Dangikrekar.com
گفتوگۆ

“لەم پڕۆژەیەدا، مەرجەکانی سەلامەتی کار نییە” گفتوگۆ لەگەڵ یادگار عەلی، کرێکاری پڕۆژەیەکی بیناسازی

“لەم پڕۆژەیەدا، مەرجەکانی سەلامەتی کار نییە”

گفتوگۆ لەگەڵ یادگار عەلی، کرێکاری پڕۆژەیەکی بیناسازی

سازدانی: شاباز محمـــود

دەنگی کرێکار بەمەبەستی ئاگاداربوون لەدۆخی کرێکاران و کێشەو گرفتەکانیان، سەردانی یەکێک لەپڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی کرد. ئەم پرۆژەیە دەکەوێتە گەڕەکی ڕاپەڕینەوەو نزیک شاری سلێمانی ونزیک بەهەشت سەد یەکەی نیشتەجێبوون بەشێوەی شوقە لەخۆ دەگرێت. بۆزانیاری زیاتر لەسەر دۆخی کرێکارانی ئەو پڕۆژەیە، دەنگی کرێکار ئەم چاوپێکەووتنەی لەگەڵ یادگار عەلی، یەکێک لە کرێکارەکان کەلەوێ کار دەکات، سازدا:

دەنگی کرێکار: سڵاوتان لێ بێت. ئێمە لەبڵاوکراوەی دەنگی کرێکارەوە ئەمانەوێت بزانین کە چۆنێتی کارکردنتان لەم پڕۆژەیەد اچۆنە، دەتوانیت لەسەر سەعاتکاری ڕۆژانەو پشوو وە هەرگرفتێک کە هەتان بێت پێکەوە قسەیەک بکەین؟

یادگار عەلی: بەخێر بێن.. .لەوەڵامی پرسیارەکەی ئێوەدا: دیارە ئێمە لێرە ڕۆژانە کار ئەکەین، ژمارەیەکی زۆر لەئێمە کرێکاری ڕۆژانەین، ڕۆژانەی هەر کرێکارێک بیست و پێنج هەزار دینارە لەبەرامبەر هەشت سەعات کارکردندا.

دەنگی کرێکار:  ئایا ئەم پڕۆژەیە چەند کرێکار کاری تێدادەکەن؟

یادگار عەلی: ڕۆژانە ئەم پرۆژەیە زیاتر لەسەد کرێکار ئیشی تێدا دەکەن، بەڵام زۆرینەی کرێکارەکان ئەوانەن کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە ڕوویان کردۆتە شاری سلێمانی بۆ کارکردن. بەمانایەک نزیکەی لەسەدا هەشتای کرێکارەکان بیانین ولەسەدا بیستیشی کرێکارانی شاری سلێمانی و قەزاو ناحیەکانی دەوروبەرن.

دەنگی کرێکار: بۆ کارکردن شوێنی حەوانەوەو پێداوویستیەکانتان لێرە دابینکراوە یاخود دەبێت خۆتان ئامادەی بکەن، ئایا خواردن و خۆراک ومانەوەتان لەسەر کۆمپانیایە؟

کرێکارەکە: هەموو شتێک لەسەر خۆمانە، بەڵام شوێنی مانەوە بۆ بەشێک لەکرێکارانی هاتوو هەیەو بەشێکیش لەو کرێکارانەی ناوخۆ کەناڕۆنەوە بۆ ماڵی خۆیان شوێنی حەوانەوەیان هەیە. لەڕووی خواردنیشەوە، تەنها ژەمی نیوەڕۆان دابینکراوە بۆمان و دەبێت بۆ ژەمەکانی تر هەموو کرێکاران بەناوخۆو بیانیەوە خۆیان خۆراک دابین بکەن.

