Dangikrekar.com
ئەرشیڤ

تیمێکی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەکۆڕبەندێکی ڕێکخراوی دابین بۆ کاروباری کرێکاران بەشداری دەکات!

تیمێکی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار لەکۆڕبەندێکی ڕێکخراوی دابین بۆ کاروباری کرێکاران بەشداری دەکات!

وەستا مەهدی :

تێمێک لەستافی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، کەپێکهاتبوو لەوەستا مەهدی ، محمود حەلاق، شاباز مەحمود، بەشدارییان کرد لەکۆڕبەندێكدا کەلەلایەن ڕێکخراوی دابین بۆ کاروباری کرێکارانەوە سازدرابوو.. لەم کۆڕبەندەدا وەستا مەهدی وتەیەکی پێشکەش کرد کەئەمەی خوارەوە بەشێکیەتی..

 

وەستا مەهدی:

سەرەتا سوپاسگوزارین کەڕێکخراوی دابین ئێمەی بانگهێشت کرد هەتا ئێمە ڕاوبۆچوونی خۆمان هەبێت  لەسەر دۆخی کرێکاران بەتایبەت لەکەرتی تایبەتدا کەئێوە باسی لەسەر ئەکەن .. من وەک سەرنوسەری بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار ئەبێت هەروا سەرخەتی دۆخی کرێکاران باس بکەم ، کەلە کوردستاندا کرێکاران دەیگوزەرێنن .. بەجیا لەوەی کەڕاپۆرتێکی تێرو تەسەلتان خستە بەرچاو کەهەمووی ئامار بوو لەسەرئەوزاعی چینی کرێکار لەکوردستان. بەڵام من دەمەوێت چەند خاڵێک بڵێم : ئێستا کرێکاران لەکوردستان بەسەعاتکاری زۆر کاریان پێ دەکرێت ، گرێبەستەکان هەمووی کاتین، دەرکردن لەسەرکار هەڕەشەیەکی سەختە بۆ سەر کرێکاران، دواخستنی کرێ وزۆر کێشەی تر..

تەسەور بکەن ئێستا کرێکار هەیە  لەکەرتی خزمەتگوزاریدا بەتایبەتی شەش مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، هەرئێستا نموونەی بەرجەستەتان پێ بڵێم : کرێکارانی ژینگەپارێز لەخەستەخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق شەش مانگە مووچەیان پێ نەدراوە. بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقع دەگوزەرێت زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەوەی حکومەت و وەزارەتی کار باسی لێوەدەکات، تەنانەت ئەگەر ئێوە بچنە ناو کرێکاران، دۆخەکە زۆر جیاوازە لەو ڕاپۆرتانەی ئەدرێت بەئێن ئی دی NED، هەتا ئێستا دەرکردنی کرێکاران گەورەترین هەڕەشەیە، نموونەکەشی هەر ئێستا لەبەردەستدایە .. یەک ڕۆژ پێش یەکی ئایار، لەکارگەی چپسی گرین عێراق لەناوچەی بازیان، ١٤ کرێکار ئینزارکران کەلەسەر کار دەربکرێن بەبیانووی ئەوەی کەئەمانە لەماوەی تێستکردندا دەرنەچوون، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەم کرێکارانە ماوەی تێستیان تێپەڕاندووە ، ساڵێک و دووساڵ بۆسێ ساڵ لەوێ ئیش ئەکەن گرێبەستێکی ساختەیان بۆ دروست ئەکەن ئەڵێن ئەمە لەماوەی تێستدا دەرنەچوون .. من ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە لەکوردستان سەرباری ئەم دۆخە سەختەی کرێکاران کەهەیە، یاسای کارێکی تەواو دژە کرێکارییەو وەکو تەوق سەپێنراوەو خراوەتە ملی کرێکارەوە.. کاتی خۆی من لەپەرلەمان ئامادەبووم لەڕەشنووسی یاسای کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەهەموو ئەمانەدا ئێمە هەبووین، وەلە تەعدیلەکەدا هەبووین ، کاتی خۆیشی من یاداشتێکم دا بەسەرۆکی پەرلەمان و داوام لێکرد کەئەم یاسایە لەپەرلەمان دەنگی پێ نەدرێت، لەبەر ئەوەی تەواو دژە کرێکارییە، بەو مانایەی کەکرێکاران لەنووسینەوەی ڕەشنووسی یاسای کاردا بەشدارییان پێنەکراوە، کەواتە دژە کرێکارییەو بەقازانجی خاوەن کۆمپانیاکان نوسراوە بۆ ڕازیکردنی  ILO ، بۆ دڵڕاگرتنی سندوقی قەرزی نێو دەوڵەتی، بۆسازدانی بازاڕێک لەکرێکارانی خامۆش و بێدەنگ، ئەم یاسای کارە بۆ ئەوە نوسراوە ..

