“چەند سالێکە بەبێ دەستەبەری کۆمەڵایەتی کاردەکەین”
گفتوگۆی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەگەڵ چەند کرێکارێکی کارگەکاندا
مونیر جبار/ پەیامنێری
دەنگی کرێکار: خاوەن کارگەی شیرینیەکم دواند لەسەر دۆخی کرێکارەکان، ئەو ووتی ئێمە وەکو خێزانی خۆمان کاردەکەین و وەزعمان باشەو بێکێشەو گرفتین، کێشەی ڕۆژانەو مووچەمان نیەو خۆمان بۆخۆمان کار ئەکەین.
کرێکاری کارگەیەکی ترم دواند لەسەر سەعاتکارو مووچەکەی، کەڕۆژانە زیاتر لە٨ سەعات کارو ڕۆژانەکەیان ١٥ هەزار دینارە، بەداخەوە ئامادە نەبوو کەقسەی زیاترمان بۆبکات.
لەکارگەیەکی تر کچێکم دواند پێشتر لەدوکانێکی تر ٨ ساڵ کاری کردووەو موچەی مانگانەی ٥٠٠ هەزاربووەو دەستەبەری کۆمەڵایەتیشی هەبوە، بەڵام ئێستا بۆماوەی ساڵیکە لەم کارگەی شیرینیە کاردەکات و مووچەکەی٦٠٠هەزار دینارە بەبێ دەستەبەری کۆمەڵایەتی. هاتوچۆو خواردن لەسەر خۆیانە. ئەوەشی وت کەچەند ساڵێکە کاردەکا بەبێ ئەوەی دەستەبەری کۆمەلایەتی کرابێت.
کرێکارێکی تر دەڵێت: ئێستا لەدووکانی پۆشاک فرۆشی کاردەکەم لەگەڵ ٧ هاوڕێی کرێکاری تردا. ئێمە مانگانە مووچە وەردەگرین و کەمترین مووچەش لێرە ٣٠٠ هەزار دینارەو زیاترین بڕی مووچە یەک ملیۆنە، بەڵام کرێی هاتووچوو خواردن لەسەر خۆمانە. خاوەنکارەکە زۆر باشە لەگەڵمانداو هەتا ئێستا دەستەبەری کۆمەڵایەتیمان نیە.
هەروەها دوو وەستای سەرتاشخانەکانم دواند لەسەر شێوەی کارکردن، کار لێرەدا نیوە بەنیوەیە، واتە ئەگەر وەستایەک ڕۆژانەی ١٠ سەرتاشینی هەبێت، ئەوا دەبێت نیوەی بدات بەخاوەنکارەکەی..
لەناو گفتووگۆکاندا ئەوەمان بۆ ڕوون بووەوە کە پێدەچێت زۆرینەی کرێکارەکانی ئەم ناوەندانەش وەک زۆرینەی کارگەو کۆمپانیاکان دەستەبەری کۆمەڵایەتیان نەبێت کەلانیکەمەکەی دەتوانێت سەرچاوەیەک بێت بۆ بژیویان لەکاتی خانەنشیندا.