Dangikrekar.com
گفتوگۆ

کرێکارانی ژینگەپارێز لەبارەی دۆخی کاریانەوە بۆ بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار دەدوێن

کرێکارانی ژینگەپارێز لەبارەی دۆخی کاریانەوە بۆ بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار دەدوێن

    ئامادەکردنی/مەحمود حەلاق

بەمەبەستی گوزارشت کردن لەدۆخی کرێکارانی ژینگەپارێز، پەیامنێرانی دەنگی کرێکار، سەردانی چەند ناوەندێکی کاری ژینگەپارێزان کردو چەند دیدارێکی لەگەڵ کرێکارانانێکدا سازداو لەبارەی دۆخی کارەکەیانەوە قسەوباسیان کرد. ئەمەی خوارەوە لێدوانی کرێکارانێکە لەسلێمانی وقەزای سەید سادق وبازیان/ تەکیەیە:

کرێکارێکی ژینگە پارێز/ سەید سادق: ئەم کارە بەوجۆرەی هەیە شایەنی ئینسان نیە.

دەنگی کرێکار: موچەکانتان چەندە.. ئایا ئێستا موچەکانتان وەردەگرن؟

کرێکارەکە: بەڵێ موچە وەردەگرین. سەیارەی کەپسەکان ٣٠٠ هەزارە، ئەڵێن ئەیکەین بە ٣٥٠، کرێکارانی تریش ٢٥٠ هەزارە.

دەنگی کرێکار: مەبەستت کرێکاران هەموویانە یان تەنها ئەو کرێکارانەی کەلەگەڵ سەیارەی کەپسەکەدان؟

کرێکارەکە: ئەو کرێکارانەی کەلەگەڵ سەیارەی کەپسەکەدان موچەکەیان ئەکەن بە ٣٥٠هەزار.

دەنگی کرێکار: ئەی کرێکارەکان دەستەبەری کۆمەڵایەتیان هەیە؟

کرێکارەکە: نەخێر، هەر تەنها ئەو ٢٥٠ هەزارەیەو تەواو.

دەنگی کرێکار: ئەی فشاری کارتان لەسەر نیە، مەبەستم ئەوەیە ئەو سنورەی کاری تێدا دەکەن تاکوێیە؟

کرێکارەکە: کارەکەمان زۆر سەخت و قورسە ئەو شوێنەی ئێمە کاری تێدا دەکەین، بۆنمونە بەیانی سەرەی گوندی حاجی نامق و ئەو ناوانەیە، زۆر زۆرە و ئەبێت تەواوی بکەین . ناوچەکە نزیکەی هەزار ماڵ ئەبێت، تەنها دوو کرێکاریش لەگەڵ کەپسێکدایە بۆ خاوێن کردنەوەی.

دەنگی کرێکار : ئەی لەکەیەوە بەڵێنی ئەوەیان پێداوون کە موچەکەتان بۆ ئەکەن بە ٣٥٠ هەزار وەوک سایەق کەپسەکان؟

کرێکارەکە: نزیک ٢٠ ڕۆژ ئەبێت ئەو بەڵێنەیان داوە کە موچەکەمان بکەن بە٣٥٠ هەزار وەک سایەق کەپسەکان.

دەنگی کرێکار: ئەو موچەیەی وەری دەگرێت بەشت دەکات؟

کرێکارەکە: نانەخێر بەشم ناکات.. من ئێستا لەخانوویەکی گڵدام و کرێچیم و دوو منداڵیشم هەیە، مانگانە ٧٠ هەتا ٨٠ هەزار دینار ئەدەم بەکرێ، مووچەکەم ٣٠٠ هەزارە، با کارەباو ئاوو موەلیدەش بوەستێت. ژیانمان یەکجار سەخت و دژوارە وناچار نەبین ئەم کارە بەوجۆرەی هەیە شایەنی ئینسان نیە.

کرێکارێکی ژینگەپارێز/ تەکیە- ناوچەی بازیان: کارەکە هێندە سەختو سەخت و زۆرە فریای هەمووی ناکەوین،

دەنگی کرێکار: دۆخی کارو موچەتان چۆنە؟

کرێکارەکە: موچەمان پێدەدەن، بەڵام ئەوە هەیە کە خواردنمان نەماوە وپێمان نادەن.

دەنگی کرێکار : لەکەیەوە خواردن نەماوە؟

کرێکارەکە: دەمێکە، لەوەتەی کۆمپانیا گۆڕدراوە، ئێستا خالید شینکی نیە، ئێستا کۆمپانیای شکارە

دەنگی کرێکار : هەر بەهەمان بڕی مووچەی جاران وەکو خۆی ماوەتەوە، یان ئاڵوگۆڕی تێدا کراوە؟

کرێکارەکە: نەخێر، سایەق بووە بە٤٠٠ هەزارو، کرێکاریش عەینەن خۆی ماوەتەوە بە ٣٠٠ هەزار

دەنگی کرێکار : ئەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیش  کراوون؟

کرێکارەکە: هەر مووچەکەیەو تەواو، بەڵام سایەق کەپسەکان ١٠٠ هەزاریان لێبڕاوە، جاران ٥٠٠ هەزار بوو، ئێستا بووە بە ٤٠٠ هەزار، حەرەسەکانیش مووچەکەیان کەمکراوەتەوە.. هەموو سایەق کەپسەکان بەلۆرییەکانیشەوە مووچەکەیان کەمکراوەتەوە بۆ ٤٠٠ هەزار.

