سیستەمی شەفتات لەپڕۆژە پیشەسازیەکانی کەرتی تایبەتدا!
سازدانی/وەستا مەهدی
لەکوردستان سەدان پرۆژەی پیشەسازی هەمەچەشنە هەیە کەهەزاران کرێکار شەوانە ڕۆژ کاری تێدا ئەکەن لەماوەی ٢٤ کاژێردا بەشێوەی سیستەمی شەفتات. بۆئەم مەبەستە دەنگی کرێکار لەنزیکەوە چەندین کرێکاری ناو ئەو کارگەو پڕۆژانەی دواند سەبارەت بەم بابەتەو ئەم ڕیپۆرتاژەی خوارەوەی ئامادەکرد:
کرێکارێک دەڵێت: لەلای ئێمە لەبەشی ئینتاجدا زیاتر لەشەش سەد کرێکار کار دەکات. بۆنمونە شەفتی کاژێر ١٢ی شەو بۆ کاژێر ٨ بەیانی کاردەکات، لەچاو سەختی کارەکە موچەکەمان کەمەو ئەگەر زیادە یان ئیزافەکارییەک بکەین، ئەوا تەنها ٥ هەزار وەردەگرین. هەروەها شەفتی کاژێر ٤ دوانیوەڕۆ هەتا ١٢ینیوەڕۆ، ئیزافەکارییەکەی ٣، هەتا ٤ هەزار دینارە. ئینجا بهێنە پێش چاو ئەو هەموو کارەو ئەو هەموو هیلاکیەی ماوەی کارکردن و دواتر ئەو زیادە کارەی کەئەیکەین نەک هەر هیچ نیە لەچاو سەختی کارەکە، بەڵکو هێشتاش بێمنەتن و هەروەک بڵێیت خێرمان پێبکەن. سەرەڕای ئەوەش لەماوەی نزیک دوو مانگدا، تەنها یەک ڕۆژی جومعان پشوو حەوانەوەمان پێئەدرێت، حەوانەوەشمان پێڕەوا نابینن و بەدرێژایی هەفتەکە ئاگادارمان ناکەنەوە کە هەینی دەبێت بێنەوە بۆکار هەتا ڕۆژی ٥ شەممە.. ئیتر بەڕاستی حاڵمان باش نیە لەهەموو ڕووەیەکەوە با ئەوەش بوەستێت کە خەتی ئینتــاج هێندە تیژڕەوە_سەریع- کە زۆر ماندوومان دەکات.
کرێکارانی بەشی بارکردن باشترن لەشوێنی ئینتاج و هەتا ڕادەیەک پشوو فەرمیەکان لەچەشنی ڕۆژی سەربەخۆیی عێراق و ئەوانە ئەیانگرێتەوە. جارێک لەکوردستان و لەعێراقیش پشوو بوو، ئیدارەی کارگە ووتیان ئەوە بڕیاری لەناکاوە و ئێوە ناگرێتەوە. پێموایە هەموو کارگەکان سیستەمی کاریان بەجۆرێکە کە بەهەوەسی خۆیان چۆنیان دەستکەوت وقازانجی زۆر هەبیت بەوجۆرە کار بە کرێکاران دەکەن ویاسای کارێک کەهەیانەو ئیدیعای بۆ دەکەن ئەگەر کەمێکیش لەبەرژەوەندی کرێکاران بێت، ئەوا جێبەجێی ناکەن و بەپێچەوانەوە دەجوڵێنەوە.
کرێکارێکی تر ووتی: سەبارەت بەشەفتات، ئەوەندەی من ئاگادارم زۆربەی کارگەکان بە سیستەمی شەفتات کاردەکەن و سێ شەفتیە: شەفتی یەکەم A بەیانیان کاتژمێر ٨ بۆ ٤ ی دوانیوەڕۆ، شەفتی دووەم B کاتژمێر ٤ بۆ ١٢ی شەو، شەفتی سێیەم C کاتژمێر ١٢ بۆ ٨ ی بەیانی و کاتی کاری شەفتەکان ٨ کاژێرە. سەبارەت بەو کارگەیەی کە من کاری تێدا ئەکەم بەتایبەتی بەشی ئینتاجەکەی، کارەکان بەجۆرێک ڕێکخراوە کە هەر دوو ئامێرێک سێ کرێکار کاری لەسەر دەکەن، بەم پێیەش کاتەکە دابەش ئەبێت بەسەر هەر سێ کرێکارەکەدا، بۆ نمونە: لەسەعاتێکدا چل دەقیقە ئیش ئەکەین و بیست دەقیقەش پشوومان هەیە ئەمەش بەجۆرێکی تر ڕێکیدەخرێت، واتە کرێکاران لەناو خۆیاندا ڕێکدەکەون
لەسەرکاتی پشوو:
ئەو بەشانەی ئەم شەفتاتە شمولی ئیدارەی کارگەو هەروەها شمولی ئافرەت ناکات. ئەوانەن کە تەنها شەفتی یەکەم A کاردەکەن، بەڵام ئەوەشمان لەبیرنەچێت ئەم سیستەمی شەفتاتە ناڕەحەتی ومەینەتی زۆرەو کاریگەری خراپی هەیە بۆ تەندروستی و هەروەها ناڕەحەتریشە بەتایبەت بۆ ئەوانەی خاوەنی هاوسەرو منداڵن. هاوکات شەفەتەکان هەفتانە دەگۆڕێت، واتە کرێکارێك هەفتەیەک شەفتی C پاشان هەفتەیەکیتر شەفتی B و هەفتەیەی دوای ئەوانیش شەفتی A..
