Dangikrekar.com
ڕاپۆرت

بەپێچەوانەی یاساوە، کۆمپانیایەکی خاشاک، سزای کرێکاران دەدات!

بەپێچەوانەی یاساوە، کۆمپانیایەکی خاشاک، سزای کرێکاران دەدات!

 

بەدواداچوونی پەیامنێری دەنگی کرێکار

 

لەبەدواداچونێکدا بۆ ناوچەی بازیان/سلێمانی، پەیامنێری دەنگی کرێکار، لەگەڵ کرێکارانی کۆمپانیایەکی کۆکەرەوەی خۆڵ وخاشاکدا، چەند دیدارێکی لەگەڵ کرێکاراندا سازداو ئەوانیش لەسەر دۆخی کارو مامەڵەی خاوەن کۆمپانیاکە چەند ڕاستیەکیان ئاشکراکرد کەلێرەدا بەکورتی ئاماژەیان پێدەکەین:

١/ کۆکردنەوەی جەژنانە بەکرێکاران:

وەک عادەتێک کەلە کوردستاندا باوە، کرێکارانی ژینگەپارێز بەیەک دوو ڕۆژ پێش جەژن هەڵدەستن بەکۆکردنەوەی جەژنانە لەکۆڵان و گەڕەکەکانداو دواتر ئەم پارەیە لەنێو خۆیاندا دابەش دەکەن. بەڵام بۆ جەژنی ڕەمەزانی ٢٠٢٤، لێپرسراوی ئیدارەی کۆمپانیای شکار هەستاوە بەڕاسپاردنی کرێکارانی زوونەکانی ئەوان (شارەوانی ٥) بەکۆکردنەوەی جەژنانەو هەر یەکەشیان بڕیکی دیاریکراوی خستۆتە ئەستۆیان و داوای لێکردوون کە بڕی جەژنانەی کۆکراوە بگێردرێتەوە بۆ خاوەن کۆمپانیاکەو گوایە ئەویش بەشێوەیەکی یەکسان دابەشی دەکاتەوە بەسەر سەرجەم کرێکارانی شارەوانیەکاندا کە ١٠٥ کرێکارە. دوای ئەوەی کە کرێکارەکان کارەکەیان ئەنجامداوە، خاوەن کۆمپانیاکە ئەو بڕەی کە کۆکراوەتەوە قبوڵ نەکردوە لەو کرێکارانەی کەکورتی هێناوە لەبڕی دیاریکراو، بۆیە هەڕەشەی لەو کرێکارانە کردووەکە ئەگەر ئەو بڕە پارەیە نەهێننەوە یان بڕەکەی تەواو نەکەن، ئەوا لە موچەکانیان دەبڕدرێت، لەکاتێکدا چ لەیاسا کارپێکراوەکانی هەرێمداو چ لەو گرێبەستەدا کەکرێکاران واژۆیان کردوە، ڕیگەنادات کە هیچ خاوەن کارێک ئەم جۆرە کارانە بەکرێکاران بکات. قسەی کرێکارەکان ئەو ڕاستیە دەردەخات کەخاوەن کۆمپانیاکان لەدەرەوەی یاسادا کاری کۆکردنەوەی پارە بەکرێکاران دەکەن وئەگەر بەپێی مەرجی ئەوان ئەنجامی نەدەن ئەوا ڕووبەڕوی سزای لێبرێن لەموچەکانیان دەبنەوە.

ئەوەی جێگای ئاماژەیە، بەسایەق کەپسەکانیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت لەو پارەی جەژنانەیە تێچووی مەسرەفی تجفید کردن و چاککردنەوەی سەیارەکانیان بخەنە ئەستۆی خۆیان.. ئەمە لەکاتێکدایە کە تەنانەت نانخواردن و ئاوی خواردنەوەو پێداوویستیەکانی کاریش کەوتۆتە ئەستۆی کرێکارەکان خۆیان.. خۆئەگەر یەک ڕۆژیش کرێکارێک بەهەر هۆیەکەوە نەڕواتەوە سەرکار، ئەوا بڕی ٣٠ هەزار دیناری لێدەبڕن لەکاتێکدا ڕۆژانەکەی خۆی تەنها دە هەزار دینارە.. ئەمە جگەلە لێدان و ئیهانەی جاروبار بەکرێکاران.

٢/ کاری زیادە:

کرێکارانی ژینگە پارێزی ئەم کۆمپانیایە ئەو ڕاستیەیان ئاشکرا کرد کەخاوەن کۆمپانیا کاری زیادە بەکریکاران دەکات بەبێ ئەوەی بەپێی ڕێکەوتنی دوتەرەفەی نێوان کرێکارەکەو خاوەنکارەکە بێت. تەنانەت لەو کاتانەشدا کەکاری زیادە لەسەر کاغەز تۆمار دەکرێت، خاوەن کۆمپانیا بەپاساوی جیاجیا هەقدەستی کارە زیادەکەیان پێنادات. لەمبارەوە بەقسەی یەکێک لەکریکارەکان، ساڵ زیاترە خاوەن کۆمپانیاکە دەستی بەسەر ملیۆنیک دیناری کریکارێکدا گرتوەو پێینەداوەتەوە.

٣/ توند کردنەوەی کار:

کرێکارەکان لەبارەی کارەکەیانەوە ئەوڕاستیەشیان ئاشکراکرد کە خاوەن کۆمپانیا پێشتر بەزیاتر لە ٤٠ سەیارەی گواستنەوەی خاشاک کاری بەوان دەکرد، کەچی لەئیستادا تەنها ٦ سەیارە دەخاتەکارەوە و مەودای شوێنیکار چەند بەرابەر زیاد کردوەو کارێکی قورسی خستۆتە سەر ژمارەیەک کەمی کرێکاران. بەمەش کریکاران ماندوبوونێکی زۆر دەچێژن.

٤/ خانەنشینی:

پەیامنێری دەنگی کرێکار لەبارەی مەسەلەی خانەنشینیەوە پرسیاری لەکرێکاران کرد، بەڵام هیچ کەسێکیان دڵنیانەبوون لەوەی کەخاوەن کۆمپانیاکە بڕی پارەی دیاریکراوی بۆ دەستەبەری کۆمەڵایەتی(ضمان) ناردبێت هەتا بتوانرێت  لەداهاتوودا خانەنشینی بیانگرێتەوە. تەنانەت ئەوەشیان خستەڕووکەپارەیان بەناوی خانەنشینیەوە لێدەبڕدرێت بەڵام نازانن ئەوپارەیە بۆکوێ دەچێت وخاوەن کۆمپنیاکەش هیچ زانیاریەکی پیویستیان پێنادات!

جێی ئاماژەیە، هەموو ئەم دۆخە نالەبارە ڕووی لەکرێکارانی کەرتی تایبەتی کردووە، خاوەن کارەکان بەبێ گویدانە یاساوڕێسا بەرکارەکانی هەرێم کرێکاران دەچەوسێننەوەوسزای نایاسایی بەسەریاندا دەسەپێنن ولەولاشەوە نەوەزارەتیکارو نەحکومەتی هەرێم لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکات.

 

Related posts

گفتوگۆی دەنگی کرێکار لەگەڵ یەکێك لە کرێکارانی کوپنیای نەوتی باکور(شرکة نفط الشمال)

admin

ژنان و مافەکانیان لەیاسای کاردا

Dangi Krekar

پەیامی ڕیکخراوی کرێکارانی بیناسازی بەبۆنەی یەکی ئایارەوە

Dangi Krekar

Leave a Comment