لە ساڵی نوێدا،ڕێژەى کار لەپڕۆژەکاندا ٧٥% ى بۆ کرێکارى ناوخۆ دەبێت!
بەمەبەستی تاووتوێکردنی ڕەخساندنی هەلی کار، حکومەتی هەرێم لەماوەی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا بۆ خستنە دەرەوەی بڕیاری هەلى کار بەڕێژەى ٧٥% بۆ هاوڵاتییانى هەرێم، کەئەوەش کەرتی تایبەت و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆکرێکاران دەگرێتەوە.
سەرەتای مانگی دیسامبەری ئەمساڵ ٢٠٢٤،لەدیوانی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا سەبارەت بەبڕیارى کابینەی ٩ لەبارەى ڕەخساندنى هەلی کار بەڕێژەى ٧٥% بۆ هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان لەکەرتى تایبەت و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى، دابینکردنى ئاسایشى کار، پاراستنی مافەکانی کرێکاران، چاودێریکردنى خاوەنکار و پڕۆژەکان.كۆبوونەوەكە بەئامادەبوونی پارێزگارى هەولێر ئومێد خۆشناو، د.عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکى فەرمانگەى هەماهەنگى و بەدواداچوونى حکومەتى هەرێم، لەگەڵ لیژنەى باڵاى جێبەجێ کردنى بڕیارى ژمارە (١٧٢) و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدرا.
لەکۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر میکانیزمى جێبەجێکردنى بڕیارى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و جەخت کرایەوە لەجێبەجێ کردنى بڕیارى ژمارە ١٧٢ ی سەرۆکایەتی ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم و ڕێنماییە تایبەتییەکان. بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران هاوکارو هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتى گشتى كارو دەستبەرى کۆمەڵایەتى بن لەپێناویجێبەجێ کردنى بڕیارى ناوبراودا لەسەرەتاى ساڵى نوێوە. لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، جەخت کرایەوە لەسەر پاراستنى مافى کرێکاران لەهەموو بوارەکانى پەیوەست بەپرۆسەى کارکردن و پاراستنى بەرژەوەندییەکانیان. هەروەها دووپاتی ئەوە کرایەوەکە پێوویستە هەموو فەرمانگەو دامەزراوەو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام بن لەچاودێری کردنى خاوەنکارو پڕۆژەکان لەپێناوی دەستەبەرى کۆمەڵایەتى و دابینکردنى ئاسایشى کارو پاراستنی مافى کرێکاران.