لەیادی هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی کرێکاریدا
قادر عبەدوڵا، ناسراو بەشێخ قادر
| ئامادەکردنی: مەحمود حەلاق:
قادر عبداللە معروف، ناسراو بە شێـــخ قادر کرێکارێکی تێکۆشەری کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار. لەساڵانی هەشتاکان لەسەردەمی حکومەتی بەعسدا.. وەک هەڵسوڕاوێکی پەیگیرو خەباتگێری بزووتنەوەی کرێکاری لەکوردستان لەپێناوی هوشیارکردنەوەی کرێکاران بەماف و خواستەکانیان تێکۆشاوە وبەم هۆیەشەوە بەردەوام جێگای سەرنجی پیاوانی ڕژێمی بەعس بووە لەئەنجامدا چەندین جار تووشی کێشەو گرفتی گەورە کراوەتەوەو زیندانی کراوە.. وەک نمونەیەک کاتێک کە ئەرزە دابەشدەکرێت بەسەر کرێکاران و کارمەندانی کارگەی چیمەنتۆدا، لەناو هەر هەموویاندا تەنها ئەو بێبەش دەکرێت.. شێخ قادر هەمیشە بەو ئاواتەوە دەژیا کەچۆن کرێکاران بتوانن ڕێکخراوێکی واقعی کرێکاری دروست بکەن بەدەستی خۆیان کەببێتە پشت و پەنای کرێکاران و دیفاعیان لێبکات.. ئەو دەیووت خواست و ماف و داوای کرێکاران هێندە زۆرن کەهەر ئەوە دەتوانێت کرێکاران لەدەوری یەکتری کۆبکاتەوەو هێزی پەرش و بڵاویان بکات بەیەک و ڕیزەکانیان بپارێزن لەپەلامارەکانی خاوەنکار و دەسەڵاتداران بۆسەر سفرەی ژیانیان..
بەداخەوە شێخ قادر ساڵی ٢٠٢٠ بۆ هەمیشە بەجێمان دەهێڵیت و مێژوویەکی گەشاوەی تێکۆشان لەپێناوی کرێکاران و لەپێناوی ئازادی و عەدالەتدا بۆئێمە بەجێدەهێـــــڵێت..
نەمری و سەربەرزی بۆ هەموو ئەوانەی کەلەناو بزووتنەوەی چینی کرێکارو لەپاڵ کرێکاراندا قایم و پتەو ڕاوەستاوون لەپێناوی ژیان و ئایندەیەکی باشترو لەپێناوی کۆمەڵگایەکی عادل و بەرابەر بۆ ئینسانەکان تێکۆشاون وژیانی خۆیان بەختکردووە…
جێگای ئاماژەیە، بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار وەک ڕیزڵینانێک لەخەبات وتێکۆشانی شێخ قادردا، هەم یادی ئەم هەلسوراوە کرێکاریەی بەزرڕاگرت وهەم بڕوانامەی پێشکەش بەهاوڕێ و دۆستان و کەسوکەرەکەی کرد.