” کارێکی قورس و سەعاتکاری زۆر بەکرێکار ئەکرێت لەبەرامبەر موچەیەکی ڕەمزی کەبەشی هەفتەیەکی بژێوی کرێکارەکە ناکات“
گفتوگۆ لەگەڵ ڕابەر ڕەفعەت، هەڵسوراوی کرێکاریی سەبارەت بە دۆخی کرێکاران
دەنگی کرێکار : سەرەتا زۆر سوپاس کە داواکەی ئێمەتان قبوڵکرد بۆ سازدانی ئەم گفتوگۆیە .. سەرەتا دەمەوێت بپرسم : دوو ڕۆژ پێش یەکی ئایار هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کەکارگەی چپسی گرین عێراق ناوی لیستێک لەکرێکارانی لەسەر کار دەرکردوە بەپاساوی ئەوەی کەلە ماوەی تاقیکردنەوە ”تێست ” دا دەرنەچون.. بەڕای ئیوە ئەم پاساوە چەندە ڕاستە وهەتاچەند بڕیاری کارگە یاساییە؟!
ڕابەر ڕەفعەت: ئەوەی کەسەیرو سەمەرەیە ئەو پاساوەیە کەبەڕێوەبەرایەتی کارگە کرێکارانی لەسەرکاردەرکردوە چونکە هیچیان لەساڵ و نیوێك کەمتر لە کۆمپانیا کاریان نەکردووەو، تەنانەت هەبووە زیاتر لەسێ ساڵ لەکۆمپانیا خزمەتی هەبووەو ڕۆژانە بووە ئەگەر بیانوو دەرنەچوون بێت لەتاقیکردنەوە ، ئەی ئەو ماوە زۆرە بۆ لە کۆمپانیا کێشەیان نەبووە؟! بۆیە هۆکاری سەرەکی بڕیارەکە ئەوە بووە کەئەم کرێکارانە بەشداری ناڕەزایەتی و بایکۆتی ئەم دواییانەی چەند مانگی ڕابردوویان کردووە. هەر بۆیە وەکو تۆڵەکردنەوەو عقوبەیەک بۆ کرێکاران و هەروەها چاوترساندنی کرێکارەکانی ناوکۆمپانیا هەستاون بەجێبەجێ کردنی ئەم سیاسەتە قێزەون و ناشرینە .. وە بەدڵنیاییەوە کۆمپانیا بەم ڕێژەیەوە ناوەستێت و ئەگەر بەری پێ نەگیرێت، ئەوا ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکار دەرئەکەن و ئەبنە قوربانی دەستی سەرمایەداری چاوچنۆك .. بۆیە پێویستە کرێکاران خۆیان بەر بەم ستەم و زوڵمە بگرن و یەک بگرن و لەدەوری یەک و پێکەوە کار بکەن بۆ فشارخستنە سەر خاوەنکار.
سەبارەت بەیاسایی بوونی بڕیارەکەش، بێگومان هەموو کات خاوەن کار ئەیەوێت لەژێر پەردەی یاساکانی کار زوڵم لەچینی کرێکار بکات و بەرگێکی یاسایی بدات بەسەر کارە قێزەونەکانیدا ، بەڵام لەڕاستیدا من وەکو هەڵسوڕاوێکی دەنگی کرێکار ، پێم وایە کە :
١/ یاسای کار یاسایەکی زۆر بێکەڵکە بۆ چینی کرێکار وە هیچ دەقێک نیە لەیاسای کاردا لەبەرژەوەندی خاوەنکار نەبێت و دژی چینی مەزڵومی کرێکار نەبێت وە لەکاتی داڕشتن و نوسینی ئەم یاسایەدا ، ئەوەی کەحسابی بۆ نەکراوە و پرسی پێ نەکراوە تەنها چینی کرێکاربوو ، بۆیە ئێمەی کرێکار سەرلەبەری ئەم یاسای بەناو کارە ڕەدئەکەینەوە و ئەبێت کار بکرێت بۆ نوسینەوەی یاسایەکی کار کەتێیدا مافی کرێکارو خاوەنکار وەکو یەک پارێزراوبێت.
٢/ دەرکردنی کرێکارانی گرین عێراق بەهیچ شێوەیەک یاسایی نیە ، بۆچی ؟! ، چونکە ئەوەی کەهیچ بەڵگەیەك نەدراوە بەکرێکارەکان کەبیسەلمێنێت کە سەرپێچیەکی وایان کردبێت شایانی دەرنەچوون بێت لەتاقیکردنەوەدا ، هەر بۆیەش خۆشبەختانە سەرجەم کرێکارە دەرکراوەکانی گرین عێراق کەژمارەیان ١٤كرێکارە لەبەرواری ١١ئایاردا سکاڵای یاساییان لە دادگای کاری سلێمانی تۆمار کرد دژی کۆمپانیای گرین عیراق.
