Dangikrekar.com
گفتوگۆ

“ئێمە سەلماندمان کەتوانای داواکردنی مافمان هەیە” گفتوگۆی لەگەڵ یەکێک لەکرێکارانی کارگەی گرین عێراق

“ئێمە سەلماندمان کەتوانای داواکردنی مافمان هەیە” 

گفتوگۆی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەگەڵ یەکێک لەکرێکارانی کارگەی گرین عێراق

 

دەنگی کرێکار: ئەم کاتەت باش. پارساڵ ئێمە بینیمان کرێکارانی کارخانەی گرین عێراق بۆ ماوەیەک مانیان گرت لەسەرمامەڵەی ئیدارەی کارگە، ئایا مانگرتنە دەستکەوتێکی هەبوو، وە ئێستای ئیدارەی گرین چۆنە لەگەڵتاندا ؟

کرێکارەکە: سڵاو لەئێوەش..

کاتێک مرۆڤ هەر کارێک ئەنجام ئەدات لایەنی خراپەو باشەشی هەیە، چ جای ئەوەی کەبگاتە ئاستێک کەداوای مافێک بکەیت بەئاشکراو هەندێکیش نەوێرن لەژێریشەوە هەر ناوی بهێنن. بۆیە، دەڵێم سوودەکانی ئەو مانگرتنە ئەوەبوو ئێمە سەلماندمان کەتوانای داواکردنی مافمان هەیەو چی تر بێدەنگ نابین لەئاستی داواکانماندا، بەم هۆیەوە ماوەی ساڵێکە کاری ئێمە ئاسان کراوەتەوە چ لەڕووی سرعەتی جیهازەوەچ لەڕووی کارەکەوە، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کەئیدارە لەدوای دەرکردنی ئەو چواردە کرێکارەوە مامەڵەی باش نیە لەگەڵماندا، ڕاستەوخۆ بانگت ناکات ئیهانەت بکات، بەڵکو لەڕێگای سەرپەرشتیاری کارەکەتەوە ئاگادارت ئەکاتەوەو کارەکەت قورستر ئەکات هەر لەبەر ئەوەی واز لەکارەکەت بهێنێت.. بەڕاستی مامۆستا هەتا بڵێیت بێویژدانن…

دەنگی کرێکار: ئێمە ئاگاداربووین کە ژمارەیەک کرێکار لەکارەکانیان دوور خرانەوەو دواتر سکاڵایان لەسەر کارگە تۆمار کرد، ئایا ئەوان توانییان لەڕێگای دادگای کارەوە کارگە ناچار بکەن بیانگێڕێتەوە سەرکارو داواکانیان جێبەجێ بکات؟

کرێکارەکە: بەڵێ وابوو. سەرەڕای ئەوەی کرێکارەکان شکاتی خۆیان گەیاندە دادگای کارو چاوەڕێی ئەکەین دادگای کار بەقازانجی کرێکارەکان کەیسەکە یەکلایی بکاتەوە، من بڕێک گەشبینم کە کەیسەکە بەقازانج بشکێتەوە ولانیکەم قەرەبووی کرێکارەکان بکرێتەوە. بەڵام بەداخەوە بەهۆی ناڕێکخراوی  کرێکارانەوە و لەبەرئەوەی  یەکگرتوو نین و پەرتەوازەین و لەدەوری یەکتری کۆ نەبووینەتەوە هەتا خۆمان ڕێکخراو بکەین لەدەوری خواست و مافەکانمان تا خاوەن کارگە نەتوانێت بەئاسانی هەرچیەکی بوێت فەرزی بکات بەسەر کرێکاراندا. دەبێت بڵێم بەداخەوە ١٤ کرێکار لەکار دوور خرانەوەو بەشەکانی تری کارگەی نەگرتەوە، من ئەزانم کەزۆرینەیان ناڕازین و ترسان لەوەی کەنەوەک بێکار بکرێن، هەربۆیە مانگرتنەکە لەژمارەیەکی کەمتر لەچاو کرێکارانی کارگەدا قەتیس مایەوەو نەمانتوانی خواست و مافەکانمان دەستەبەر بکەین. دەبێت ئەمە ببێت بە دەرس و تەجروبەیەک بۆ داهاتوو بۆ کرێکاران کەبەبێ یەکگرتوویی خۆیان ناتوانن هەنگاوێک لەئێستا ژیانیان باشتر بچێتە پێشەوە.

دەنگی کرێکار: مانگرتنەکەی ئێوە لەبەرامبەر ئیدارەدا نمونەیەکی تازە بوو بۆ کرێکارانی کوردستان، جۆرێک  ڕێکخراو بوون کەخۆتان هەڵتان بژاردبوو، وە سودتان لەتۆرە کۆمەڵایەتیەکان وەرگرت، لەڕێگای گروپ چاتەوە بریار ئەدراو نوێنەر دیاری ئەکرا بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکان، ئایا ئێستاش ئەو جۆرە لەڕێکخراوبوونە ماوەیان نا؟!

کرێکارەکە: ئەم پرسیارە زۆر جوانە..هەتاکو ئێستاش کەناڵەکە ماوەو ڕۆژانەش ئێمە دەممان هەر لەسەریانە بۆ ئەوەی گەرمتربێت نەک سارد بێتەوە. بەڵام سستیەک هەیە، هۆکاری سستیەکە تەنها گەڕاندنەوەی چواردە کەسەکەیە، چونکە وەکو بەڕێزت ئەزانیت ڕەنگە من و تۆو چەند کەسێکی تر لەو شتانە نەترسێت و واز لەداوای مافی خۆی نەهێنێت، بەڵام هەموو کات زۆرینە سەیری دۆخەکە ئەکەن، هەرکە زانیان دۆخەکە لەبار نیە ساردەبنەوە، هەر بۆیە ئەو چواردە کەسە بگەڕێنەوە دڵنیابە دۆخەکە لەمانگرتنەکە گەرمتر ئەبێت. تاکە چەکی دەستی ئیدارە ئەو کەسانەیە کە کردویانە بەهەڕەشە بەسەر سەری کرێکارانەوەو بەئاشکرا ئەڵێن ئەگەر هەندێک شت بکەن چارەنووستان وەکو دەرکراوەکانە، ئێ کرێکار هەیە شارەزا نیەو بەو قسانە ئەترسێت.

Related posts

بیمەی تەندروستی بۆ کرێکاران و هەموو هاووڵاتیانی کەمدەرامەتی کوردستان ئەرکی دەست بەجێێ حکومەتە!

Dangi Krekar

Workers Struggle Centre – Sri Lanka Kurdistan Regional Government Representation

Dangi Krekar

زیادەکاری یان ئیزافەکاری چ زەربەیەک لەکرێکاران ئەدات؟

Dangi Krekar

Leave a Comment