Dangikrekar.com
وتار

کرێکارانی بەشی ئینتاجی کارخانەی گرین عێراق و ئەزمونێک بۆ کرێکارانی پیشەسازی لەکوردستان !!

کرێکارانی بەشی ئینتاجی کارخانەی گرین عێراق و ئەزمونێک بۆ کرێکارانی پیشەسازی لەکوردستان !!

 |شاباز مەحمود :

کرێکارانی کۆمپانیای گرێن عێراق، لەبەرامبەرسەختی کارەکەیان ومامەڵەی بەڕێوەبەرایەتی کارخانەو ئەو سیستەمەی کەکارخانە کاری پێدەکات، زنجیرەیەك ناڕەزایەتیان بەرێخستووە، دیار ترینیان ئەو مانگرتنە سێ ڕۆژیە بوو کە کرێکارانی بەشی ئینتاج بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەشەکەیان نزیك بە ڕاوەستانی تەواو کرد وئیدارەی کارخانەکەی ناچار کرد کەچەند خاڵ لەداخوازیەکانیان جێبەجێ بکات. هەر ئەو مانگرتنە وای کرد وەزارەتی کارو سەندیکاو تەنانەت ئەحزابی سیاسیش دەخاڵەت بکەن و هەریەکەیان بۆ پاراستنی بەژەوەەندی خۆیان، واخۆیان نیشاندا کە هاوپشتی لە کرێکاران دەکەن!.

ئیدارەی کارخانەی گرین عیراق نێوەندگیری وەزارەتی کارو سەندیکاکانی بەهەند وەرگرت و واخۆی نیشاندا کە قسەی وەزارەتی کارو ئەوانەی دەخاڵەتیان کردووە ناشکێنێت،  سەرەتا دەستی برد بۆ جێبەجێ کردنی هەندێک لەو داواکاریانەی کە کرێکاران دوایان دەکرد وبەڵێنیدا دواتر چەند خاڵێکی تریش جێبەجێ بکات.

ئەم کاردانەوەیەی ئیدارەی کارخانەی گرین عێراق، وای کرد کرێکاران ئەوەیان لەفکر بچێت کە ئەوەی وای کرد کارخانە دان بەهەندێ خاڵدا بنێت ئەو مانگرتنە بوو کەبۆ ماوەی سێ ڕۆژ کاریان ڕاگرت وبەمەش زیانێکی مادی و مەعنەوی باشیان دا لەکۆمپانیا. بەڵام سەباری ئەوەی کە مانگرتنەکە لاوازبوو وە گشت بەشەکانی تری نەگرتەوە، سەرچاوەی لەو خۆش خەیاڵیە وەرگرت کەکرێکاران پێیان وابوو وەزارەتی کارو سەندیکای سەربەحزبەکانی دەسەڵات دەتوانن کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن وخواستەکانی کرێکاران بسەپێین بەسەر بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکەدا. بەم جۆرەش کرێکاران هێزی ڕێکخراوبونی خۆیان نەبینی و لەچاوەڕوانیدا بەدیار مامەڵەو بەڵینی خاوەن کارگەوە مانەوە .

پاش ئەوەی مانگرتنی کرێکاران کۆتایی پێهات، زۆری نەخایاند ئیدارەی کارخانەی گرین عێراق چەند ڕۆژێك پێش ئایار لێسێك لەو کرێکارانەی کە بەشداری خوپێشاندانی پێشوبوون، بڵاوکردەوەو ڕای گەیاند کەلەسەر کارەکانیان دەرکراون، ئەمەش بەپاساوی “دەرنەچون لەتێستدا”!.

