ساڵیکی پر لە خەبات، بەڵام بێوەڵام مانەوە بۆچی!!
وەستا مەهدی
ساڵێکی تر لەخەباتو تێکۆشانی کرێکارانی کوردستان تەوابوو. دەیان ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانی کرێکاران لەکارگەکان وناوەندە جیاجیا کانی کاردا ئەنجام دران، چەندین یاداشتنامەو بەیاننامەو لائیحەی خواست ڕەوانەی دامودەزگاکانی حکومەت کران، هەموو ئەمانەش لەپێناوی باشکردنی هەلومەرجی کارو ژیانی سەدان هەزار کرێکارو دەستەبەرکردنی هەلی کارو لانیکەمی ژیاندابوو. کرێکاران ودەستە و نوێنەرەکانیان چوونە ناو دانوستانەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ تاوتوێکردنی خواستەکان وگەیاندنی داخوازییەکان. ئەمانە لە کاتێکدا کەبەردەوام ترسی لەسەر کاردەرکردن بەسەر سەری کرێکارانەوە بوە. بەڵام هێشتاش کومپانیاو قۆنتەراتچیەکانی کوردستان بەبیانوی دواخستنی سلفەوە موچەی کرێکاران دوائەخەن. هێشتاش موچەخۆرانی حکومی ساڵانە چەند موچەیەکیان پێ نادرێت و حەقدەستی کرێکاران و موچەخۆران وەك وەرەقەیەکی سیاسی بەکار دەهێنریت.
جەماوەری فراوان لەماوەی یەکساڵی ڕابردودا زنجیرەیەک خۆپیشاندانی ئەنجام داوە بۆخواستی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەك: ئاو، کارەبا، داودەرمان، پەروەردەو هەلیکارو دامەزراندن و…تاد. کەچی سیاسەتی لێگرتنەوەی خزمەتگوزاری گشتی بەردەوامەو وەڵام بەهیچ کام لەخواستە بەرحەقەکانی خەڵکی کوردستان نەدراوەتەوە..
بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ئەم مێژووە پڕ لەخەباتەی چینی کرێکاری تۆمار کردووەو هیچ کەسێک ناتوانێت باسی مێژوی خەباتی ئەم چینە بکات و ڕاستیەکان ڕووەو کۆمەڵگا بڵاوبکاتەوە ئەگەر ئەم مینبەرە وەك بەڵگە نامەیەکی مێژوویی لەبەردەستیدا دانەنێت. ئەم مینبەرە هەر ئەمساڵ ١٢ژمارەی پڕاوپر لەخەباتی ڕۆژانەی ئەم چینەی تۆمارکردووەو تەنانەت کاتو شوێن و سەعاتەکانی بەرپاکردنی خەباتی ڕۆژانەی کرێکاران و جەماوەری ناڕازیشی لەدوتوێی لاپەڕەکانیدا تۆمارکردووە.. ئێمە لەگروپی دەنگی کرێکارەوە پەیمانمان داوە کە هەتا ئەوپەڕی توانامان و بەنەفەسی درێژەوە، درێژە بەتۆمارکردنی ئەم خەباتە پڕ سەروەریە بدەین. هاوکات سەرەکیترین ئامانجی ئێمە ڕێکخراوکردنو بەهێزکردنی بزووتنەوەی کرێکارییە لەکوردستان و گرێدانەوەی خەباتی ئەم چینەیە بەخەباتی سەراسەری کرێکاران لەتەواوی جیهاندا کە لەحاڵی حازردا هەنگاوی باشمان لەم ڕاستایەدا بڕیوو.. هەتائێستا چەندین کرێکارو هەڵسوڕاوی کرێکاری خۆیان بەخاوەنی ئەم مینبەرە ئەزانن و بابەتی بۆدەنێرن و ناسنامەی پەیامنێری دەخەنە باخەڵیانەوە..
هەرلێرەدا لەماوەی یەکساڵی ڕابردودا هەروەك ئاژەمان پێدا، دوای ئەم هەموو هەوڵوتێکۆشان و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانە، بەپێی لێکدانەوەو تاوتوێکردنێك کەئێمە هەمانە، ئەم خەباتە هیچ کاریگەریەکی لەسەر ئاڵوگۆڕپێدانی دۆخی کرێکاران نەبووە. ئەمە بۆچی وایە ؟!
ئێمـە هۆکاری ڕیشەیی مانەوەی ئەم هەلومەجە سەختەو فەرزکردنی بەسەر چینی کرێکاردا لەدوخاڵدا دەبینین و پێویستە ڕێگەچارەی گونجاو بدۆزینەوە بۆ کۆتایی هێنان بەڕێگرییەکانی بەردەم خەباتی ئابوری چینی کرێکار و جەسپاندنی ڕێگاوشوێنی ئەم چینە لەدۆخی ئابوری و سیاسی کۆمەڵایەتی لەم هەرێمەدا.
یەکەم : هۆکارو ڕێگر لەبەردەم خەباتی ئەم چینەدا سیستمی سیاسیە کە ئەگەر بەکۆتا نەگات و ئیستقراری سیاسی لەعێراق وکورستان وتەنانەت ناوچەکەشدا نەگۆڕێت، ئەوا ئەم کێشمەکێشەش کەلەنێوان چینی کرێکارو خاوەنانی سەرمایەو حکومەتداهەیە هەر دەمێنێت و باڵانسی هێز بەئاسانی بەقازانجی کرێکاران ناشکێتەوە.. خاڵی دووەم کەڕێگرە لەبەردەم کرێکاراندا، نائامادەیی چینی کرێکار خۆیەتی. چینی کرێکار هێشتا ڕیزەکانی پەرتوبڵاوو ناڕێکخراوو بێ تەجروبەیە،هێشتا نەیتوانیوە چەترێکی هەبێت کەبتوانێت کرێکاران لەسایەیدا کۆبکاتەوە، هێشتاش شێوەی خەباتەکەی لەبەرامبەر خاوەنکاردالەئاستی دیفاعیشدا نیە لەخۆی..
ئێمە وەک دەنگی کرێکار، لەشوێنێکەوە دەستمان پێکردووەو بەردەوام لەهەوڵداین بۆلابردنی هەر لەمپەرو ڕێگرییەك کە لەبەردەم بزوتنەوەی حەقخوازانەی ئەم چینەدایە .
هیوادارین لەساڵی داهاتودا بتوانین لانیکەم نوێنەرایەتیەکی هەڵبژێردراوی کرێکاران لەئاستی سەراسەریدا پێک بهێنین کە بتوانێت کرێکاران لەدەوری یەکتری کۆبکاتەوەەو جڵەوی خەباتی ئەم چینە بەدەستەوە بگرێت بەرەو ئاسۆیەکی ڕوناکو ژیانێکی باشتر لەمەی کەهەیە.