ئایا خەتای کرێکارانی هاتووە کەکرێ و حەقدستی کەمکردۆتەوەو کرێکارانی ”خۆماڵی” بێکار کردووە؟
مەحمودی حەلاق
ئایا خەتای کرێکارانی هاتووە کەکرێ و حەقدستی کەمکردۆتەوەو کرێکارانی ”خۆماڵی” بێکار کردووە؟! دەبێت بڵێین نەخێر! بەڵام بۆچی نەخێر؟!
نەعرەی نەتەوەیی و جۆشدان و تەرویجکردنی لەلایەن ناسیونالیزم و نەتەوەپەرستانەوە لەدژی کرێکارانی هاتوو، ئەستۆپاکی و ڕووسور نیشدانی بۆرژوازی کوردییە لەپێناوی قازانجێکی ئێجگار گەورە لەهەرزانی حەقدەست و کرێی کرێکاری ناوخۆدا کەلەم چاڵە تاریکە دژە کرێکارییەدا دەستی ئەکەوێت. بابزانین چۆن؟
کۆمپانیاو خاوەنکار هەمیشە بەدوای قازانج و کەڵەکەی سەرمایەی خۆیدا دەگەڕێت. بەردەوام بەشوێن هێزی کاری هەرزانەوەیەو لەپێناوی ئەو قازانجە گەورەیەشدا ئیشی گەورەی سەدان کرێکاری بەدەیان کرێکار دەکات بۆقازانجی زیاتر. بۆئەوەی ڕەواج بەم بازاڕە هەرزانەی کاریش بدات، دێت و سودی گەورە لەلێشاوی ئەوکرێکارو زەحمەتکێشانە وەردەگرێت کەلەئەنجامی بێکاری و بەتاڵی لەووڵاتانی خۆیانەوە ڕوودەکەنە کوردستانەوەو لەپێناوی ژیانیاندا هێزی کارەکەیان هەرزانفرۆش دەکەن.
جەماوەرێکی فراوانی زەحمەتکێشانی هاتوو لەووڵاتانەوە کە بەزەلیلترین شێوە کۆیلەی سەرمایە کراوون لەکوردستاندا، هیچ ماف و ئیمتیازاتێکیان نیە، سەیران و خۆشیان نیە، بەبارمتە گیراوون لەماڵە داراو دەوڵەمەندەکاندا، لەناو براندە گەورەکانی بیناسازیدا، بەبیانووی نۆکەری و جاسوسیەوە، بەپاساوی نەعرەی قەومی دژی کوردو کوردستانەوە، ئیقامەیان بۆتازە ناکرێتەوە..
سەرمایەداری کوردو کۆمپانیاکانیان هیچ گرنگی نادەن بەکرێکاری”نەتەوە”کەی خۆیان، ئامادە نین ژیانێکی تێرو تەسەل بۆ”برا کرێکارە کوردەکان” بە ڕەوا بزانن، ئامادەش نین کرێ و حەقدەستی ”کرێکارانی برا” هەتا ئاستی گرانی شتومەک و ژیانکردن لەئێستادا بەرنە سەرەوە، گوێ بەسەلامەتی شوێنی کاری ئەوان نادەن، سەعاتکاری دەو دوانزە کاژێری دەهەزار دیناری، نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی، نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نەبوونی ئازادی ڕێکخراوبوون..و..تاد. ئەوان نەک هەر هەمیشە ئامادەن کرێی ئەوان بۆنزمترین و خراپترین ئاستی بهێننە خوارەوە بەقیمەتی وێرانکردنی ژیان و گوزەرانی ئەوان، بەڵکو هێشتاش مووچەی ”کرێکارانی برا”و حەقدەستەکانیان بەنیوەناچڵ و چەند مانگ جارێک بەلێبڕینەوە وەک مننەتێک ئەیدەن بەوان. کرێکارانی هاتووش بەهۆکاری نەزانی و نائومێدی و پێویستی ماددی، کارەکانیان هەرزان فرۆش دەکەن و بەکاری قورس و تاقەت پڕوکێنەوە سەرقاڵن لەپێناوی ژیانیاندا.
ئەوان بەم جۆرە دووبەرەکی ئەخەنە ڕیزەکانی کرێکارانەوەو ڕاستەوخۆ کرێکارانی هاتوو تاوانبار دەکرێن بەهۆکاری دابەزاندنی نرخی هێزی کارو بێکاربوونی کرێکارانی”خۆماڵی”.. لەکاتێکدا سەرمایەدارانی کوردو مۆڵ و کارگەو کۆمپانیاکانیان جگەلە قازانجی سیاسی خۆیان لەئاژاوەنانەوەی شۆڤێنیستی نەتەوەچێتی نێوان کرێکاران، گەورەترین قازانج و کەڵەکەی سەرمایە دەکەن. ئەوان لەئاستی ژیان و گوزەرانی کرێکارانی”خۆماڵیدا” نەک هەر خۆیان بەلێپرسراو نەزانیوە، بەڵکو هەرخۆیان کرێکاری ”برا کوردەکانیان” لەناهەموارترین هەل و مەرجی کارو بەکەمترین حەقدەستەوە کردووە بەکۆیلەو ئەگەر دەنگێکیش هەڵبڕن، ئەوا لەسەر کار دەردەکرێن وئەخرێنە ڕیزی بێکارانی سەدان هەزار کەسییەوە..
