Dangikrekar.com
وتار

بۆچی نابێ کرێکاران بەبێ گرێبەست کار بکەن؟

بۆچی نابێ کرێکاران بەبێ گرێبەست کار بکەن؟

خەسرەو سایە

گرێبەستی کارچییەو بۆ دەبێ هەر کرێکارێک کە لەشوێنێك کاری کرد، پێویستە گرێ بەستی هەبێت؟ ئایە کرێکاران و خاوەنکارەکان گوێ بە گرێبەستی کار دەدەن؟ یاسای کار سەبارەت بەگرێبەستەکانی کار چی دەڵێت؟

لەهەر کارێکدا دوڵایەن دەکەونە مامەڵەوە، یەکێکیان کرێکارە کەهێزی کاری خۆی بۆ ماوەیەک ولەبەڕامبەر بڕێک پارەدا کەپێی دەلێن “کرێ” دەفرۆشرێت. دوەمیشیان خاوەنکارە کەهێزی کار لە هەلومەرجێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی و یاساییدا بەپێی چەند مەرجێک دەکرێت وسەرەنجام کرێکارەکە دەخاتە نێو کارەوە، بەم جۆرەش ڕێکەوتنێک لەنێوان هەردولادا دێتە ئاراوە، کەپێی دەوترێت گرێبەست، سائیتر ئەم گرێبەستە نوسراوبێت یان نەنوسراو. بەڵام ئەوەی لەئێستادا باوە وکۆمپانیا وخاوەن کارەکان پەیڕەوی لێدەکەن ئەوەیە کەگرێبەستی هەر کارێک لەفۆڕمێکدا تۆمار دەکرێ کەتێیدا هەردولا واژۆ لەسەر تەبیعەتی کارەکە ومەرج و داواکانی خۆیان دەکەن. بێگومان ئەم فۆرمە قابیلیەتی یاسایی هەیە و هەردولا دەتوانن لەحاڵەتی سەرپێچی کردندا وەک بەڵگە بیخەنە بەردەم دادگا. بێگومان بۆ کرێکاران گرنگە کەهیچ کارێک بەبێ کرێبەست ئەنجام نەدەن، تەنانەت ئەگەر ماوەی کارەکە کەمیش بێت، ئەمەش بۆ ئەوەیە تا بتوانێت هەم سنورێک بۆ دەسەڵاتی خاوەن کار دابنێ و لەوچوارچێوەیەدا زیاتر کاری پێنەکا ومەرجی زیاتری بەسەردا نەسەپێت، و هەم وەک بەڵگەیەک بۆ داکۆکی کردن لەمافەکانی خۆی لەدادگادا بەکاری بهێنێ ولە پاشەڕۆژیشدا بیکاتە سەرچاوەیەک بۆ بەدەست هێنانی مافی خانەنشینی. لەیەک وتەدا گرێبەستی کار بۆ کرێکاران لەو ڕووەوە گرنگە کەخۆی بکاتە خاوەنی بەڵگەنامەیەکی یاسایی تا ڕێگا لەسەرپێچی خاوەنکارەکان بگرێت.

لەکوردستان ئەگەرچێ پەرلەمانی کوردستان یاساکارێکی تێپەڕاندووە، بەڵام بەهۆی کێشە سیاسیەکانی نیوان هەردوحوکەمەتی بەغدا وهەرێمەوە ودواتریش پەکخستنی پەرلەمان ئەو یاسایکارە، ڕاگیراوە وشيرعیەتی یاسایی نیە، بۆیە  هێشتا کار بەیاسای کاری کۆنو تازەی عێراقی دەکرێ کەتێیدا باسی گرێبەستی کار کراوە. لەم یاسایانەدا هاتووە کە گرێبەست بەو فۆرمە دەڵێن کەلەنێوان خاوەنکارو کرێکارەکەدا واژۆ دەکرێ وئەبێ خاوەنکار و کرێکار هەردولا پابەندبن پێیەوە.

