Dangikrekar.com
ئەرشیڤ

بۆچی نابێ کرێکاران بەبێ گرێبەست کار بکەن؟

بۆچی نابێ کرێکاران بەبێ گرێبەست کار بکەن؟

|مەحمود حەلاق:

گرێبەستی کارچییەو بۆ دەبێ هەر کرێکارێک کە لەشوێنێك کاری کرد، پێویستە گرێ بەستێکی هەبێت؟ ئایا کرێکاران و خاوەنکارەکان گوێ بەگرێبەستی کار دەدەن؟ یاسای کار سەبارەت بەگرێبەستەکانی کار چی دەڵێت؟

لەهەر کارێکدا دولایەن دەکەونە مامەڵەوە، یەکێکیان کرێکارە کەهێزی کاری خۆی بۆ ماوەیەک ولەبەرامبەر بڕێک پارەدا کەپێی دەلێن “کرێ” دەفرۆشرێت. دوەمیشیان خاوەنکارە کەهێزی کار لەهەلومەرجێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی و یاساییدا بەپێی چەند مەرجێک دەکڕێت وسەرەنجام کرێکارەکە دەخاتە نێو کارەوە، بەم جۆرەش ڕێکەوتنێک لەنێوان هەردولادا دێتەئاراوە کەپێی دەوترێت گرێبەست.. ئیتر ئەم گرێبەستە نوسراوبێت یان نەنوسراو. بەڵام ئەوەی لەئێستادا باوەوکۆمپانیا وخاوەن کارەکان پەیڕەوی لێدەکەن ئەوەیە کەگرێبەستی هەرکارێک لەفۆرمێکدا تۆمار دەکرێت کەتێیدا هەردولا واژۆ لەسەر تەبیعەتی کارەکە ومەرج و داواکانی خۆیان دەکەن. بێگومان ئەمفۆرمە قابیلیەتی یاسایی هەیە وهەردولا دەتوانن لەحاڵەتی سەرپێچی کردندا وەک بەڵگە بیخەنە بەردەم دادگا… بێگومان بۆ کرێکاران گرنگە کەهیچ کارێک بەبێ کرێبەست ئەنجام نەدەن، تەنانەت ئەگەر ماوەی کارەکە کەمیش بێت، ئەمەش بۆئەوەیە هەتا بتوانێت هەم سنورێک بۆ دەسەڵاتی خاوەنکار دابنێت و ئیتر لەوچوارچێوەیەدا زیاتر کاری پێنەکات ومەرجی زیاتری بەسەردا نەسەپێت، وەهەم وەک بەڵگەیەک بۆ داکۆکیکردن لەمافەکانی خۆی لەدادگادا بەکاری بهێنێت و لەپاشەڕۆژیشدا بیکاتە سەرچاوەیەک بۆ بەدەستهێنانی مافی خانەنشینی. لەیەک وتەدا گرێبەستی کار بۆ کرێکاران لەو ڕووەوە گرنگە کەخۆی بکاتە خاوەنی بەڵگەنامەیەکی یاسایی هەتا ڕێگا لەسەرپێچی خاوەنکارەکان بگرێت…لەکوردستان لەیاسای کاری تازەی پەسەندکراوی هەرێمدا  باسی گرێبەستی کار کراوە. لەم یاسادا هاتووە کە گرێبەست بەو فۆرمە دەڵێن کەلەنێوان خاوەنکارو کرێکارەکەدا واژۆ دەکرێت وئەبێت خاوەنکار و کرێکار هەردولا پابەندبن پێیەوە. واتە کرێکارەکە دەبێت پابەند بێت بەو کارەوە کەخاوەنکار بۆی دیاری دەکات و ئەنجامی ئەدات ، خاوەنکاریش بەهەمان شێوە دەبێت پابەند بێت بەو حەقی کارەوە کە کرێکارەکە پێی هەڵدەستێت. هەروەها یاساکە ئاماژە بەوەدەکات کە دەبێت لەفۆرمی گرێبەستی کاردا، ئاماژە بەماوەی کارەکە بکرێت، لەوکاتەی کەدەست پێدەکاتهەتا کاتێک کەتەواو دەبێت وچۆن وبەچ شێوەیەك ئەوگرێبەستە کۆتایی دێت.تەنانەت لەیاساکەدا هاتووە کە گرێبەست بنوسرێت باشە نەك ڕێکەوتنێک بێت بەدەمی وشەفەوی ، واتە بەس بەقسە بێت..