گرێبەستی کار ، تاک لایەنەیەو
لە لایەن کۆمپانیاکانەوە شەرعیەتی
پێدراوە!
| وەستا مەهدی :
ئەگەرسەرنجێك لەسەرگرێبەستی کارلەیاسای کاری ژمارە٣٧یساڵی٢٠١٥یعێراق بدەین،دەبینین وەكخۆی لەیاساکاری تازەی هەرێمی کوردستانیشداهاتووە. کاتی خۆی ئێمەپێشدەرچونی یاسا تازەکەی هەرێم وتمان ودواشمان کرد لە پەرلەمان کە دەنگ نەدەن بە ڕەش نوسی ئەو یاسا کارەی کە حکومەتی هەرێم ئاراستەی کردون، چونکە ئەم یاسای کارەی حکومەتی هەرێم سەراپا لەدژی کرێکارانەو بۆ باڵادەستکردنی خاوەنکارو کۆمپانیاکان بەسەر دۆخی کارو کرێکارندا دەرکراوە. ئێمە لەکاتی خۆیدا وتمان ئەم رەشنوسی یاسای کارە بێجگە لە شەعیەتدان بەم واقیعە تاڵەی کە خاوە کارخانەکان و دەسەڵات سەپاندویانە بەسەر کرێکاراندا زیاتر نییەو دەبێتە تەوقێک و دەخرێتە ملی کرێکاران.
تەنانەت ڕێگا دەدات کەکۆمپانیاکان بەکەیفی خۆیان وبۆبەرژەوەندیەکانیان چۆن بیانەوێت ئاو اکار بەکرێکاران دەکەن. ڕاستی ئەم قسانەمان بەڕۆشنی لەمەسەلەی گرێبەستی کاردا ئاشکرا دەبێت. کەوایە با سەرنجێک بدەین لەمەسەلەی گرێبەستی کار لەیاساکەدا:
یاسای کاری هەرێم بەڕۆشنی ڕێگەی داوە بەخاوەنکار تاك لایەنە و بێئەوەی کرێکارەکە ئاگادار بێت، نوسراوێکی ئامادەکراو بەکریکارەکە واژۆ دەکا وپێی دەڵێت ئەوە گرێبەستی کارەکەتە!. لەم نوسراوەدا هەموو مەرجەکانی خاوەنکار دانراوە و کرێکارەکەی پێ پایبەندکردوە، بەبێ ئەوەی کەهیچ مەرجێکی کرێکارەکەی تێدا بێت، تەنانەت پرسی بەکریکارەکە کردبێ وبەر لە ئیمزاکردنی گرێبەستەکە خستبێتیە بەردەمی تابزانێت واژۆ لەچی دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە کەلەیاساکەدا هاتوە “گرێبەستی کار دولایەنەیە ودەبی بەرەزامەندی هەردولا، کرێکارو خاوەنکار، واژۆ بکرێت”!.
ئێمە دەیان نسخەمان بەردەستە لەو جۆرە نوسراو وفۆرمانەی کە بۆ گرێبەست ئامادەکراوەو بەکرێکارانیان واژۆ کردوە کەچۆن کرێکاران پایبەند دەکا بەو مەرجانەی کە خاوەنکار دایناوە وڕێگەشی لە کرێکارەکە گرتوە کەڕای خۆی لەسەربدات.