کرێکارێکی تریش بەم جۆرەباسی سیستەمی شەفتات دەکات:
سەرەتا، با لەكێشەی هاتوو چۆی كارمەندەکانەوە دەست پێبکەم کە كێشەیەكی بەردەوامەو چەند ساڵە هەر دەستەیەک بەشێوەیەك هەوڵی گۆڕینیداوە، بەڵام بێئەنجام ماوەتەوە. لەكۆتایدا لەبەرئەوەی كرێكاران یەکگرتوو نێن و هەر كەسەو بەگوێرەی بەرژەوەندی شەخسی خۆی درێژەی بەم ناڕەحەتی هاتووچۆیە و سەعاتی زیادەیكار داوە. من بەكورتی شێوازی دەوامم و هاتوو چۆت بۆ باس ئەكەم لەچەند دێڕێكدا، ئێمە لەكارگە چەند شەفت و چەند كاتێكی جیاواز كار ئەكەین زۆۆرینەی كاتەكان بەم شێوەیەن:
١/ شەفتی ٨ سەعاتی یاخود باشترە بڵێن ٩ سەعاتی ئەمە چۆنە؟
ئەلف/ شەفتی ڕۆژ. ئەم شەفتە لەجیاتی ئەوەی ٨ سەعات كار بكەن ٩ سەعات كار ئەكەن، بەڵام ٨ سەعاتی بۆحساب ئەکرێت. ١ سەعاتی ئەچێتە بری نانخواردن و ئیسراحەت، ئەمە جگە لەو ڕێگایەی كە بەچوون وهاتنەوە ١ سەعات بۆ ١:٣٠ دەوێت. بۆ هەندێك كارمەند كەڕێگای لەپاسەوە دوورە لەشوێنی نیشتەجێ بوونی ٢ سەعاتی ئەوێت، بەمجۆرەش کاتی کارەکەی لەنێوان ١٠ بۆ ١٢ سەعاتە.
باء/ شەفتی شەو. ئەمەش ٨ كاتژمێر كار دەكەن و نیو كاتژمێر بۆ نانخواردن و ئیسراحەتە، بەڵام ئەم شێوازی دەوامە هیچ جیاوازییەكی لە مووچەکەیدا نییە لەكاتێكدا بە پێی یاسای كاری عێراق شەفتی شەوو ئەبێت لەڕووی مووچەوە جیاوازی هەبێت لەشەفتی ڕۆژ، ئەمەش بەهەمان شێوە لەكاتژمێرێكەوە بۆ دوو كاتژمێر كاتی بە هاتوو چۆوە دەڕوات.
جیم/ شەفتی هەشت سەعاتی شەوان. ئەویش لە ١١:٣٠ دەست پێدەكات بۆ ٧:٣٠ ئەم شێوازەش هەر وەك شەفتی شەوەكەی تر ٨ سەعاتەو نیو كاتژمێر نانخواردنی بەیانی و ئیسراحەتەو هیچ جیاوازییەكیش لەمووچەکەیاندا نییە.
٢-شەفتی ١٢ سەعاتی. ئەمیش دوو جۆرە : أ- سێ شەفتی، ئەمە شێوازی دەوامیان ١٢ كاتژمێرە دوو ڕۆژ شەفتی شەون، دەوامیان لە کاژێر ٧ ی بەیانیەوە بۆ ٧ ئێوارەیەو هاتووچۆش وەك هەموو كارمەندەكان سەعاتێك بۆ دوو سەعات لەکاتەکەی ئەڕوات، واتە ١٤ كاتژمێر لەماڵ دەر ئەچن بۆ
كار لەڕۆژێكدا. کاژێرو نیوێک كاتی ئسراحەت و نانخواردنیان هەیە.
