عێراق:ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان لە بازاڕی كاردا بۆ ٪١٤ كەمبووەتەوە !
دەنگی کرێکار
كاركردنی ژنان لە عێراقدا سەختە، چونكە هەفتەیەك تێناپەڕێت چەند ڕووداوێك بەرامبەریان ئەنجام نەدرێت، جا كوشتن بە تۆمەتی شەرەف بێت یان دەركردنی ئارەزوومەندانە یان هەراسانكردن بێت، سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت: ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان لە بازاڕی كاردا بۆ ٪١٤ كەمبووەتەوە.
فازل غەراوی، سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق سەبارەت بە هەراسان كردنی ژنان لە كاتی ئیش و ڕووبەڕووكردنەوەی توندوتیژیی دژیان بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت. ئەو ڕایگەیاند، کەڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان لە بازاڕی كاردا بۆ ٪١٤ كەمبووەتەوە، كە كەمترە لە تێكڕای جیهانی كە ٪٢٠ـە، هەروەها ڕێژەی ئەو خێزانانەی كە ژنان سەرۆكایەتییان دەكەن نزیكەی ٪١١ـە. ئاماژەشی بەوە كردوە، کەئەم ئامارانە لەلایەن ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی كارەوە دەرچووە، بەپێی ئەو ئامارانە ١٣ ملیۆن ژن کە لە تەمەنی كاركردندان، لە عێراقدا هەیە، كە تەنها یەك ملیۆن ژن كاردەكەن، و ٪٧٠ لەوانە لە كەرتی حكومیدان وانە دەڵێنەوە، ژمارەی ژنان لە ٣٠٠ هەزار ژن زیاتر نین، كە لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن.
دەشڵێت: ئەمە نیشانەیەكی مەترسیدارە دەبێت هەمووان گرنگی پێبدەن و هەوڵبدەین لە هۆكارەكانی دوودڵی ژنان بۆ چوونە ناو بازاڕی كار لە كەرتی تایبەتدا تێبگەن، هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێكی بانكی نێودەوڵەتی، بەشداریكردنی ژنانی عێراق لە بازاڕی كاردا بە كەم دادەنرێت، كە تەنها لە ٪١٥ كەمتر پێكدەهێنێت. باسی لەوەشكرد، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، كەرتی گشتیی و حكومی زۆرترین خواستی لەسەرە لەلایەن ژنانەوە، ڕێژەكە نزیكەی ٪٧٨ـە بە بەراورد بە باقی كەرتەكانیتر، كە تەنها ٪٢١ـیان لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن، زۆرینەی ئەو ژنانەی كە لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن ژنانی گوندنشینن.
گرنگترین پێشێلكارییەكان بەرامبەر بە ژنان لە بازاڕی كاری تایبەتدا، كەمی حەق دەست، زیادكردنی كاتەكانی كاركردن، دامەزراندنی ژنان لە كارە مەترسییدارەكاندا، بەتایبەتی لە كارگەكاندا و بوونی حاڵەتی هەراسانكردنی سیکسی لە شوێنی كاردا.
حەنا عەدوەر سەرۆكی كۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی پشتڕاستی كردەوە، عێراق پێویستی بە یاسای نوێ هەیە، كە دادپەروەریی بەرامبەر بە ژنان بكات و مافی تەواویان پێبدات بۆ جێبەجێكردنی هەموو كارێك بە سیاسیی و حكومییەوە.
وتیشی: كاتێك باس لە ڕەخساندنی هەلی كار دەكرێت، ژنانی عێراق بەدەست نادادپەروەریی دەناڵێنن، لە یاسای كاردا ماف بۆ ژنانی كرێكار هەیە، كە پێویستە دامەزراوەكانی دەوڵەت پابەندبن پێیەوە، وەك سەلامەتی بۆ ژنانی دووگیان، دیاریكردنی ژمارەی كاتی كاركردن و پێدانی مۆڵەت بە ژنان، ئێستا ئەمانەش جێبەجێ ناكرێت.