لەبەرامبەر گرانیدا، زیادکردنی موچەو حەقدەستی مانگانە، خواستی کرێکارن و کارمەندانی کوردستانە!
|دەنگی کرێکار :
لەکوردستاندا هەر ڕۆژەو قەیرانێك سەرهەڵئەدات و بۆ هەر قەیرانێکێش پاساوێك هەیە. ماوەیەک لەمەو بەر نرخی بەنزین چوەتە سەرەوە بەبیانوی ئەوەی کە نرخی دۆلار بەرزبۆتەوەو ئەو بەنزینەی کە لەبازاردایە بەدۆلار دەکڕدرێت . زۆری نەبرد بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلاردا شکاو نرخی تەواوی شتومەك بەرزبووە. هێشتا بودجەی عێراق پەسەند نەکراوە، بەدڵنیایەوە ئەمەش دەبێتە پاساوێک بەدەست حکومەتی هەرێمەوە، کەگوایە ”پشکی هەرێم“ کەمەو داهاتی کافی نایەتەبەردەست، بۆ ئەمەش گرانی و داسەپاندنی باج بەسەر هاوڵاتیاندا دەبێتە بەشێک لەبەرنامەی چاکسازیەکەی حکومەت.
پرسەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا سەرچاوەی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار کێیەوکێ باجی ئەم گرانییە دەدات ؟ لە کاتێکدا خاوەنکارەکان سەرەڕای گران بونی نرخی کاڵان، هێشتا هیچ بڕە پارەیەکیان نەخستووەتە سەر حەقدەستی کرێکاران، بگرە حەقدەست بەبیانوی ”قەیرانی دارایی“ لەسەر ئاستی جیهاندا کەم کراوەتەوەو ئاستی کاڵا بەرهەمهێنراوەکانیش بەردەوام بەهەمان ڕێژەی دیاری کراودێتە بازارەوە، تەنانەت نرخی کاڵای خام وڕێژەکەشی کەمی نەکردوە. هەڵبەتە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، نەخاوەنی هیچن و نەئەو دەسەڵاتەشیان هەیە تا بڕیاربدەن لەسەر نرخی کاڵاکان و ڕێگەنەدەن بەگران بوونیان، هەر بۆیە ئەوە حکومەت و خاوەن کۆمپانیاکانە دەستیان بۆسەر سفرەی خەڵک درێژ کردووە وگرانییان داسەپاندووە، هەتا لەم قەیرانی ئابوریەدا سەرمایەو قازانج کۆبکەنەوە. بێگومان ئەوانەشی کەباجی ئەم گرانیە دەدات کرێکاران وخەڵکی کەم دەرامەتن. هەر بۆیە دەبێت بەرامبەر بەگرانی نرخی شتومەك بێدەنگ نەبن و داواکاری خۆیان لەڕاستای بەرگرتن بەهەژاری زیاتر بێنە مەیدانەوە. لەم پەیوەندەشدا، دەبێت خواستی سەرەکی کرێکاران بەرزکردنەوەی حەقدەست بێت. هەروەها دەبێت حکومەت بەرپرسیار بکرێت بەرامبەر بەگرانی وناچار بکرێت بە پێداچوونەوە بەلانیکەمی کرێی کرێکاران. لەمڕۆدا داسەپاندنی خواستی یەك ملێون دینار لەمانگێکدا بۆ هەر خێزانێکی ٥ نەفەری وەک لانیکەمی موچە وکرێی مانگانە، ئەتوانێت وەڵامێک بێت بەگرانی ودابین کردنی ئاستێک لەبژێوی بۆ خێزانە کرێکاریەکان.
٢٥/٥/٢٠٢٣