٨ مارس ڕۆژی جیهانی ژنانە، ڕۆژی ”نا” ووتنی چینی کرێکارە بەجیاکاری و نایەکاسانی!
مەحمودی حەلاق
کرێکارانی ژن بەشێک لەچینی کرێکاری کوردستان پێکدەهێنن. جیاکاریو نایەکسانیەک کەبەرامبەر بەژنانی کرێکار دەکرێت، لەیاسای کاردا بەرجەستەیە وسەرچاوەکەشی لەهەمان نایەکسانی وجیاکاریدایە کە زاڵە بەسەر کۆمەڵگادا. فەرهەنگی پیاوسالاری ودابونەرێتی دواکەوتوانە کە ڕۆژانە گیانی بەبەردا دەکرێت، گۆشەیەکی زەقی ئەم ڕاستیەیە. ڕاوەستانەوەی کرێکاران بەڕووی ئەو نابەرابەریە حوقیەی کەلەیاسادا بەرامبەر بەژنان بەگشتی و ژنانی کرێکار دەکرێت، خۆی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بەو نایەکسانیەی کەلەگشت کۆمەڵگادایە. ئەگەرچی لەیاسای کاردا ڕانەگەیاندراوە کەژنان وپیاوان نابێت کرێی یەکسان وەربگرن لەبەرامبەر کاری یەکساندا، بەڵام لەهەندێک بڕگەی تری یاساکەدا کارێکیان کردووە کە بڕگەکانی پێشو هەڵدەوەشێنێتەوە، یان بەجۆرێك داڕێژراوە کاتێک کەدێتە سەر جێبەجێ کردنیان دەیان کۆسپ ولەمپەری یاسایی وکۆمەڵاتی وفەرهەنگی دەبنەڕێگر و جێبەجێ ناکرێن. تایبەتمەندی زۆربەی وڵاتە سەرمایەداریەکان سەبارەت بەهێزی کارو خستنەسەرکاری کرێکاران، سەرەتا لەدابەشکردنی کارەوە دەست پێدەکات، کارپۆلێن دەکەن بەسەرکاری پیاوانەوکاری ژنانەدا، بەپاساوی ئەوەی گوایە ژنان زەعیفەو لاوازن توانای ئەنجامدانی هەندێك کاری قورسو سەختیان نیە.. بۆ نمونە ئەڵێن: ژنان نابێت کاری شەوانە بکەن بەپاساوی ئەوەی کە ناکرێت ژن بەتەنها و بەشەو لەماڵ بچێتە دەرەوە، یان کۆمەڵێک کار هەیە تایبەتیان کردووە بەژنان، بۆنمونە چاودێری منداڵان وکاری دایەنگاکان و پەرستاری، کارکردن لەکارخانەکانی ئامادەکردنی جلوبەرگ. بێگومان سەرچاوەی جێکەوتنی ئەم دابەشبوونە پەیوەندی بەتێروانینی دواکەوتوانەی پیاوسالاری زاڵی ناو کۆمەڵگەوە هەیەو سایەی بەسەر یاسای کاریشدا کردووە، بەم جۆرە ژنان بەکەمتر گیراوە لەچاو پیاواندا وخاوەنکارەکانیش سود لەم بۆچوونانە وەردەگرن وهەندێک ناوەند تایبەت ئەکەن بە پیاوان و ژنان بێبەش ئەکەن لێیان بەبیانوی قورسی ومەترسیداربوونی کارەکەوە. ئێمە لەبەرامبەر ئەمانەدا ئەڵێین: کاری سەخت و مەترسیدار دەبێت نەك هەر بۆ ژنان، بەڵکو بۆ کرێکارانی پیاویش قەدەغە بکرێت، وەیا ئاسانکاری بکرێت، لەوانە کەمکردنەوەی شەعاتکاری ڕۆژانە وزیاد کردنی پشووەکان. بەڵام ئەوە خاوەنکارەکانە کەنایانەوێت بڕە پارەیەك سەرف بکەن بۆکڕینی ئەو ئامرازانەی کە کارئاسانی بۆ کرێکاران ئەکات و مەترسیەکانی کار کەمدەکاتەوە. کرێکارانی کوردستان بۆ باشکردنی ژیانیان دەبێ لەدەوری خواستی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنانو پیاوان خەباتی لێبڕانەوەبکەن ولەهەوڵی گۆڕینی یاسای کاردابن وبڕگەو مادەگەلێک دانێین کەیەکسانی هەمەلایەنەی ژنانو پیاوان بەڕۆشنی بەڕەسمی دەناسێنێ. ئەمە بەشێکە لەخەباتی کرێکاران بۆ باشکردنی ژیانیان..