دەنگی کرێکار: تۆ وەکو کرێکارێک لەم پڕۆژەیەدا ماوەی سێ مانگێک زیاترە کار ئەکەیت، ئایا ئەو پڕۆژەیە مەرجەکانی سەلامەتی وە پێداویستییەکانی سەلامەتی کاری بۆ کرێکاران دابینکردووە؟ ئایا هیچ ڕووداوێکی کار ڕوویداوە لەماوەی ئەم سێ مانگەی کە تۆ لێرەدایت؟

یادگار عەلی: بە داخەوە لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا، دەبێت بڵێم بەڵێ! بەدێژایی ئەم ماوەیەی کە من لێرەدام، سەرەڕای ئەوەی کەنایەڵن خەڵک بێتە ناو پڕۆژەکەوە، بەڵام هەر کرێکارێک ئەدوێنیت ئەبیستیت کەهیچ مەرجی سەلامەتی کاری تێدا نیەو هیچ مەکائینێک بۆ مەکائینێکی تر سەلامەت نییە بۆ گواستنەوەی کەلوپەلەکان، نەکڵاوو نەدەستکێش، نەپێڵاوی تایبەت، نەجلوبەرگی تایبەت..تاد،  ئەمانە هیچی نییەو لەماوەی ئەم سێ مانگەی کە من لێرەدام هەتا ئێستا سێ حاڵەتی ڕووداوی شوێنی کار هەبووە کەبەداخەوە یەکێکیان گیان لەدەستدانی کرێکارێک بوو کە لەمەسعەدی بەشی دەرەوەی یەکێک لە ئاپارتمانەکان کەوتە خوارەوەو دەست بەجێ گیانی لەدەستدا. هەروەها دوو ڕووداوی کاری تریش هەبوون کە کرێکارێکیان کۆستەرەی لەدەست پەڕی و بەم هۆیەوە دەستێکی پەڕی. یەکێکی تریش لەڕووداوەکان کرێکارێک بوو کە بە داخەوە پارچە ئاسنێکی گەورە لە شێوەی شەلماندا کەوتە خوارەوە بەسەر قاچێکیداو لەسێ جێگاوە شکا. ئەمانەو دەیان ڕووداوی تر لەوانەیە بێتە پێشەوە ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات ولایەنی پەیوەندیدار هەنگاو بۆ دابینکردنی بابەتەکانی سەلامەتی کار هەڵنەگرێتەوە. ئەمەش جێگای ئاماژەیە کە نەک تەنها لیژنەکانی سەلامەتی کار، بەڵکو هیچ کەسێکیش نەلەوەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و نە لە سەندیکاکانی کرێکاران هەتا ئێستا سەردانی ئەم پرۆژەیەیان نەکردووە.

دەنگی کرێکار:  لەکۆتاییدا ئەگەر شتێکت هەبێت باسی بکە بۆ دەنگی کرێکار. یان قسەیەکت هەبێت یان کێشەیەک کەدەنگی کرێکار بتوانێت بیگەیەنێت بەلایەنی پەیوەندیدار.

یادگار عەلی: زۆرسوپاس بۆ ئێوە. زۆرسوپاس بۆ ئەوەی کەکرێکاران بەسەر ئەکەنەوەو بەدواداچوون ئەکەن لەسەر کێشەوگرفتی ئەوان و لەنزیکەوە کرێکاران ئەبینن. ئومێدەوارم دەنگی کرێکار ببێتە دەنگی هەموو کرێکاران، وە کرێکاران بتوانن لەم کەناڵەوە باس لەکێشە و مەشاکیلەکانی خۆیان بکەن و باس لەمەسائیلی ڕێکخراوبوون و خۆ ڕێکخستنی خۆیان بکەن، هەتا بتوانن دەنگی کرێکار بکەنە مینبەری خۆیان و هیوادارم دەنگی کرێکاریش کێشەو مەشاکیلەکانی کرێکاران عەکس بکاتەوە وەکو میدیایەک کەلە ئایندەدا کرێکاران بتوانن پشتی پێ ببەستن. سوپاس بۆ ئەوەی کەئێمەتان بەسەرکردەوە. من ناوم یادگار عەلی، خەڵکی قەزای سەید سادقم، لەشاری سلێمانی لەم پڕۆژەیەدا کارەدەکەم. سوپاس بۆئێوە..

Related posts

بەپێچەوانەی یاساوە، کۆمپانیایەکی خاشاک، سزای کرێکاران دەدات!

Dangi Krekar

کرێکاران لەبارەی گرانی بازاڕەوە چی دەڵێین!

admin

دەرچووانی زانکۆی گەرمیان ڕێگای کەلار – خانەقینیان داخست

Dangi Krekar

Leave a Comment