واتە کرێکارەکە دەبێ پابەند بێت بەو کارەوە کەخاوەنکار بۆی دیاری دەکاو ئەنجامی بدا، خاوەنکاریش بەهەمان شێوە دەبێ پابەند بێت بەو حەقی کارەوە کە کرێکارەکە پێی هەڵدەستێت. هەروەها یاساکانی عیراقی ئاماژە بەوە دەکەن کە دەبێ لەفۆرمی گرێبەستی کاردا، ئاماژە بەماوەی کارەکە بکرێت، لەو کاتەی کەدەست پێدەکا تا کاتێک کەتەواو دەبێت وچۆن وبەچ شێوەیەك ئەوگرێبەستە کۆتایی دێت. تەنانەت لەیاساکەدا هاتووە کە گرێبەست بنوسرێت باشە نەك رێکەوتنێکی بێت بەدەمێ واتە بەس بەقسەبێت.. بەڵام کێشەی سەرەکی لەوەدایە کەبەشی هەرەزۆری کرێکاران شارەزای یاسایکار نین وناشزانن چ مافێکیان پێدراوە، ئەوان لەهەرکوێەک کارێکیان دەستبکەوێ دەیکەن. ئەوەی کە شارەزای یاسایە ویاسا ناسە ئەو دادوەرو قازیانەن کە دامەزراوەی تایبەتیان هەیە ودەبێ یاساکان وەك خۆی جێبەجێ بکەن. تەنانەت ئەگەر کرێکاران بۆخۆشێان نوێنەرایەتیەکی یاساییان هەبێت دیسانەوە کێشەکانیان هەر دەچێتەوە بەردەستی دادوەرو بەپێی یاسای تایبەت بەکاروباری کرێکاران موعامەلەی لەگەڵدا دەکرێ. بەڵام ئەوەی گرفتە ئێمە لەگەڵ حکومەتو یاسا و کۆمەلیک دام و دەزگادا بەڕەوڕوین کە نەچاودێرن بەسەر دۆخی کرێکاران و نە بەدواداچون بۆ گرێبەستەکان وچۆنیەتی جێبەجێکردنی مادەکانی خودی یاسایکارێک دەکەن کەخۆیان بڕیاریان ڵیداوە، هەربۆیە مەسەلەی گڕیبەستی کار نابێتە بابەتێکی گرنگ بەلای کرێکارانەوە وناچن بەلایدا. لەلایەکیتریشەوە لەکوردستان زۆرێك لە کرێکاران گرێبەستی کاریان نییە وخاوەنکارەکان تابۆیان بکرێ خۆیان لەئیمزاکردنی هەرجۆرە گرێبەستێک دەدزنەوە ونایانەوێت ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی یاسایی ببنەوە. هاوکات نەبوونی گرێبەست بۆ خاوەنکارەکان وادەکات کە بەسادەیی مافی کرێکاران پێشێل بکەن وهەر کاتێکیش ویستیان لەسەر کاردەریان بکەن بەبێ ئەوەی رووبەڕووی یاساببنەوە. بەجیالەم ڕاستیانە گرێبەستی کار مەسەلەی زەمانی خانەنشینیش بەدوای خۆیدا دێنیت. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشێکی زۆر لەکرێکاران زەمان نەکراون و ئەوانەش وا زەمانی خانەنشینیان هەیە دڵنیانین کە کەی وچۆن ئەم زەمانەیان پیدەدرێ. بەهۆی خراپی سیستەمی زەمان و کەم تەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکان وئیفلیجی دادگای کار وجێبەجێ نەبوونی یاسای کار، وای کردوە کەئەوەی کەراستەوخۆ قازانج لەنەبونی گرێبەستی کار دادەکات خاوەنکارەکانە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کەلە کوردستان سیستەمێكی بیمەیی بونی نیەو دامودەزگای قەزاییش دامەزراوەیەکی کارا نییە تا بەپیر ئەو مافە کەم و خوارو خێچەشەو بچێت کە حکومەت لەبەر ڕۆشنایی یاساکانی کاری عێراقی دانی پێداندەنێتە. هەربۆیە لەحالەتی نەبوونی گرێبەستی کاردا ئەوە زۆربەی خاوەنکارەکانن کە لەحەقدەستی کرێکار دەبڕن و سەعاتکاری زیارتر کاریان پێدەکەن وکەمترین پێداویستیەکانی سەلامەتی شوێنی کاریان بۆدابین ناکەن.. وخۆشیان ناخەنە ژێر هیچ بەرپرسیارێتیەکی یاساییەوە وهەر کاتێکیش بەدڵیان نەبوو بەئاسانی کرێکارەکە لەسەر کار دەردەکەن..  کەوایە کرێکاران نابی هیچ کارێک بەبێ گرێبەست ئەنجام بدەن، بەڵکو دەبێ بەهوشیاریەوە لەخۆیانو کارەکەیان بڕوانن و بەمافو مەرجی خۆیانەوە گرێبەستی کار لەگەڵ خاوەنکارەکاندا واژۆبکەن.

Related posts

دیسان کارەساتی  شوێنی کارلە روداوێکدا دووکرێکار گیانیان لە دە ستدا

Dangi Krekar

باشکردنی دۆخی ژیان و کار، هاتنە مەیدانی یەکگرتوانەی کرێکارانی دەوێت

Dangi Krekar

سەرنجێك لەسەر ماوەی کارکردن لە پرۆژە پیشەسازیەکاندا!

Dangi Krekar

Leave a Comment