بەڵام کێشەی سەرەکی لەوەدایە کەبەشی هەرەزۆری کرێکاران شارەزای یاسایکار نین وناشزانن چ مافێکیان پێدراوە، ئەوان لەهەرکوێەک کارێکیان دەستبکەوێت دەیکەن. ئەوەی کە شارەزای یاسایە ویاسا ناسە ئەو دادوەرو قازیانەن کە دامەزراوەی تایبەتیان هەیە ودەبێت یاساکان وەك خۆی جێبەجێ بکەن. تەنانەت ئەگەر کرێکاران بۆخۆشێان نوێنەرایەتیەکی یاساییان هەبێت دیسانەوە کێشەکانیان هەر دەچێتەوە بەردەستی دادوەرو بەپێی یاسای تایبەت بەکاروباری کرێکاران مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. بەڵام ئەوەی گرفتە ئێمە لەگەڵ حکومەتو یاسا و کۆمەڵێک دام ودەزگادا بەرەوڕووین کەنەچاودێرن بەسەر دۆخی کرێکارانداو نەبەدواداچوونیش بۆ گرێبەستەکان وچۆنیەتی جێبەجێکردنی مادەکانی خودی یاسایکارێکدا دەکەن کەخۆیان بڕیاریان لێیداوە، هەربۆیە مەسەلەی گرێبەستی کار نابێتە بابەتێکی گرنگ بەلای کرێکارانەوە وناچن بەلایدا. لەلایەکیتریشەوە لەکوردستان زۆرێك لە کرێکاران گرێبەستی کاریان نییە و خاوەنکارەکان تابۆیان بکرێت خۆیان لە ئیمزاکردنی هەرجۆرە گرێبەستێک دەدزنەوە ونایانەوێت ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی یاسایی ببنەوە. هاوکات نەبوونی گرێبەست بۆ خاوەنکارەکان وادەکات کە بەسادەیی مافی کرێکاران پێشێلبکەن وهەر کاتێکیش ویستیان لەسەر کاردەریان بکەن بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی یاساببنەوە. جگە لەم ڕاستیانەش گرێبەستی کار مەسەلەی زەمانی خانەنشینیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشێکی زۆر لەکرێکاران زەمان نەکراون و ئەوانەش وا زەمانی خانەنشینیان هەیە دڵنیانین کە کەی وچۆن ئەم زەمانەیان پێ دەدرێت. بەهۆی خراپی سیستەمی زەمانو کەم تەرخەمی لایەنە پەیوەندیدارەکان وئیفلیجی دادگای کار وجێبەجێ نەبوونی یاسای کارەوە، ئەوەی کەڕاستەوخۆ قازانج لەنەبوونی گرێبەستی کاردادەکات خاوەنکارەکانە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کەلەکوردستان سیستەمی بیمەکان بوونی نیەو دامودەزگای قەزاییش دامەزراوەیەکی کارا نییە هەتا بەپیری ئەو مافە کەم و خوارو خێچەشەو بچێت کەحکومەت لە یاسایکاردا ددانی پێداناوە. هەربۆیە لەحاڵەتی نەبوونی گرێبەستی کاردا ئەوە زۆربەی خاوەنکارەکانن کە لەحەقدەستی کرێکار دەبڕن و سەعاتکاری زیارتر کاریان پێ دەکەن وکەمترین پێداویستیەکانی سەلامەتی شوێنی کاریان بۆدابین ناکەن… و خۆشیان ناخەنە ژێر هیچ بەرپرسیارێتیەکی یاساییەوە وهەر کاتێکیش بەدڵیان نەبوو بەئاسانی کرێکارەکە لەسەر کار دەردەکەن..  کەوایە کرێکاران نەک هەر نابێت هیچ کارێک بەبێ گرێبەست ئەنجام بدەن، بەڵکو دەبێت بەهوشیاریەوە لەخۆیانو کارەکەیان بڕوانن و بەمافو مەرجی خۆیانەوە گرێبەستی کار لەگەڵ خاوەنکارەکاندا واژۆبکەن.

Related posts

کورتە هەواڵی مانگرتن وناڕەزایەتیە کرێکاریەکان لەچەند ووڵاتدا

admin

پێویستی پێکهێنانی “ دەستەکانی ناڕەزایەتی کرێکاریی“

Dangi Krekar

مانگرتنی گشتی کارمەندان لەسلێمانی وگەرمیان و ڕاپەڕین دەستی پێکرد !

Dangi Krekar

Leave a Comment