سەرنجێک لەسەر ڕۆڵی کرێکارانی پێشڕەو و ئەرکەکانیان!
وەستا مهدی
ڕۆڵی هەر کرێکارێکی هوشیارو پێشڕەو لەناو کارگەو ناوەندەکانی شوێنی کاردا، کارکردنە لەسەر مەسەلەی ڕێکخراوبوون و هەوڵدانە بۆ دورستکردنی یەکڕیزی و هاودڵی لەنێوان کرێکاراندا..لەکاتی بوونی چەند کرێکارێکدا، سەرەڕای کەمی و زۆری ژمارەکە، ئەگەر کرێکارانیان لەدەوربێت یان نا، هەلومەرجی کارەکەشیان لەهەر ئاستێکدا بێت، یان لەحاڵەتی نۆرماڵ و مانگرتن و ناڕەزایەتیشدا بن، ئەوا پێویستە ئەو بەردەوام لەهەوڵی خۆیدا بێت وخەبات بکات بۆ نزیک کردنەوەو یەکگرتووکردنی کرێکاران و ڕێکخراوکردنیان، هەرئەوەش ئەو تواناییە بەکرێکاران دەبەخشێت کە بۆ باشترکردنی هەل و مەرجی ژیانیان تێبکۆشن و خەبات بکەن.
بەڵام کرێکارانی پێشڕەوو هوشیار ئەبێت ئەوەیان بۆڕۆشن بێت کە دەستەبەرکردنی هەلومەرجێکی گونجاو بۆ کرێکاران کەبتوانن هێزی خۆیانی تیدا نمایش بکەن، تەنها بۆ ئەوەیە کەدەستی خاوەنکارو دەسەڵات کۆتا بکەن لەو زوڵم وزۆر پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر بەکرێکاران دەکرێت، ئەم هەوڵ و خەباتەش تەنها لەڕێگای ڕێکخراوبوونەوە دەکرێت و بەم هۆیەشەوە ئیرادە بۆکرێکاران دەهێنێتە پێشەوە..
کرێکاری پێشڕەو ئەبێت بەردەوام لەهەوڵی هوشیار کردنەوەی کرێکاراندابێت، گردوکۆیان بکاتەوە، لەناویاندا دەستەی کرێکاری پێک بهێنیت، یان بەهەر ڕێگایەکی گونجاو کەدەکرێت کرێکاران لەدەوری یەکتری کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی فشارەکانیان بەهێزترو کاریگەرتر بکەن و لەپەرتەوازەییش ڕزگاریان بکات، هەتا بتوانن دیفاع لەخۆیان و لەژیانێکی باشتر لەئێستایان بکەن. بۆئەم پێناوەش دەبێت بەجددی لەهەوڵی دروستکردنی متمانەو جێگا بڕوای یەکتری لەناو کرێکاراندا بێت، بۆ ئەوەی لەشەق بوون و پەرتەوازەیی کەبەقازانجی خاوەنکارو کارگەکانە، کرێکاران دوور بخاتەوەو بەم هۆیەشەوە ڕیزەکانی کرێکاران پتەوو بەهێز ڕابگرێت..
دووەم: مەبەست لەڕێکخراوکردنی کرێکاران لەکارگەو شوێنەجیاجیاکانی کاردا تەنها بۆئەوە نییە کە کرێکاران نمایشی هێزی خۆیان بکەن لەبەرامبەر خاوەن کارگەیەکدا بۆ کەمکردنەوەی سەعاتی کار یان زیادکردنی حەقدەست. هەروەها کرێکاران تەنها بریتی نین لەو ژمارەیە کە لەناو کارخانەی بەرهەم هێنانی شیش، یان چیمەنتۆدا کاردەکەن، بەڵکو کرێکار لەدابەشکردنی کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی هەروڵاتێكدا لەنیوە زیاترن، بۆیە لەم حاڵەتەدا ئیتر دەستەواژەی کرێکاران تێپەڕدەکات و دەبێتە چینێکی سەرەکی و مەسەلەی ڕێکخراوبوونی کرێکاریش پێویستە لەلایەنی جۆراو جۆری زیاتردا نمایشی هێزی چینایەتی خۆی بکات و دەخاڵەتی هەبێت لەتەواوی کێشە ئابوری وسیاسی و کۆمەڵاتیەکاندا.