ئێمە قسەمان زۆر زیاترە کەلێرەدا بیکەین، بەڵام بەداخەوە من نازانم لەم ماوە کەمەی کەلەبەردەستدایە باسی چی بکەم …

لەڕاستیدا ئەم ڕاپۆرتە حەقیقەتێکی پیشاندا کەنیشانەی ئەوەیە کرێکاران بەتەواوەتی لەدواوەن .. من هیچ قسەیەکم نیە لەسەر مەسەلەی سەندیکاکان کە چی ئەکەن، یان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چی ئەکەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع ئەوەیە کە : سەرباری هەموو ئەوانەی کەمن باسم کرد ، نەبوونی ئازادی ڕێکخراو بوون بۆ کرێکاران، فەزایەکی خوڵقاندووە کەخاوەنکار دەستی کراوە بێت، کە حکومەت شانی خۆی خاڵی بکاتەوە لەبەرپرسیارێتی لەژیانی کرێکاران .. لەکوێی دنیادا هەیە کرێکار لەساڵێکدا دوو مووچەی بخورێت ؟! یان لەکوێی دنیادا هەیە کرێکاران بەگشتی لەهەردوو کەرتەکەدا مووچەکەی بەبارەمتە بگیرێت ؟! قووتی منداڵەکانی بەبارەمتە بگیرێت؟! ئاخر بەڕاستی فەزایەکە پێویست ئەکات کەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکاکان، هەموو ئەوانەی کە بەڕاستی دڵسۆزی چینی کرێکارن و ئەیانەوێت دیفاعیان لێبکەن ، لەم قۆناغە تێپەڕن .. بەڵام سەرباری هەموو ئەوانەش، ئەوەی کەئەڵێت کرێکار ناهوشیارە، بەپێچەوانەوە ، کرێکاران هوشیارن.. وەرن بڕۆنە ناو کارگەکانەوە، هەمووی بڕوانامەی دانشگاو پەیمانگای هەیە ، ئەو قسانەی ئەوان دەیکەن ئەسڵەن ئێمە نایکەین .. ئەگەر ئێوە سەرنج بدەن، لەیەکی ئایاری ئەمساڵ کەئێمە بۆ کرێکارانمان سازکرد لەبەردە قارەمانی تەنیشت شارۆچکەی تەکیە، بەحوکمی ئەوەی پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە ، کەسێک هات لەسەر ستەیجەکە ووتەی پێشکەش کرد، ئەسڵەن خوێندەواریشی نەبوو، پێنج پاس کرێکاری هێنابوو، لەپشتی خۆیەوە ڕایگرتن و قسەی لەسەر وەزعی ئەوان کرد ، بەجۆرێک کەس نەبوو موچڕک بەلەشیدا نەهاتبێت .. کرێکار لەم ووڵاتەدا پڕوکاوە .. سەیری تەلارەکانی شار بکەن کەچۆن براوە بەئاسماندا ، ئاشکرایە کەبەری ڕەنجی ئەوانە ، بەڵام کرێکار لێی مەحرومە ، کرێکار چووەتە دواوە، زەربەی خواردووە .. قوربانیانی شوێنی کار، بەڵگەیەکی ترە لەسەر ئەوەی کەکرێکاران بەتەواوەتی لەحاشیەدا نراوون، خراونەتە دواوە ، بوونەتە قوربانی .. چواردە سەعات کارکردن، بەدڵنیاییەوە تەواوی تواناکانی لەدەست ئەدات، ئەسڵەن هیچ ئاگاشی لەئیشەکەی نامێنێت ..

من نامەوێت لەوە زیاتر کاتتان بگرم .. جارێکی دیکەش سوپاسگوزاری ئێوەین بۆئەم  بانگهێشت کردنە..

Related posts

دادگای کاری سلێمانی کەیسی ١٠ کرێکاری لەسەر کار دەرکراوی بەقازانجی کرێکاران یەکلایی کردەوە!

Dangi Krekar

مانگرتنی نانەواخانەکانی هەولێر بڕیارێکی حکومەتی ڕاگرت!

Dangi Krekar

کرێکارانی ژینگەپارێز لەبارەی دۆخی کاریانەوە بۆ بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار دەدوێن

Dangi Krekar

Leave a Comment