Dangikrekar.com
وتار

بەڵێ بۆ یاسایەک کەمافی کرێکاران بەرامبەر بە ڕوداوەکانی شوێنی کاردا دەپارێزێت!

بەڵێ بۆ یاسایەک کەمافی کرێکاران بەرامبەر بە ڕوداوەکانی شوێنی کاردا دەپارێزێت!

 

ڕوداوەکانی شوێنی کار ڕۆژ بەڕۆژ ڕوو لە زیاد بونە و تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان رێگاو شوێنی گونجاویان نەگرتوەتە بەر بۆبەرگرتن یان لانیکەم کەم کردنەوەی روداوەکانی شوێنی کارو ئەو کوشتارەی لێیدەکەوێتەوە.   لەکاتی بەرکەوتنی کرێکارێک لە شوێنی کارەکەی ئەگەر شانسی ئەوەی هەبێت گیان لەدەست نەداو تەنها برێندار بێت یان قاچ ودەستی بشکێت ئەوا سەرەڕای نەبونی و کەم دەرامەتی ئەبێ لەسەر حسابی خۆی ولەگیرفانی خاڵی خۆی و کەسانێکی ئینسان دۆست یان خزم وکەسەکانی، عیلاج وەرگرێ، ئەمە لەکاتێکدا کە  کۆمەڵیک یاسا هەیە، لە هەرێمی کوردستان باس لەمافەکانی کرێکار دەکات لەکاتی گیرۆدەبوونیان بەڕووداوەکانی شوێنیکار، بەڵام ئەم یاسایانە  لەسەر ڕەفەکان تۆزی لێ نیشتون   و هیچ کەسولایەنێك گوێیان پێناداو جێ بەجێیان ناکات، وەیا ئەگەر کرێکارێک هانایان بۆ بەرێت ئەوا دیسانەوە هێندە بەربەست وسەختی ڕووبەڕوی دەبێتەوە، ناچاردەبێت دەست لەمافەکانی خۆی هەڵگرێ و بەفەرامۆشی بیان سپێرێت.

لەم پەیوەندەدا ئەگەر ئاوڕێک لە بەشی ٥ی یاسای خانە نشینی و دەستەبەری کۆمەڵاتی بدەینەوە وسەرنج لە مادەو برگەکانی تایبەت بە بەرکەوتنی کرێکاران لەشوێنی کاردا بدەین، ئەوا دەبینین یاساکە دانی بە هەندێ مافی کرێکاراندا ناوە، کاتێک بەرکەوتەی ڕوداوەکانی شوێنی کاردەبن  وئەگەر جێبەجێ بکرێن لانی کەم دەتوانێت باری گرانی ئەو کرێکارانە کەمێك سوك بکا. بۆ نمونە: لەمادەی ٥٤ دا هاتوەو  ئەڵێت: ” لەکاتی ڕوودانی شوێنی کاردا ئەبێ بەخێرایی بەرکەوتوەکە ببرێت بۆ نزیکترین نەخۆشخانە تا چاك دەبێتەوە لەسەر خاوەنکارەکەیەتی کەخزمەتی بکا ومەسروفاتی دەورانی پەکەوتەییەکەی لەئەستۆ بگرێ“ ، بەڵام بەداخەوە لەهەندێ شوێن نەك هەر خزمەتی کرێکارەکە ناکرێت، بەڵکو لەبەرنەبونی پێداویستیە زەروریەکان پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدەن.

هەروەها لەمادەی ٥٥ دا بە هەمان شێوە هاتوە: ” لەسەر دامەزراوەی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتیە کە تەئمینی هەموو پێداویستیەکانی عیلاج بۆ بەرکەوتوەکە بکات“ .بەڵام کاتێک بەرکەوتوەکە دەیان بەڵگەو موستەمسەك دەباتە بەردەستی دامەزاوەکانی سەر بەوەزارەتی کار کەچی هیچ ئەنجامێکی نابێت وسەرەنجام نەخۆشەکە بێزار دەبێت و واز دەهینێت وئیتر لەسەرحسابی خۆی عیلاج وەردەگرێ .

ئەم هەلومەرجە سەختە کە کرێکارانی کوردستانی تێدا ڕاگیراوە لەگەڵ ئەوەدا کە پێویستە یاسایەک کەمافەکانی کرێکاران بەڕۆشنی و هەمەلایەنە، بەرامبەر بەڕوداوەکانی شوینی کار لەبەرچاوبگرێ وببێتە جیگای کارپێکردن، هاوکات دەبێ لێژنەکانی کرێکاران و نوێنەرانی کرێکاران مافی ئەوەیان هەبێت چاودێربن بەسەر جێبەجێکردنی یاساکەدا. بێگومان ئامانجێکی ئاواش تەنها بەخەباتی بێوچان  و یەکگرتووی ڕێزەکانی کرێکاران مەیسەردەبێت.

Related posts

کرێکارێکی هیندی لەنێوان بەرداشی دوو زۆندا!

Dangi Krekar

دوا ستوون /پارچەکاری وکاری کۆنتەراتی و ئاکامە زیانبارەکانی بۆ سەر ژیانی کرێکاران!

Dangi Krekar

رۆژنامەی دەنگی كرێكار سەردانی میترۆیان كرد

Dangi Krekar

Leave a Comment