من یەك نمونەی ڕێکخراوی کرێکاری(ئیتیحادی شوغڵ) بهێنمەوە لەوڵاتی تونس کەهەرئێستا وجودی هەیەو هەتا ئاستێك بەهێزەو چەندین جار حکومەتی تونسی هەڵوەشاندوەتەوە، لەوەش واوەترە کە ڕێکخراوێکی کرێکاری خاوەن چەند هەزار ئەندام لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا بۆ کەمکردنەوەی سەعات کار یان زیادکردنی حەقدەست وەیان هەر خواستێك خۆپیشاندان ئەکەن و فشار دەخەنە سەر خاوەنکار و دەسەڵات هەتا وەڵام بەخواستەکەیان بداتەوە، ئەم ڕێکخراوەیە لەم گۆشەیە لەدنیادا وەك هێزیکی سیاسی نمایشی قودرەتی خۆی دەکات، ئەگەرچی خواستی گرتنی دەسەڵاتیشیان نیە کەبەفعلی حوکمەت پێك بهێنن، بەڵام لەلایەنی جۆرجۆردا دەخاڵەت ئەکەن و تەنانەت لەسەر دەستورو یاساو ڕێساکانی ئەو وڵاتەش دەخالەت ئەکەن.
کرێکاری پێشڕەو ئەبێت بەجۆرێك دەست بۆ ڕێکخراوکردنی کرێکاران بەرێت کەلەیەکەم هەنگاوەکانی خەباتی کرێکاراندا بۆ داکۆکی لەمافە ئابوریەکانیان بێجگە لەوەرگرتنەوەی هەندێک مافی ئابوری و یاسایی، دیسانەوە دەرکی ئەوەش بکەن کەهێشتا کۆمەڵێک مافی سیاسی وکۆمەڵاتی هەیە کە بۆرجوازی خۆی لێێ بێدەنگ کردوەو ددانی پێدانانێت بێتە دەنگ کاتێك کە دەگاتە ئەم ئاستە.کرێکار ناتوانێت لەڕێگای ڕێکخراوێکی ناو کارگەوە یان نەقابەیەکی چەند هەزار کەسییەوە بچێتە سۆراغی جێگاو ڕێگای سیاسی و کۆمەڵاتی ونمایشی هێزو قودرەتی چینایەتی خۆی بکات، هەر بۆیە پێویستی بەدروستکردنی ڕێکخراوێکی سیاسی خاوەن بەرنامەو ستراتیجی ڕۆشنە هەتا بتوانێت هێزی چینی کرێکار بەئاراستەی گۆڕانکاری ڕیشەیی بەرێت و کۆتایی بەتەواوی نابەرابەرییە ئابوری، سیاسی و کۆمەڵاتیەکان بهێنت .
کرێکارانی هوشیارو پێشڕەو ئەبێت باش دەرکی ئەوەبکەن کەڕێکخراوێکی کرێکاری ئەگەر لە بچوکترین شێوەدا بێت، ئەبێت خاوەنی ئامانجێك بێتو بەپلانێك کە ڕوون بێت قۆناغ بەقۆناغ جێبەجێی بکات بەپێێ بارودۆخێك کە بۆکرێکاران پێشهاتووە بیباتە پێشەوە.
کاتێك کە کرێکاران دەگەن بەو ئاستە لەڕێکخراوبوون کە جۆرێك لەهاوسەنگی هێز پەیدائەکەن و دەخزێنە مەیدانی سیاسیەوەو جێگای خۆیان دەناسن، پێویستە سەنگەری خەباتی سیاسی وکۆمەڵاتی خۆیان لەتەواوی بزووتنەوە سیاسی وکۆمەڵاتیەکانی تر جیا بکەنەوەو ڕێگە نەدەن مەترسی بەرەو دواوە گەڕانەوە بکەوێتە سەر بزوتنەوەکەیان .
کرێکارانی پێشڕەو لەناو چینی کرێکاردا تەنها لەڕێگای ئاراستەیەکی عەمەلیەوە لەسەر بنەمای ناسینی ڕەوەندەکانی خەباتی چینایەتی ولایەنەکانی هەلومەرجی سیاسی مەوجودەوە دەتوانێت کرێکاران ڕێکخراوبکات و ئاراستەیان بکات بەرەو ئامانجەکانیان، بەرەو گۆڕانکاری ڕیشەیی .