Dangikrekar.com
بابەتی تایبەت

ڕەزا شەهابی، هەڵسوڕاوی کرێکاریی و سەندیکایی، لە ئێران بناسن! 

ڕەزا شەهابی، هەڵسوڕاوی کرێکاریی و سەندیکایی، لە ئێران بناسن! 

| کورتکراوەی وتارێکە

توانا حەمە نوری، لەئینگلیزیەوە وەری گێراوە.

 

ڕەزا شەهابی هەڵسوڕاوی کرێکاری و سەندیکایی ناوداری تاران و ئێرانە. چەندین جار بە هۆی چالاکی و  جموجۆڵی کرێکاری و سەندیکاییەوە دەستگیر و زیندانی کراوە.

لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٤ ڕەزا شەهابی، هاوڕێ لەگەڵ مەنسور ئاسانلوو و ئیبراهیم مەدادی، بەهاوکاری “دەستەی دامەزرێنەری سەندیکاکانی کرێکاران” سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیای پاسی تاران و یەکەکانی دەرەوەی شاریان دامەزراندوە. سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیای پاسی تاران و یەکەکانی دەرەوەی شار بڕیاریدا مانگرتنێکی گەورە ڕابگەیەنێت. بەڵام پێش مانگرتنەکە مەنسور ئاسانلو و هەندێک لە ئەندامانی تری دەستەی کارگێڕی دەستگیرکران. شەهابی و ئەندامانی دیکەی دەستەی کارگێڕی لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٤دا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەم دەستگیرکردنانە مانگرتنیان ڕاگەیاند و لە ئەنجامدا شەهابی دەستگیرکرا.

دووەم مانگرتنی سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیای پاسی تاران لە شوباتی ٢٠٠٨ ڕێکخرا و لە ئەنجامدا شەهابی و ژمارەیەک شۆفێری دیکە لە کارەکانیان دوورخرانەوە. شەهابی دوای چوار ساڵ، بە بڕیاری دەستەی سەرپێچی کارگێڕی، گەڕایەوە سەر کارەکەی. لە ساڵی ٢٠١١دا جارێکیتر بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژی نیزام” دەستگیرکرا و سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ساڵی ٢٠١٧دا سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیای پاسی تاران سەرەتا ڕایگەیاند کە هەزار و ٦٠٠ واژۆیان بۆ ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ڕەزا شەهابییان کۆکردۆتەوە. هەروەها پێنج سەندیکای کرێکاری فەرەنسی، حزبی شیوعی فەرەنسی و چەند سەندیکایەکی کرێکاری سویدیش داوای ئازادکردنی ڕەزا شەهابییان کرد. لەشوباتی ٢٠١٧ شۆفێرانی تاران بە کەمکردنەوەی خێرایی خۆیان بۆ 20 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا و داگیرساندنی گڵۆپەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر دەستگیرکردنی شەهابی. هەروەها ٩٠٠ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی لەنامەیەکدا پاڵپشتی ئازادکردنی شەهابییان کرد. مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ لەسەر بانگهێشتی سەندیکای کرێکارانی ئەو کۆمپانیایە گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لە شەهابی لەبەردەم وەزارەتی کار بەڕێوەچوو. شەهابی خۆی لە ماوەی زیندانیکردنیدا چەندین جار مانی لە خواردن گرتووە. یەکێک لە مانگرتنەکانی هاوکات بوو لەگەڵ مانگرتنی ٢٠ زیندانی سیاسی لە زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج لە ٨ی ئابی ٢٠١٧ و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو فشارانەی کە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە دەکرا . تا لە ١٣ ئازاری ٢٠١٨ بە بڕیاری دادگالە زیندان ئازاد کرا.

شەهابی لەحوزەیرانی ٢٠١٨ لەکاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گشتی ئەو سەندیکایە بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیای پاسی تاران و یەکەکانی دەرەوەی شارهەڵبژێردرا. ئەم هەڵبژاردنە بە بەربەستی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە چالاکوانی سەندیکا دەستی پێکرد، بەڵام دواجار بە هۆی خۆڕاگری کرێکاران، چالاکوانانی دەستبەسەرکراو ئازاد کران.

لە ساڵی ٢٠٢٠ شەهابی جارێکی دیکە لەگەڵ دەیان کەسی دیکە لەکاتی ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی کرێکاران دەستگیرکران، بەڵام دوای هەفتەیەک لە زیندان ئازاد کران.

لە ١٢ نیسانی ٢٠٢٢ هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتایە سەر ماڵی ڕەزا شەهابی و لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا و ڕاستەوخۆ بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین گوازرایەوە.  لەپاییزی ساڵی ٢٠٢٢دا، لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی سیستم و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان، بە گشتی ڕەزا شەهابی و حەسەن سەعیدی (هەڵسوڕاوی سەندیکای کرێکاران کۆمپانیای تاران و یەکەکانی دەرەوەی شار) بە ٦ ساڵ زیندانی مەحکووم کران.

شەهابی هەڵسوراوی کرێکاری تائێستاش لەزیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران بەندە، بەڵام هەوڵە جیهانی و ناوخۆیەکان بۆ ئازادکردنی هەر بەردەوامە.

ناوەڕاستی ئایاری ٢٠٢٣

 

Related posts

بۆ خواستی بەهەمیشەیی کردنیان مامۆستایانی وانەبێژ، خۆپیشاندانێکی یەک ڕۆژە و سەراسەریان، بەڕێخست!

Dangi Krekar

دوکرێکاری لاو لەڕوداوێکدا گیانیان لەدەستدا

Dangi Krekar

دە نگی کرێکار ژمارە ٥٣ بە شێوە ی پیدیئێف ببینن لەسەرسایت

Dangi Krekar

Leave a Comment