کرێکارانی ژینگەپارێزی گەرمیان و ڕانیە، دەنگی ناڕەزایەتی بەرزئەکەنەوە!
ڕابەر ڕەفعەت : پەیمانێری دەنگی کرێکار
دوای ئەوەی هەواڵی ئەوەمان پێگەییشت ١٤ کرێکاری ژینگەپارێز لەناحیەی ڕزگاری سەربەئیدارەی گەرمیان و چەندین کرێکاری ژینگەپارێزی تر لەڕانیە لەکارەکانیان دوورئەخرێنەوە، دەستبەجێ تیمی دەنگی کرێکار لەڕێگای پەیوەندییەکانیەوە بەدواداچوون دەستپێدەکات لەسەر ئەم کەیسەو لێکۆڵینەوە لەڕاستی و دروستی ڕووداوەکە ئەکات.. پاشان گەیشتین بەم دەرئەنجامانەی خوارەوە:
یەکەم جار لەناحیەی ڕزگاری گەرمیانەوە:
١/ پەیوەندیمانکرد بەبەڕێوەبەرایەتی شارەوانی ناحیەکەوە، پاش ووتووێژو گفتوگۆیەکی زۆر، پێیان ڕاگەیاندین کێشەو هۆکاری ئەم ١٤ کرێکارە کەلەماوەی نزیکەی ١٥ ساڵدا لەم کۆمپانیایەدا کار ئەکەن وەکو باخەوان، ئەوەیە کەهەرجارێک کۆمپانیا دەگۆڕێت بەکۆمپانیایەکی دیکە ئەم کێشەیە دێتە پێشەوە. ئەم کۆمپانیایە ماوەی تەندەرەکەی کۆتایی پێهاتووەو ئەو کرێکارانەی کە وەکو باخەوان کاریان تێدا کردووە، کاتەکەی تەواو بووەو ئیستا تەندەری پاککردنەوە وەکو ژینگەپارێز بۆکۆکردنەوەی خۆڵ وخاشاک وەرگرتووە. کۆمپانیاکە لاری نیە لەوەی کە لەجیاتی باخەوانی، وەک کرێکاری پاککەرەوەی خاشاک وەریان بگرێت. بەڵام کرێکارەکان ئەڵێن ئێمە قوربانی دەستی ئەم کۆمپانیایانەین، نزیک١٥ ساڵە خەریکی ئیشین بەبێئەوەی شوێنەکەمان بگۆڕن، بۆیە ئەم کۆمپانیایانە وادیارە کاریان بەئێمە نەمابێت وا بەوشێوەیە دوورمان ئەخەنەوە بۆ جێگایەکی دیکە.
لەئەنجامی قسەکردنمان لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیەکە، ئەوان ووتیان بەڕاستی ئێمە پێوویستمان بەم ژینگەپارێزانە هەیە، بەڵام ئەگەر کەموکورتیەک هەبێت ئەوا پەیوەندی بەکۆمپانیاکەوە نیە لەبەرئەوەی تەندەرەکەی لێسەندراوەتەوە، پەیوەندی بەو لایەنانەوە هەیە کەتەندەرەکان وەرئەگرن، کەموکوڕییەکە لەوانەوەیە کەئەبوایە ئەم کرێکارانە بێکار نەکرابانەیەو یەکسەر ڕاستەوخۆ کۆمپانیایەکی تر کرێکارەکانی لەشوێنی خۆیدا وەک ژینگەپارێز دابنایاتەوە، چونکە کرێکارەکان خاوەنی ئەزمونێکی باشن لەکارەکانیاندا.
دواتر لەگەڵ پارێزەرێکدا قسەمان کرد لەسنوری ناوچەکە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم کەیسەو وەک پارێزەری دەنگی کرێکار کارمان بۆبکات، سەرەڕای ئەوەی کە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ دەنگی کرێکاردا، بەڵام ئەو ووتی: ئەم کەیسە هیچ لایەنێک یان ڕەگەزێکی یاسایی تێدا نیە. کاتێک ئێمە سکاڵای یاسایی تۆماردەکەین، ئەگەر ئەو ڕەگەزە یاساییانەی تێدا نەبێت، دادوەر ئامادە نیە کەیسەکە وەربگرێت. هەربۆیە ئەم کەیسانەی کەنێردراوون بۆداداگا وەکو
کەیسێک وەرنەگیراوون هەتا کاری لەسەر بکرێت. بەم هۆیەوە کۆمپانیاکە هیچ تاوانیکی نیە لەسەر سکاڵای ئەو کرێکارانە کە دەووترێت دەریانکردبێتن یان ئیزندراوون. تەنانەت کۆمپانیاکە بەڵێنی ئەوەشی پێدابوون کە ئەگەر کۆمپانیای دوای ئەویش کارەکەی وەرگرت هەوڵئەدات ئەم کرێکارانە دووبارە لەجێگای خۆیان دابنێتەوە. هەروەها کۆمپانیاکە ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئەگەر پێیان خۆشە بابێن لەلای ئێمە وەکو کرێکاری ژینگەپارێز کاری خۆیان بکەن.
