ململانێی بەردەوامی نێوان کارو سەرمایە، خۆی گەواهی لەسەر خۆی ئەدات!
| شاباز مەحمود
هەوڵی کۆمپانیاکان بۆ بەدەستهێنانی قازانج و بەرهەمی زۆر، بەشێوەیەکی سروشتی ئەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی پێویستی خاوەنکار بەکرێکار، هەر ئەوەش وادەکات ڕێژەیەکی بەرچاو لەکرێکارانی پیشەسازی بێکار بن و وەك هێزێکی ئامادە بەکار لەچاوەڕوانی کاردا لەمەیدانی بێکاریدا بەهەژاری ژیان بەسەر بەرن. کەڵەکەی سەروەت وسامانیش لەلای سەرمایەداران لەهەمانکاتدا زیادبوونی هەژاری وداماوی بۆ چینی کرێکار دەهێنیت.
کاردانەوەی شێوەی ئەم سیستمەی کەکۆمپانیاکان کاری پێدەکەن لەزۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا درکی پێدەکرێت بەتایبەت ئەو هەوڵانەی کۆمپانیا پیشەسازییە گەورەکانی ئەمریکا کە ئەیدەن بۆ کەمکردنەوەی تێچو، وە خۆلادان لەدامەزراندنی دەستیکار کارێکی وایکردووە قازانجی کۆمپانیاکان بووەتە گەورەترین بەش لەکۆی داهاتی گشتی ئەمریکا لەماوەی شەش دەیەدا، هاوکات ڕێژەی بێکاریش گەیشتوەتە ٩،١٪ و زیادبوونی حەقدەستیش لەشوێنی خۆیدا وەستاوە.
ئەگەر هەرێمی کوردستانیش بهێنینە ناو ئەم هاوکێشەیەوە، ئەوە ئەبینین کە بەشێوەکی گشتی خاوەنکارو کۆمپانیاکان سەروەت وسامانەکەیان بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنهەر کەڵەکەکراوەو بەرزبووەتەوە، کەچی لەملاشەوە ڕێژەی بێکاری ڕۆژانە ڕوو لەزیادبوونە، هاوکات کرێش بەگوێرەی پێداویستیەکانی ڕۆژانە لەئاستێکی ئێجگار نزمدایە. ئەگەر چی هێشتا هەرێمی کوردستان نەچووەتە ئاستێك لەپێشکەوتن کەهاوشێوەی ئەمریکاو وڵاتە پێشکەوتوەکان پڕۆژەی هەمەجۆری پیشەسازی تیداهەبێت،
بەڵام ئەم تایبەتمەندییە کە یەکێکە لەخەسڵەتەکانی سیستەمی سەرمایەداری لەهەرگۆشەیەکی ئەم جیهانەدا بێت هەر هەمانشتە. جیاوازی چینایەتی و نابەرابەری هەمەلایەنە هەرهەمان شتەو وابەستەی یەك سیستەمی ئابوری جیهانییە کە ئەویش سەرمایەدارییە، هەرئەمەشە کە وادەکات چینی کرێکار ناچاربکات بۆ خەبات لەپێناوی وەرگرتنی بەشی زیاترو بەشداری زیاتر لەپرۆسەی بەرهەهێنانی کۆمەیەڵایەتیدا.
بەڵام هەتا کاری بەکرێ وەسیلەیەك بێت بۆدەستەبەرکردنی ژیانی ڕۆژانەی کرێکاران و سەرمایەداران، هەتا خاوەندارێتی لەپەیوەندییەکانی کارو سەرمایەدا هەبێت، بۆ یەك ساتیش کێشەی چینی کرێکارو خاوەنکار ناوەستێت.
ئەم ململانێیە یەکێك نییە لەخەسڵەتە بنەڕەتیەکانی ئینسان، بەڵکو خەسڵەتێکی بنەڕەتی نیزامی ئابوری سەرمایەدارییەو بەشێکە لەهەزاران فۆرمی ئەم نیزامە کە ڕۆژانە بەشێوەی جۆراوجۆر بەرهەمدێتەوە.
گۆڕینی ئەم سیستەمەو بەدیهێنانی سیستەمێك کە لەڕیشەوە نابەرابەرییەکان هەڵدەتەکێنێت بەندە بەخەباتی ڕۆژانەی چینی کرێکارو ئامادەیی کرێکاران بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشترو بەرابەر لەهەموشتێكدا.. کرێکاران ناتوانن و لەتوانایدا نییە ئەم ژیانە سەختە بگۆڕێت ئەگەر هێزی خۆیان ڕێکنەخەن.. کەواتە وەرن با بەهێزی ڕێکخراوبوونمان بەدەستی خۆمان ئەم ژیانە سەختە بگۆرین.