Dangikrekar.com
وتار

کرێکاران سامان بەرهەم دەهێنن و دەوڵەمەندەکانیش ئەیدزن!

کرێکاران سامان بەرهەم دەهێنن و دەوڵەمەندەکانیش ئەیدزن!

 وەرگێڕانی:توانا حەمەنوری

١٤٨کۆمپانیا لەگەورەترین کۆمپانیاکانی جیهان لەساڵی ڕابردوودا هەتا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ١.٨٩٥ تریلیۆن دۆلار قازانجیان بەدەستهێناوە، بەبەراورد بەساڵی پێشوو بەڕێژەی ٥٢٪ زیادیکردووە. بۆ هەر ١٠٠ دۆلار لەو قازانجە خاوەن پشکە دەوڵەمەندەکان ٨٥ دۆلاریان خستۆتە گیرفانی خۆیانەوە.

بەخەڵک دەووترێت لەڕێگەی ماندووبوون و هەوڵدان دەتوانیت دەوڵەمەند بیت، بەڵام لەڕاستیدا گرنگترین فاکتەری دەوڵەمەندبوون دزی و تاڵانییە.سامان لە کوێوە دێت؟

سامان لەسەرمایەداریدا وەک کۆمەڵێک شمەک و کاڵا دەردەکەوێت.ئەم کاڵایانە ئەوانەن کە بەتایبەتی بۆ ئاڵوگۆڕکردن لەبازاڕدا بەرهەم دەهێنرێن. ئەم پرۆسەیە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانە نەک پەیوەندی شتەکان.چینی دەسەڵاتدار کۆنترۆڵی ئەو شتە دەکات کە کارل مارکس بە“ئامرازی بەرهەمهێنان” ناوی بردووە – کارگە، فەرمانگەو زەوی و هتد… زۆرجار بەشێوەیەکی تایبەت خاوەندارێتییان دەکەن و هەندێک جاریش دەوڵەتەکان خاوەنیانن. زۆرینە تەنها کاتێک دەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بکەن کە لەبەرامبەر کرێ یان مووچەیەکدا کار بۆ کەسێکی تر یاخود دەستگایەکی حکومی بکەن. کرێکاران ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانە بەرهەم دەهێنن کە کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی. لەشوێنەکانی کاردا کە نەخاوەنی خۆیانن و نەکۆنتڕۆڵیشی دەکەن.

وەک سۆشیالیستی ئەمریکی یوجین دێبس دەڵێت “سەرمایەدارەکان خاوەنی ئەو ئامرازانەن کە بەکاریان ناهێنن، کرێکارانیش ئەو ئامرازانە بەکاردەهێنن کە خاوەنی نین. سەرمایەداران خاوەنی ئەو ئامرازانەن کە چینی کرێکار بەکاری دەهێنن، ئەوەی چینی کرێکار بەرهەمی دەهێنێت خۆی خاوەنی نییەو ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە چەند سەرمایەدارێکی کەم بەشێوەیەکی ئەفسانەیی دەوڵەمەند دەبن، لەکاتێکدا ملیۆنەها کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش لەهەژاری و نەزانی و وابەستەییدا دەمێننەوە”.

کەواتە کرێکاران لەڕاستیدا “دروستکەری سامان”ی سەرەکین. بوون بە“دروستکەری سامان”یش نابێتە هۆی ئەوەی دەوڵەمەند بیت. ئەو کاڵاو خزمەتگوزارییانەی کرێکاران بەرهەمی دەهێنن هی خۆیان نییە، بەڵکو هی خاوەن کارەکانە.چینی کرێکار لەپرۆسەی بەرهەمهێنانی شمەک و کاڵاکاندا سامانی سەرمایەدارەکانیش بەرهەم دەهێنێتەوە. کرێکار تەنها بەهایەکی ئەوتۆ بەدەست دەهێنێت کەڕێگەی پێبدات بگەڕێتەوە سەر کارەکەی. بەشێکی زیادەی بەها لەدەرەوەی کرێ- مارکس، بە “بەهای زیادە” ناوی دەبات – لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە کۆدەکرێتەوە.ئەوە ناوەرۆکی چەوساندنەوەیە. کرێکاران زیادەی بەرفراوان بەرهەم دەهێنن، کە لەکۆتاییدا دەچێتە دەستی ئەو کەسانەی کە حوکمڕانن بەسەریاندا. هەتا زیاتر کار بکەن چەوسێنەرانیان دەوڵەمەندترو بەهێزتر دەبن.

خاوەن کارگەکان و سەرۆکی کۆمپانیا فرەنەتەوەکان و خاوەن مەزرەعەکان تەنها لەبەر ئەوەی کرێکاران “کەسانی خراپن”ناچەوسێننەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی سەرمایەدارن ئەو کارە دەکەن.کۆمپانیاکان بە بەردەوامی خاوەنەکانیان دەگۆڕن. زۆرجار سەرۆک و بەڕێوەبەرەکان لەکارەکانیان دوورخراونەتەوەو دەگۆڕدرێن. بەڵام شێوازی کارکردنیان ناگۆڕێت. ئەوەی دەیانباتە پێشەوە، پاڵنەرێکی سیستماتیکە بۆ بەرهەمهێنانی سامان. “کۆی بکەنەوەو کەڵەکەی بکەن”، وەک مارکس باسی کردووە.لەکاتێکدا ڕەنگە سەرمایەداران لەدژی کرێکاران یەکبگرن، بەڵام هەمیشە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن.

سیستەمی سەرمایەداری بەگشتی لەلایەن ئەم دوو هێزەوە دەجوڵێت – کەڵەکەبوونی سەرمایەو کێبڕکێی نێوان سەرمایەداران. ئەمەش ناسەقامگیری دروست دەکات. ئەوەی نەگۆڕە ئەوەیە کە ئەوانەی خاوەن و کۆنترۆڵی سامانەکەن هەمیشە دەیانەوێت قازانجی زیاتر بکەن.تەکنەلۆژیای نوێ و کۆمپیوتەر دەتوانێت بەرهەمهێنان خێراتر بکات، ڕەنگە بەهۆی ئەمەوە سەرمایەدارێک پێش سەرمایەدارێکی تر بکەوێ. بەڵام ئەوەی بەڕاستی جیاوازی دروست دەکات بڕی ئەو کارەیە کەدەتوانرێت لەهەرکرێکارێک دەربهێنرێت و لەبەرامبەریشدا چەند بدرێت بەو کرێکارە بۆ ئەوەی بژی.ئەمەش واتە پاڵنانی کرێکاران بۆ کارکردنی درێژترو شەفتی سەختترو لەهەمان کاتیشدا هێشتنەوەی مووچە لەئاستی خۆیدا. سیستەم لەسەر کاری چینی کرێکار بنیات نراوە، بەڵام شێوازی چەوساندنەوەی ئەو کارە ململانێی چینایەتی دەکاتە شتێکی حەتمی.

 

Related posts

سویسرا: نوێنەری دەنگی کرێکار لەخوپێشاندانێکدا لەبەردەم کۆنگرەی ڕیکخراوی کاری جیهانیدا بەشداری دەکات.

Dangi Krekar

خۆپیشاندانی کرێکارانی پارێزگای زیقار

Dangi Krekar

ئایا خەتای کرێکارانی هاتووە کەکرێ و حەقدستی کەمکردۆتەوەو کرێکارانی ”خۆماڵی” بێکار کردووە؟ 

Dangi Krekar

Leave a Comment