ئەگەر خەتای کرێکارانی هاتوو بێت کەبازاڕی کاری هەرزانفرۆشی کردووەو بەم هۆیەوە کرێکاری کوردی بێکارو بەتاڵ خستۆتە سەرشەقامەوە!! ئەی کێ هۆکاری پێنەدانی مووچەی مامۆستایان و مووچەخۆرانی کوردستانە؟ کێ مووچەی کرێکارانی بەبارمتەگرتووە بۆچەندمانگێک؟ کێ نێوە مووچەو بەچەند مانگ جارێک مووچەی داهێنا؟ کێ بەرپرسیارە لەدانەمەزراندن و سازنەکردنی هەلیکار بۆحەشاماتێکی فراوان لەدەرچووی زانکۆو پەیمانگاکان؟ کێ بەرپرسیارە لەبەکۆمپانیاکردنی خزمەتگوزارییەکانی ناوەندەکانی خوێندن، خەستەخانەو دەواو دکتۆرو سێکتەرەکانی تر کەبەربوونەتە گیرفان و گوزەرانی خەڵک؟ کێ بەرپرسیارە لەگرانی بازاڕو مەوادی خۆراکی؟ کێ بەرپرسیارە لەکۆچی بەکۆمەڵی گەنجان و لاوانی ئەم ووڵاتە؟ کێ بەرپرسیارە لەڕێژەی ترسناکی جیابوونەوەکان کەخەریکە شیرازەی خێزان لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە؟
خەتای کرێکارانی هاتوو لەسەر بێکاری و نزمترین ئاستی کرێ، پاساوێکی شۆڤێنیستی دژە کرێکارییە کەدەبێت کرێکارانی ووشیاری کوردستان نەک هەر دژی بووەستنەوە، بەڵکو سەرنجی کرێکارانی هاتووش ڕابکێشن بۆ خەباتی هاوبەشی چینایەتی خۆیان لەدژی هەر هەوڵ و تەقەللایەک کەلەلایەن دەسەڵاتی بۆرژوای کوردایەتی و دەستوپێوەندەکانیەوە بەناوی نەتەوەپەرستیەوە کرێکاران پەرت پەرت دەکەن و دەیانخەنە سەنگەری دژی یەکترییەوە.
پێویستە ئەوە ڕوون بێت کەچینی کرێکار چینێکی جیهانییە، نۆکەری بۆ بۆرژوازی، دوژمنایەتی بەرامبەر چینی کرێکارو مەیلی نەتەوەیی نیە. بەم هۆیەوە دەبێت لەئاستی کۆمەڵگاو لەناوەندەکانی کارکردندا لێبڕاوانەبجەنگین لەدژی ئەم نەعرەو تێڕوانینە دژی کرێکارییانە کەلەلایەن دەستوپێوەەندو لێکۆڵەرو نوسەرانی ناسیونالیزمەوە ئەڕژێتە ناو کۆمەڵگاوەو بەتایبەتی بۆ ناو کرێکاران. نابێت ڕێگە بدەین دەمارگیری نەتەوەیی سێبەری تێگەیشتنی خۆیلەناو خەباتیچینایەتی کرێکاراندا دابنێت، مەسەلەکە ناسنامەی نەتەوەیی کوردستان-وڵاتان نییە، بەڵکو لەسەر پێگەو بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارانە بەبی جیاوازی.
ئەرکی ئێمەی کرێکارانی ووشیارو پێشڕەو، بێبەشکردنی چینی دەسەڵاتدارە لەچەکی دابەشبوون و نەهێشتنی کێبڕکێ لەڕیزەکانی چینی کرێکاردا، بۆیە پێویستە بەردەوام جەخت لەسەر هاودەنگی نێوان کرێکارانی کوردو و کرێکارانی بێبەشی هاتوو،چارەنووسی هاوبەشیان بکەینەوە. پێویستەسیاسەتی پەرتەوازەکردن لەنێوان کرێکاراندا لەلایەن بۆرژوازییەوەو هەموو ئەو پێشوەختە شۆڤێنی و پڕوپاگەندە دژە کرێکارییە کەخزمەت بەم سیاسەتە دەکەن پەیگیرانە ئاشکرا بکەینەوە. نابێت ڕێگا بدەین بۆرژوازی بەپێی ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، لەسەرکار یان بێکاربوون و..هتد، دابەشکاری لەنێوان کرێکاراندا دروست بکات.دەبێت بەهوشیارییەوە ڕووبەڕووی دەمارگیری شۆڤێنیستی و ژەهراوی بۆرژوازی لەنێو جەماوەری خەڵکدا ببینەوە.