ئێران: دەیان کرێکاری کانەکانی خەڵوز بەهۆی نەبوونی سەلامەتی کارەوە دەبنە قوربانی!
دەنگی کرێکار
نیوەشەوی ٢٠٢٤/٢٢/٩/٢١، بەهۆی کەڵەکە بوونی غازی میثانەوە لەدوو بلۆکی کانەکانی خەڵوزی مەدانل و لە شارۆچکەی تەباس، جارێکی تریش تەقینەوەیەکی گەورە ڕووئەدات و بەم هۆیەوە بەپێی هەواڵە سەرەتاییەکان هەتا ئێستا ٥١ کرێکار بوونەتە قوربانی. بەپێی زانیارییەکان، دوای تەقینەوەکە سەدان کرێکار گیریانخواردووەو دەیانی دیکەش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە کە بارودۆخی زۆرینەیان ناجێگیرە.
خاوەنی کانەکان کەدەستوپێوەندەکانی دەوڵەتن، بێشەرمانە دەڵێن: قەبارەی زۆری غازی میثان لەکانەکەدا بووەتە هۆی تەقینەوەکە! بەڵام ناڵێن بۆچی چەندینجارە لەکانەکاندا ئەم تاوانکارییە بەحەقی کرێکاران دەکرێت وەرجارەش ژمارەیەک دەکاتە قوربانی و هاندیکاپیان دەکات. مشەخۆرە خاوەنکارە قازانجخوازەکان و کۆمپانیای کانگاکان کە کۆنترۆڵی دەیان کان و ناوچەی کارپێکردنیان هەیە لەو دەڤەرەدا، هیچ گرنگییاننەداوە لەدڵنیابوون لەستانداردەکانی سەلامەتیکارو شوێنی کارە نائەمنەکان بوونەتە گۆڕەپانی کوشتنی دەستئەنقەستانەی کرێکاران.
ئەڵغام – مین، یەکێکە لەو ناوەندە کرێکار کوژانەی کانە خەڵوزەکان کە بەهۆی نەبوونی سەلامەتی لەژینگەیکارو قازانج پەرستی سەرمایەدارانەوە بەردەوام کرێکاران دەکاتە قوربانی. کانەکانی خەڵوز هەرلەتەباس، کیاسار، کلاریزەوە هەتا دەگاتە یورت، حەجداک، چێشپۆدنە، بیرهێنانەوەی کارەسات و مردنی کرێکارانن لەقووڵایی ٧ سەد مەتری زەویدا. ئامارە فەرمییەکان کەهێشتا زۆرێک لەمینە بچووکەکانیشی هەژمارنەکردووە، ئاماژە بە زیاتر لە سێ هەزار ڕووداو دەکات کەبەهۆی مینەوە نزیکەی ١٣ هەزار کرێکار برینداربوون و زیاتر لە ٤٣٠ کرێکاری کانەکان گیانیان لەدەستداوە لەماوەی دە ساڵدا. ئەوەی لەژێر سەردێڕی ڕووداوەکانیکاردا هەتا ئێستا تۆمارکراوە، دەرئەنجامی ڕەتکردنەوەی خاوەنکارەکانە لەدابینکردنی سیستەمی سەلامەتی لەشوێنیکاردا بەهۆی قازانجخوازی وتەماعی کەڵەکەی سەرمایە لەلایەن خاوەنکار لەسەر خوێنی کرێکارو یاری بەژیان و چارەنوسی ئەوانەوە.