ڕانــــــیە:
لەپێناوی ڕاستی و دروستی دەرکردن یان ئیزندانی کرێکارانی ژینگەپارێزی باخەوان لەڕانیە، دەنگی کرێکار پەیوەندی کرد بەیەکێک لەکارمەندەکانی کۆمپانیای ناوبراوەوەو بەم شێوەیە دوا بۆدەنگی کرێکار:
ئەوەندەی بەکرێکارانی ژینگەپارێزی ڕانیە بەشی باخەوانی لەکۆمپانیای هاڤەرو خالد شینکی دەگەڕێتەوە، گرێبەستی ئەوان لە ١/٤ هەموو ساڵێکەوە نوێدەکرێتەوە هەتا بەرواری ١/١١ ساڵەکە. لەم ماوەی چەند مانگەدا کرێکارانی بەشی باخەوانی بەهۆی جوانکاری و ئاودێری باخچەکانەوە ئەمێننەوە هەتا ١/١١ ئەو ساڵە. بەڵام لەمانگی ٢ ی ساڵی دواترەوە، جارێکی دیکە هەموویان دێنەوە سەرکارەکانیان بۆ بڕین و هەڵپاچینی دارو درەختەکان بەمەبەستی جوانکاریی باخچەکان. ئەوەی کە دەووترێت کرێکاران دەرکراوون لەکارەکانیان،تەنها بەمشێوەیەیە نەک دەرکردنێکی بەبێ هۆ…
بەڵام لێرەدا ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرو واقیعی هەیە کەکرێکاران لەهەردوو حاڵەتەکەدا قوربانی یەکەمن لەنێوان گۆڕین یان تبدیلردنی کۆمپانیاکان و حکومەتیش هیچ گرنگی و لێپرسراوێتییەک ناخاتە ئەستۆی خۆی دەرحەق بەژیانی کرێکاران. کاتێکیش ڕەخنەی لیدەگیرێت کەبۆچی ژیانی ئینسانێکی کرێکار دەهاڕیت و ئاوڕێکی جدی نادەیتەوە لەکرێکاران کەبەمجۆرە لەنێوان خۆت و کۆمپانیاکانتدا یارییان پێدەکریت، دەڵێت ئەوە کێشەو گرفتی کرێکاران و کۆمپانیاکانە نەک ئێمە، بەمجۆرە لەم کایە سیاسیەی نێوان کۆمپانیاو حکومەتدا کرێکاران ژیانیان داغاندەکرێت، بەتایبەتی باخەوانەکان کەساڵانە تووشی ئەم کێشەیە دەبنەوەو چەندین مانگ بێکارو دەستبەتاڵ ئەیانخەنەوە ڕیزی بێکارانەوە. ساڵانە ئەم کێشانە دووبارە ئەبنەوەو کرێکاران ئەبنە قوربانی لەنێوان تەندەرە جیاوازەکانی هەر کۆمپانیایەکدا، کاتێک کەکۆمپانیاکان ئەگۆڕێن یان تبدیل دەبن، ئەم کرێکارانە بێکار ئەبن یان شوێنی کارەکانیان دەگۆڕڕێت کەڕەنگە بۆ کرێکارەکان گونجاو نەبێت لەباری جەستەیی یان مەسرەفی هاتووچۆکرنەوە.
پێوویستە لەسەر حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئەم کێشەو گرفتانە چارەسەر بکەن و چیتر نەیەڵن دووبارە ببێتەوە بۆئەوەی کرێکاران نانبڕاو نەبن. هەوڵی جددی بدەن لەسەر ئەوەی کەکاتێک کۆمپانیایەک ئەگۆڕێت بەکۆمپانیایەکی تر، کرێکارەکان نانبڕاو نەکرێن و کرێکارەکان لەشوێنیکاری خۆیاندا بەجێگیرکراوی بهێڵنەوە..