتوومانە وەرن با مانبگرین و ناوشارو شارۆچکەکان خاوێن ناکەینەوەو نایەڵین هیچ کەس و لایەنێکیش خاوێنی بکاتەوە، با خاشاکوخۆڵ دەڤەرەکە داپۆشێت“.

کرێکارێکی تریش ووتی:

ئێمە نازانین چی بکەین، کاکە وەڵلا کرێکار خەتای خۆیەتی، خۆی بەدەستی خۆی قوڕی کردووە بەسەری خۆیدا، ئەرێ کاکە کەس هەیە کار بکات بەبێ پارە؟ ئێ ئەوان مووچەکانمان نادەنێ، کەچی هەر کار دەکەن، ئەوە دوو مانگ و نیوە مووچەمان نادەنێ، هەتا کەی هەر ئیش بکەین بەبێ مووچە..“

کرێکارێکی تریش دەڵێت:

“ کاکە نەمووچە ئەدەن، نە حسابت بۆ ئەکەن، نە بەلایانەوە گرنگی هەیە ژیانی تۆو چی بەسەر دێت، کات و سەعاتی خۆت تەواو دەکەیت دەتبەن بۆجێگایەکی تر بۆ خاشاک کۆکردنەوە، ساڵ نیە ئەم بگرەو بەردەیە بەئێمـە نەکرێت، ئێ وەڵڵا دەستیان خۆش بێت کە وامان لێدەکەن، کاکە هەمووی ترسنۆکە، کەس گوێت بۆناگرێت“.

 

هیچ یاسایەک نیە پشتی کرێکاران بگرێ!

دەڤەری ڕاپەڕین/ ڕانیە

 

ستافەکەی دەنگی کرێکار لەدانیشتنەکانیدا لەگەڵ کرێکاران پرسیاری ئەوەیکرد، کەئایا چی بکرێت باشە بۆ ئەوەی ئەم دۆخە تێپەڕێت بەقازانجی خۆیان؟

چەند کرێکارێکی ڕانیە، سەرەڕای ئەوەی کەکێشەو گرفتەکانیان هەمانشت بوون لەگەڵ ناوچەکانی تردا، بەڵام هەرهەموویان جەختیان لەوە کردەوە کەهیچ شوێن و لایەن و یاسایەک نیە دیفاع لەوان بکات.. بۆیە دەبێت لەهەوڵی شتێکدا بن کە کۆببنەوەو ڕیزەکانیان بەهێز بکەن.

یەکێک لەکرێکارەکانی تەکیە جەختی کردەوە لەیەکگرتوویی کرێکاران خۆیان، ئەو ووتی ئەبێت ئیتر کرێکاران خۆیان بەدەستی خۆیان هەوڵبدەن خۆیان ڕێکخراوبکەن و دوور بکەونەوە لەقسەهێنان و بردن لەسەر یەکتری، هەوڵبدەن لەیەکتری نزیک ببنەوە، کرێکاران یەک بەرژەوەندی و یەک کێشەو گرفتیان هەیە، تەنها لەدەوری ئەمە کۆببنەوەو خۆیان ڕێکخراو بکەن بۆ ئەوەی ڕیزەکانیان پتەو بێت بۆ دیفاع لەخۆیان. کرێکارانی ڕانیەش هەمانشتیان دووپاتکردەوە کەبەبێ کرێکاران خۆیان هیچ ناکرێت، ئەویش ئەبێت هەوڵبدەن کەچۆن بتوانن خۆیان ڕێکخراوبکەن، بتوانن لەیەکتری نزیک ببنەوە، گوێ لەیەکتری بگرن، لەو باوەڕەدا بوون کەدەبێت سەکۆیەک، جێگاو شوێنێک هەبێت کەکرێکاران لەدەوری یەکتری کۆبکاتەوەو بتوانرێت ئەوان لەپەرتەوازەیی ڕزگار بکات بەئامانجی ئەوەی کەچیتر نەیەڵن زوڵمیان لێبکرێت لەلایەن کۆمپانیاو خاوەنکارو کارگەکانەوە.

 

 

Related posts

کرێکارێ بە [ناوی غەریب عینایەت ] تەزووی کارەبا لێیداو گیانی لەدەستدا.

Dangi Krekar

ڕێگری لەگردبوونەوەی دەستفرۆشانی بازاڕی ڕانیە دەکرێت

Dangi Krekar

 بەهۆی پێنەدانی مووچەوە نزیكەی ٦٠ هەزار مامۆستا بایكۆتی دەوامیان کرد!

Dangi Krekar

Leave a Comment