Dangikrekar.com
وتار

ژنان و مافەکانیان لەیاسای کاردا

ژنان و مافەکانیان لەیاسای کاردا

 پارێزەر/ ئەرکان حەسەن:

کارکردن مایەی شەرەفە بۆ هەر مرۆڤ ئەگەر لەهەر پێگەیەکدا بێت، هێمایەکە بۆ ئارامی و ئاسوودەیی خێزان جائەگەر لەلایەن یەک کەسەوە لەخێزانێکدا ئەنجام بدرێت. زۆر جارو بەتایبەتی لەم قۆناغەی کەمرۆڤایەتی پێیگەیشتووە کارکردنی ژنان بەردەوام ڕوو لەزیاد بوونە بەشێوەیەک کەهیچ یاسای کارێک لەجیهاندا ناتوانێت باس لەئەرک و مافەکانی ژنان نەکات، کەلەدواجاردا ئەوانیش وەکو پیاوان هەوڵی بوونی ئابورییەکی سەربەخۆ بۆ خۆیان ئەدەن و بەشدار ئەبن لەبنیاتنانی ئابوری وڵات.

بەڕای من کارکردنی ژنانهەتا ئەو ئاستە پێویستە کەنەبێتە هۆی تێکدان و ئیهمال کردنی خێزان و پەروەردە کردنی منداڵ. کاتێک کەسێک دەست دەکات بەکارکردن جا چ پیاو بێت یاخود ژن کۆمەڵێک ئەرک و مافی هەیە، کە پێویستە ئەرکەکانی وەک کرێکارێک ڕاپەڕێنێت و لەبەرامبەریشدا پێویستە لەلایەن خاوەنکارەکەیەوە ئاسان کاری تەواوی بۆ بکرێت هەتا مافەکانی پارێزراو بێت و بتوانێت سوودیان لێ وەربگرێت. لەپاڵ ئەو مافانەش کە کرێکاران بەگشتی هەیانە وەک (سەلامەتی شوێنی کار و کارکردن لەچوار چێوەی کاتژمێرەکانی کارکردن بەگوێرەی یاسای کارو دابین کردنی پێداویستییەکانی تەندروستی، مافی سوودمەند بوون لەپشووەکان و پێدانی مۆڵەتی ئاسایی و پێدانی مۆڵەتی نەخۆشی، پێدانی کرێی کارکردن لەکاتی خۆیدا… هتد).

ژنان چەند مافێکی تایبەتیان هەیە کە لەیاسای کاردا ئاماژەی بۆ کراوەو پێویستە لەسەر خاوەنکار ئەرکی پاراستنی ئەو مافانە لەئەستۆ بگرێت. ئەم مافانە بەلانیکەمی مافەکانی کرێکاران بەگشتی و کرێکارانی ژن بەتایبەتی دادەنرێت.لەڕاستای پێشکەوتنی کۆمەڵگەو زیاد بوون و هەمە جۆر بوونی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی سیستەمی سەرمایەداری و دامەزراندنی هەزارەها کارگەی جۆراوجۆر، ئەرکی کرێکارانیش زۆرو جیاواز بووە، هەربۆیە دەبێت لەبەرامبەر ئەم ئەرکە زۆرەی کرێکاراندا مافی زیاتریش بەوان بدرێت و بەدەستی بهێنن. بێگومان ئەمەش بەیاسایەکی باش و تۆکمە دەبێت کە لەگەڵ ئێستاو بارودۆخی کاری کرێکاراندا بگونجێت. لەهەمووشی گرنگتر هێزی یەکگرتوویی و یەکدەنگی کرێکاران خۆیانە کەدەتوانێت مافەکانیان دەستەبەر بکات.

گرنگترین مافەکانی ژنان لەیاسای کاردا لێرەدا بەکورتی باس دەکەین:

یەکەم: کاتێک کرێکارێکی ژن لەشوێنێک کار دەکات پێویستە لەسەر خاوەنکارەکەی سەرجەم ئەو مافانەی کە لەیاسای کاردا هاتووە بەبڵاوکراوەیەکی گەورە لەشوێنی کارەکەیدا هەڵیبواسێت، بەزمان و شێوازێک کەڕوون بێت بۆ کرێکارەکە.

دووەم: ناکرێت ژنان کاری قورس یاخود کارێکیان پێ بکرێت کە زیان بەتەندروستیان بگەیەنێت، یاخود ئەگەر دووگیان بوون زیان بەکۆرپەکەیان بگەیەنێت. هەروەها ناکرێت کار بەکرێکار بکرێت لەکاری شەوانەدا مەگەر بارودۆخ یاخود سرووشتی شمەکەکە وا بخوازێت.

سێیەم: ژنی کرێکاری دووگیان مافی ئەوەی هەیە کە ٣٠ ڕۆژ پێش وادەی چاوەڕوانکراو بۆ لەدایک بوونی کۆرپەکەیسوود لەمۆڵەت وەربگرێت بەکرێی تەواوەوەو سوودمەند بێت لەوەرگرتنی ٧٢ ڕۆژ مۆڵەتی دایکایەتی. هەروەها دەتوانێت مۆڵەتی دایکایەتی تایبەت وەربگرێت بۆ ماوەی ساڵێک بەبێ کرێ، لەگەڵ ماوەی شیردانی ڕۆژانە کە لەیەک کاتژمێر زیاتر نەبێت.

چوارەم:  پێویستە لەسەر ئەو خاوەنکارانەی کەکار بەکرێکاری ژن دەکەن شوێن و ئامرازی تایبەت بەحەوانەوەو پشوودانیان بۆ دابین بکەن.

ئەم مافانەی کەباسمان کردن لەچوارچێوەی یاسای کاری ژمارە (٧١ ساڵی ١٩٨٧)دا هاتووە. هیوادارین یاسایەکی کاری باشترو تۆکمەتر دەربچێت کە بەتەواوەتی لەگەڵ ژیانی ئێستای کرێکاراندا یەک بگرێتەوە.

Related posts

نوێنەرایەتی کرێکاران وجێگیرکردنی خواست و داوی کرێکاران لە بەستنی هەر گرێبەستێکی کاردا، مافێکی ڕەوای کرێکارانی کوردستانە!

admin

لەناوچەی پیشەسازی ڕانیە بەهۆی تەقینی بتڵی کاربۆن پیشەوەرێ گیانی لە دەستدا

Dangi Krekar

workers voice No.8 , The First Worker’s Journal in Kurdistan-Iraq January 2024

Dangi Krekar

Leave a Comment