ئەم کارەی کارخانەی گرین سەرباری ئەوەی نایاسایی بوو بەئاشکراش دیار بوو کە دەیەوێت تۆڵە لەکرێکاران بکاتەوە، هاوکاتیش بەڕێوەبەری کارخانە بەمکارەی هۆشداری دایە کرێکاران کە ئەگەر مل نەدەن بەو سیستەمی کارەی کارخانە هێدی هێدی دەریاندەکات و کرێکارانێك دادەمەزرێنیت کەبێدەنگ و مل کەچی ئیدارەبن.  هەروەها بەڕێوەبەرایەتی کارگە بەم هەنگاوەی تەحەدای وەزارەتی کارو یەکێتی سەندیکاکانی کوردستان و هەموو ئەو لایەنانەشی کرد کە جاری پێشو دەخاڵەتیان کرد وکرێکارانیشی تاقی کردوە بەوەی کە چیتر نەتوانن دەست بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتی ببەن.

لەسەرێکیتریشەوە ئەو کرێکارانەی کەبڕیاری لەسەرکاردەرکردنیان بۆ دەرچوبوو، نەیان توانی هاوشێوەی جاری پێشوو چاو لەهێزی یەکگرتووی خۆیان وکرێکارانی کارخانەکە ببڕن وپشتیوانی کرێکاران بۆلای خۆیان ڕابکێشن. بۆیە دیسانەوە پەنایان بردەوە بەر شکات و بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی کار، گوایە لەم ڕێگایەوە دەتوانن بڕیارەکەی کۆمپانیا بوەستێنن. لەجیاتی ئەوەی لەناوکارخانە داوا لە کرێکاران بکەن پشتیوانیان بکەن و ناڕەزایەتی لەدژی بڕیارەکە دەرببڕن. بەپێجەوانەوە کرێکارە لەسەر دەرکراوەکان ڕێکاری یاساییان گرتە بەرو چوونە هۆبەی کار و هۆبەی کاریش بەئەرکی خۆی هەستاو گوێی لێگرتن ودواتر پاش ماوەی چەند ڕۆژ هۆبەی کار بەکرێکارانی ڕاگەیاند کە بچن و لەدادگای کار شکات بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە هۆبەی کار دەبوایە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی بەکرێکاران ڕابگەیاندایە. ئایا بەڕێوەبەرانی کارخانەی گرین عێراقی بانگهێشت کردووە ولەسەر بڕیارەکەی لێپێچینەوەی لەگەڵدا کردووە؟ ئەگەر هۆبەی کار ئەم هەنگاوەی ناوەو حەق بەلای کرێکارانەوەیە، بۆ لێپێچینەوەی نەکردووە؟

من نامەوێت لەسەر کاردانەوەی هۆبەی کار هیچ بڵێم ، بەڵام ئەوەی کە ڕۆشنە ئەوەیە وەزارەتی کار لەتوانایدا نییە هیچ کرێکارێکی دەرکراو لەسەرکار بگێرێتەوە سەرکارەکەی، بەڵکو وەزارەتی کار تەنها دەتوانێت وەك ناو بژیوانێك دەخاڵەت بکات.. ئەمەش ڕاستییەکە ودواتر زیاتر لەبارەیەوە دەدوێم. کەواتە کرێکاران ئەمجارە بەتەجروبە سەلماندیان کە نەوەزارەتی کارو نەسەندیکاو نەهیچ لایەنێك ناتوانن خاوەن کارخانەکان دەستکۆتاکەن لەبەرامبەر بەزوڵمێك کە دەرحەق بەکرێکاران  دەیکەن. هەربۆیە ئەوە تەنها هێزی ڕێکخراو و یەکگرتووی کرێکاران خۆیانە کەدەتوانێت لەبەرامبەر بڕیاری کۆمپانیاکاندا ڕابوەستێت. واتە ئەوەی کە دەتوانێت خاوەنکارو کارخانەکان دەستکۆتا بکات و لەشوێنکدا بیان وەستێنێت ، تەنها ڕێکخراوبونی کرێکارانە.