ئەم جۆرە گرێبەست کردنە، هەرخۆی پێش دەرچونی یاساکەش بەوشێوەیە بووە. خاوەنکار ئامادەی کردووەو بەکرێکاری واژۆ کردوەو کرێکاریش بەناچاری ڕازی بووە، هەر ئەمەش لە یاساکاری هەرێمدا جیگیر کراوە وکراوەتە یاسا. لەحالێکدا کرێکاران نە دەخاڵەتیان پێکراوەو نەوەک تەرەفی دووەم لەگرێبەستی کاردا جێگایەکی پێدراوە. بەلام ئەگەر بۆ کرێکارەکە هۆکاری سەختی ژیانو بژێوی وای کردبێت بەناچاری مل بەم سیستەمە بدات، ئەگەر بێکاری و نەبونی فرسەتیکار کرێکارەکە ناچاربکات بەواژۆ کردنی هەر گرێبەستێک، بەڵام خۆ بۆ خاوەنکارو کۆمپانیاکان وانیە وحکومەت یاسای دەرکردوە ودانی ناوە بەوەدا کە گرێبەست دەبێ دولایەنەو بەڕەزامەندی هەردوو لابێت. لەحاڵەتێکی ئاوادایە تەنها ئەو ڕاستیە دەمێنیتەوە کەبڵێین شێوازی گرێبەستی کار لەسەرو یاساوە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە شەرعیەتی وەرگرتوەو حکومەت وەزارەتیکاریش بەتەواوی لەگەڵ ئەم دۆخەدایە. بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە کرێکاران خۆیانن کە نابێ مل بەم دۆخە بدەن ونابێ واژۆ لە گرێبەستێک بکەن کە دەخاڵەتیان تێیدا نیەو ڕێگەیان پێنەدراوە مەرجەکانی خۆیانی تێدا جێگیربکەن.
واتە دەبێ کرێکاران ئەوە بزانن کە خاوەنکار پشت ئەستورە بە مامەڵەی حکومەت و وەزارەتی کارو خاوەنکارەکان ودەسەڵاتیان لە پشتە. ئەم واقیعە تەنها لە عێراق ولە هەرێم وانییە، بەڵكو لەدنیای سەرمایەداریدا سەرتاپا گێرە و لە هەر شوێنێك کرێکار هەبێت یاسای کاریان بۆ داناوە و لەڕێگای ڕێکخراوی کاری جیهانیەوە کردویانەتە ستاندارێکی جیهانی، تا بڕگەو مادە یاساییەکانی لەزۆربەی وڵاتانی دنیادا بەڕێوەببرێت بەڵام ئایە خاوەن کارخانەو دەسەڵاتی سیاسی لەئاستی دنیادا تاچەند توانیویانە بەدڵی خۆیان یاساو ڕێساکان بسەپێنن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەسەر ئامادەیی کرێکاران و خەباتەکەیان وەستاوە. واتە بەو ئاستەی کریکاران لەهەر وڵاتێکدا، هوشیاربن بەدۆخی خۆیان ویاسا بەرکارەکان، هاوکات بەو ئاستەی کە ڕێکخراوی کریکاریان هەیەو خۆیان لە یەکیەتیە کرێکارییەکاندا یەکگرتوو کردبێ و لەسەر مافەکانی خۆیان بەدەنگ هاتبن، بەو ئاستەش توانیواینە هاوسەنگی دروست بکەن ودەستی خاوەنکارو کۆمپانیاکان لەسەر ژیانیان کورت بکەنەوە ونەک هەر یاساکان جێبەجی بکرێ، بەڵکو توانیویانە یاساکان بەقازانجی خۆیان بگۆڕن و لەوانەش سەعات کار کەم بکەنەوە و موچە زیاد بکەن و بەگشتی سیستەمی کارکردنی بگۆڕن، بەجۆرێك کە لەخزمەتی کرێکاراندا بێت. بەکورتی ئەم واقیعە تاڵە، کرێکاران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری بەرپرسیار دەکەت کە خەبات دژی یاساو رێسا داسەپاوەکان بەرێ بخەن وبۆ هەڵوەشانەوی گشت ئەو یاساو ڕێسایانەی کە ڕێگە بەچەوسانەوەی کرێکاران دەدا، کرێکاران ئامادەو یەکگرتوو بکەن. بێگومان بۆئەمەش هێزی ڕێکخراو و هۆشیاری کرێکارانی لازمە و کرێکاران دەبێت لە شوێنێکەوە دەست پێبکەن. بۆیە دەبێ کرێکاران پشت بەخۆیان ببەستن و پشتگیری نوێنەرەکانیان بن تا کە هێز کە بتوانێت ئەم واقیعە سەختە بگۆری هێزی کرێکاران خۆیانە.
مێژوی بزوتنەوەی کرێکاری شاهیدی دەیان هەلومەرجی سەختت تر لەوەی کەئێستا هەیە بووەو بەخەباتی کرێکاران کۆتایی پێهاتووە، بۆیە نابێ کرێکاران ملبدەن بەم واقیعە تاڵە … حوزەیرانی٢٠٢٣