ب- شەفتی شەو. ئەمانیش لەكاژێر ٧ ئێوارەوە بۆ كاتژمێر ٧ بەیانی لەكاردان، بەهۆی نەبوونی هۆكاری گواستنەوەوە، ئەبێت چاوەڕێی پاسی شەفتی هەشت سەعاتی ١١:٣٠ بۆ ٧:٣٠ بكەن، چونكە بە یەك پاس هاتووچۆ ئەكرێت، بەمەش نیو كاتژمێر لە ڕۆژەكەیاندا زیاتر لەشوێنیكار ئەبن بەبێئەوەی یەك دەقەیان بۆ حساب بکرێت جگە لەڕێگای هاتوو چۆ، ئەمەش كاتێكی زۆۆری ئەوێت. وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد مووچەشیان جیاوازی نییە لەباقی كارمەندەكانی تر. ئەم دەوامی سێ شەفتی ١٢ سەعاتییە بەم جۆرەیە لەهەفتەیەكدا دوو ڕۆژ بەڕۆژدا دەوام ئەكەن و دوو شەو بە شەو، هەندێكیان هەینی دەوام دەكەن و هەندێكیان نایكەن بەجۆرێك لەهەفتەكە ٤٨ كاتژمێر كار ئەكەن.
ئەوانەی هەینیش دەوام ئەكەن لەڕۆژێكدا ١٢ كاتژمێر كاردەكەن، كاتیكار ٧ بەیانی بۆ ٧ ئێوارەیە، بەڕۆژدا ١٢ كاتژمێرو شەویش ١٢ كاتژمێر کار دەکەن. دوو ڕۆژ لەماڵ ئەبن، بەڵام ئەمانیش بەدەر نین لەخراپی هاتوو چۆو هۆكاری گواستنەوەو سەعاتی زیادە كار كردن بەتایبەتی شەفتی شەو بۆ ڕۆژەكەی ئەڕواتەوە هەر وەك سێ شەفتیە كەئەبێت هەتا كاتژمێر ٧:٣٠ زیاتر بمێنێتەوە بەهۆكاری دەوامی ٨ كاتژمێرییەكەی شەفتی ١١:٣٠ -٧:٣٠
ئەمە شێوازی كاركردنی كرێكارە لەگارگەی ئێمە. شێوازی تریشی تیایە كە بەچەندین ڕاپۆرت پێشێلكارییەكانی كاتیكار كردن و ئیزافە كاری تەواو نابێت و قورساییەكی زۆری بۆ كرێكار دروستكردووەو ناچارن بچنە ژێر باری ئەو پێشێلكارییانەوە بەهۆكاری ئەم زروف و وەزعەی ئێستا کەهەیەو بێكاری و بێمووچەی تەنگی پێهەڵچنیوین.
کرێکارێکی تر بەم جۆرە باس لەسیستمی شەفتات دەکات :
هەموو کارگەکان سیسەمی سێ شەفتی یاخود دوو شەفتیە. ئێمە باسی سێ شەفتی دەکەین چونکە لەسەدا هەشتا کارگەکان بەم سیستمە ئیشدەکەن. هەر شەفتێک ٨ کاتژمێر کارکردنە، ئەم سێ شەفتە جگە لەستافی ئیدارە، هەموو کارگە ئەگرێتەوە، واتە ئیدارەی کارگە تەنها ٨ بۆ ٤ ی ئێوارە دەوامدەکەن. لەهەر سێ شەفتەکەدا کارکردن وەکو یەکەو هەر بەشەو بەپێی سیستەمی کارەکەی. هەیە نیو کاتژمێر کارکردن و نیو کاتژمێر ئیسراحەت. بەڵام هەندێک بەشی تری تیایە کارکردنی زۆرقورس و ماندوکەرە، بۆ نموونە بەشی ئینتاجی لای ئێمە ٤٠دەقه کارکردن و ٢٠ دەقە ڕێست وەرگرتن. بۆ نانخواردن و نوێژکردن، ئەگەر جگەرەش بکێشی تەنها نیو کاتژمێر کاتت هەیە، پاشان لەنانخواردن کەهاتیتەوە وەکو سزایەک کەنانت خواردووە، پێویستە یەک کاتژمێر بێ پشودان کار بکەیت، پاشان ٢٠ دەقیقە ڕێست وەردەگریت. شەفتی شەوانە ١٢ی شەو دەست پێدەکات بۆ ٨ بەیانی، هەر بەشەو چەند کرێکاری هەیە، بۆ نموونە بەشی ئینتاج بەهەر سێ شەفتەکە ٧٠٠ کرێکاری هەیەو ڕەنگە زیاتریش کە گەورەترین بەشی کارگەیە….بەشەکانی تری هەمووی کرێکاری کەمترە وەک لەم بەشە. بەڵام هیچ بەشێکی بەقەد ئەم بەشە بێڕێز سەیر ناکرێت و بەقەد ئەم بەشەش ماندوو نیە.