دەنگی کرێکار:  سنوری کارەکەتان تاکوێیە وچۆن کارەکە دەکەن؟

کرێکارەکە: لەسەردەمی خالید شینیکدا ٤٠ بۆ ٤٥ سەیارەمان هەبوو بەتەنکەرەکانیشەوە، ئێستا لەم کاتەدا کەکۆمپانیای شکارە ٦ سەیارەی کەپسی هەیە. ئیشەکەش کراوە بەدوو زونەوە، ڕۆژێک بازیان پاک دەکرێتەوەو ڕۆژێکیش تەیناڵ، کارەکە هێندە سەختو زۆرە فریای هەمووی ناکەوین، ئالیات و سەیارەی کەپسەکان کەمن. لەهەفتەیەکدا سێجار ئەچین بۆ پاککردنەوە یەک سەیارەی کەپس و دوو کرێکار. بەڵام ئیشەکەمان قورس بووە، جاران بەیەک سەیارەی کەپسەوە بۆ نمونە تەنها خاشاکی یەک سنورم هەڵدەگرت، ئێستا دەبێت بەیەک سەیارەی کەپسەوە خاشاکی هەردوو  سنورەکە هەڵبگرمەوە.

دەنگی کرێکار : یەعنی مەبەستت ئەوەیە ئێستا بەیەک مووچەوە دوو ئیش دەکەن؟!

کرێکارەکە: بەڵێ.. دوو ئیش بەیەک مووچەوە.

دەنگی کرێکار : ئەی داوای زیادکردنی مووچەتان نەکردووە بەو هەموو ئیشەوە؟

کرێکارەکە: بەڵێ داوامان کردووە، بەڵام کەس گوێی لێ نەگرتووین، دوای ئەوەش خەتای کۆمپانیا نیە، خەتای حکومەتە، حکومەت پارە نادات، بۆ نموونە : جاران کاتی خالید شینکی ٢ ملیۆن پارەی ئەدا ئێستا ٥ سەد هەزار ئەدەن.

دەنگی کرێکار: یەعنی ئێستا ئیشی ١٠ کرێکاریان کردووە بە دوو نەفەرو بە سێ نەفەر بەکەپسێکەوە؟

کرێکارەکە: بەڵێ کەمیان کردۆتەوە، یەعنی ئەتوانم بڵێم ٣٠% کەم کراوەتەوە

دەنگی کرێکار: خواردنیشتان نەماوە؟

کرێکارەکە: خوارن دەمێکە نەماوە، لەسەردەمی خالید شینکیەوە نەماوە، لەوەتەی کۆمپانیای شکار هاتووە خواردنی بەیانیان و نیوەڕوان نەماوە.

دەنگی کرێکار:  سەعاتکاری ڕۆژانەتان چۆنە؟

کرێکارەکە: ئێمە سەعات ٥ بەیانیان دەرئەچین بۆئیش هەتا سەعات ١٢ ی نیوەڕۆ، دوای دوانزەش هەرکەس ئەچێتەوە بۆماڵی خۆی، بەڵام کرێکار هەیە دوو شەفت ئیش دەکات. ئەو کرێکارانەی کەگسک ئەدەن لەسەعات ٥ بەیانیەوە هەتا سەعات ١٢ ئەمێننەوە، من کەسایەق کەپسم جاری واهەیە دوو بۆ سێ سەعات ئیش تەواو دەکەم و دەڕۆمەوە. شەفتی دووەمیش دووجۆرمان هەیە، شەفتێکیان بەشەو دەچێت بەکەپسێکەوە ناوبازاڕەکان کۆدەکاتەوە، ئەمە هەموو شەوێکە، ئەوی تریشیان بۆنمونە سایەقێک نایەت، سەیارەیەک ئەشکێت، ئێمە ئەچین لەجیاتی ئەوان خاشاکەکە کۆ دەکەینەوەو پارەکەی ئەوان بۆ ئێمە حسابە.

کرێکارێکی ژینگەپارێز/ سڵیمانی:

کرێکارانی ژینگەپارێز، ئەوانەی کە کاری پاککردنەوەی گەڕەکەکانی ناو شاری سلێمانی ئەنجام دەدەن بەکەڵەکەی خاشاک لەگەڕەکەکان لەم چەند رۆژەی دوایدابەم جۆرە دوا:

هۆکاری کەڵەکەی خاشاک و خۆڵ تەنها نەبوونی کرێکاری پێویست و بەتایبەت کرێکاری کابیسەیە ،ووتی لەبەر کەمی موچە کرێکار نایەت بۆکار چونکە ٣٥٠هەزارمان دەدەنێ .. ئێمە خەڵکی سلێمانی نین هەر کات بمانەوێت بڕۆینەوە .. نزیکەی ٥٠هەزارمان ئەوێت بۆ هاتووچۆو مەسرەف، هیچ نامێنێتەوە بۆ خەرجی ماڵەوە ،کۆمپانیاش موچە زیاد ناکات، ئامێرەکان هەیە بەڵام ئیتر وەک وتم ئەبینی گەڕەک خاوێن نییە.

Related posts

لەبەردەم پەروەردەی پشدەر گردبونەوەیەکیان ئەنجام

Dangi Krekar

دە نگی کرێکار ژمارە ٥٦ بە شێوەی pdf

Dangi Krekar

گروپی داکۆکی لەخواستەکانی خەڵکی شارۆچکەی بازیان، خۆی ڕاگەیاند

Dangi Krekar

Leave a Comment