با بێینەوە سەر کەیسی کرێکارانی لەسەکار دەرکراوی کارخانەی گرین عێراق وئەو خۆشخەیاڵیەی کەهەیانە بەسەندیکاو وەزارەتی کارودامودەزگا حکومیەکان.  ئێمە لەدەنگی کرێکارەوە سەرباری هەوڵەکانمان بۆ هوشیارکردنەوەی کرێکارانی گرین عێراق بەم ڕاستیە وسەرنج ڕاکێشانیان بۆ لای هێزی خۆیان وهەوڵدان بۆ یەکگرتووکردنی ڕیزەکانیان، لێرەشدا ئەوە دوپات دەکەیەنەوە کەدەبێت کرێکارانی پیشەسازی ئەوەیان لێ ڕۆشن بێت کەئەرکی وەزارەتی کار ئەوە نییە کرێکاری لەسەرکاردەکراو بگێڕیتەوە سەرکار یان سیستەمی کاری کومپانیاکان بگۆرێت بەقازانجی کرێکاران، بەڵکو تەنها ناوەندگیری دەکەن، ئەویش بەوجۆرەی کە هیچ زیانێک بەبەرژەوەندی خاوەن کۆمپانیاکان نەگەیەنێت وپێچەوانە نەبێت لەگەڵ هیچ بڕیارێکیاندا. ئەمە قسەی وەزیری کارە کە بەڕاشکاوانە بەشاهیدی وەفدێك کە پێك هاتبوو لە سکرتێری ڕێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەکوردستان و سەرنوسەری دەنگی کرێکار و نوێنەری کرێکارانی لەسەرکاردەکراو.. وەزیری کار ووتی:”لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە ئەم چواردە کرێکارە بگێرینەوە سەرکارەکانیان، بەڵکو ئێمە چاوەڕوانی ئەمری دادگا دەکەین”.

کرێکاران لەکارخانەو ناوەندەکانی کار ئەبێت ئەمە وەك  ئەزمونێک وەرگرن و تێبگەن و بزانن کەهیچ کەس ناتوانێت کرێکاری دەرکراو بگێرێتەوە سەرکار، هیچ کەس ناتوانێت سەعاتی کار کەم بکاتەوە، هیچ کەس ناتوانێت موچە دواخستن چاك بکاتو خاوەکار موحاسەبە بکات وکۆتایی بەم زۆڵم و زۆرە بهێنێت کە لەکرێکاران دەکرێت، بێجگە لە هێزی ڕێکخراو ویەکگرتووی خۆیان نەبێت .

بازاڕی ئازادو کەرتی تایبەت یەعنی ئەم واقیعە تاڵەیە کەئێستا بەسەرکرێکاراندا فەررز کراوەولەقازانجی سەرمایەداران و کۆمپانیاکاندا نییەهەتا وەزیری کار و دادگاو هۆبەی کار، لایەنگیری لەکرێکاران بکات ونەهێڵێت زوڵم لەکرێکاران بکرێت. چونکە ئەوان خۆیان بەشێکن لەوهێزەی کەئەم واقیعەیان سەپاندووە .

کرێکارانی کوردستان پێوستەوزەروریشە کە هاوپشتی یەكتری بن و بەهەرشێوەك بۆیان دەگونجێت بۆدفاع لەسفرەی خاڵی خۆیان بێنە مەیدانەوە . ئەمە ئەو ئەزمونەیە کەدەبێت کریکارانی پیشەسازی بەدەستیەوە بگرن..

٢٤/٥/٢٠٢٣

Related posts

کرێکارێک کەیسێک لەکارگەی چسی گرین عێراق دەباتەوە لە دادگای کار!

Dangi Krekar

ڕانیە: لەنەورۆزدا، مامۆستایان و کارمەندان، لەدژی نەدانی موچە گردبونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەڕێخست!

Dangi Krekar

ناڕەزایەتی فەرمانبەرانی فەرمانگە جیاجیاکان درێژەی هەیە..!

Dangi Krekar

Leave a Comment