دەنگی کرێکار : ئێوە ئەمساڵ بەشداربوون لەسازدان و ئامادەکاریەکان بۆ مەراسیمی یەکی ئایار لەبازیان لەگەڵ هەڵسوڕاوانێکی تری کرێکاری لەکارخانەکانی ناوچەی بازیان و لەکرێکارانی ژینگە پارێز و بیناسازی ،بێگومان کرێکارانی ژینگە پارێز و بیناسازی معاناتیان زۆر زیاترە لە کرێکارانی کارگەکان، دەکرێت پێمان بڵێیت کرێکارانی ژینگە پارێز لە چ بارودۆخێکدان ؟! هاوکات کرێکارانی بیناسازیش کە بۆپەیدا کردنی نانی ڕۆژێک دەچنە مەیدانەکانی شارەکان بۆئەوەی کارێکیان دەست بکەوێت ؟!
ڕابەر ڕەفعەت : کێشە و معاناتی کرێکارانی ژینگە پارێز و بیناسازی زۆر زیاترە لە کرێکارانی کارخانەکان و ئەگەر وەڵام بەپرسیارەکەی ئێوە بدەمەوە کە ئایا کرێکارانی ژینگە پارێزو کرێکارانی بیناسازی لە چ بارودۆخێکدان؟! من وەکو هەڵسوڕاوێکی کرێکاری هەموو کاتێک وتوومە کەهەرکاتێک وڵات لەقەیراندا بێت ، ئەوا هێزی کاریش زۆر ئەبێت و بێکاری ڕوو لەهەڵکشان ئەکات ، کەئەمەش لەخزمەتی چینی سەرمایەدارو خاوەنکاردایە ، بۆیە زۆر بێمنەتانە کارێکی قورس و سەعاتکاری زۆر بەکرێکار ئەکرێت لەبەرامبەر موچەیەکی ڕەمزی کەبەشی هەفتەیەکی بژێوی کرێکارەکە ناکات و ژیانێکی کولە مەرگی پێ بەڕێ ئەکات .. لەبەرامبەریشدا لەبەر زۆری هێزی کارو بوونی قەیرانی دارایی خاوەن کار ئیستغلالی چینی کرێکار ئەکات و سیاسەتی زۆرترین کارو کەمترین مووچە بەکار ئەهێنێت بۆ پڕکردنی هەرچی زیاتری گیرفانی خۆی ، بۆیە حاڵی کرێکارانی ژینگە پارێز کەلەوڵاتە پێشکەوتووەکان بە ئەندازیاری ژینگە ناسراون و ڕێزێکی تایبەتییان لێ ئەگیرێت و موچەیان لە مووچەی وەزیرێکی حکومەت زیاترە، بەڵام بەداخەوە لەعێراق بەگشتی و لەهەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی حاڵی کرێکارانی ژینگە پارێز زۆر خراپە ، تەنانەت زۆربەیان لە مانگەکەدا ڕۆژێک خوانێکی ڕازاوەیان بۆ ئامادە ناکرێت، ئەمە جگە لەو بێڕێزیەی کە ڕوبەڕوویان ئەبێتەوە لەلایەن خاوەنکارو هاوڵاتیانەوەو هەندێک جار تەنانەت مووچەی چەند مانگێکیشیان زەوت ئەکرێت و نایاندرێتێ .. وەحاڵی کرێکارانی بیناسازیش زۆر لەحاڵی کرێکارانی ژینگە پارێز باشتر نیە، ئەگەر تەنها ڕۆژێک ئەم کرێکارە نەچێتە سەرکار ئەوا بەژیانیەوە دیار ئەبێت و هەرگیز وەکو کەسانی ئاسایی ناتوانن چێژ لەژیان وەرگرن، لەکاتێکدا ڕازاندنەوەی شەقام و بیناو تەلار سازیەکان بەهێز و بازووی کرێکارانی بیناسازیە و ئەگەر ئەوان نەبن ئەوە وڵات پێش ناکەوێت، شارستانیەتی ئەو گەلە دائەڕوخێت ، چونکە بەشێک لەشارستانیەتی گەلان پەیوەستە بەبوونی تەلار و بیناسازیەوەیە ، بۆیە بەداخەوە هیچ گرنگیەک بەکرێکارانی بیناسازی نادرێت ، لەکاتێکدا پێویستە بیمەی سەلامەتی کارو بیمەی تەندروستی بۆ دابین بکرێت ، وەهەروەها بەداخەوە کە ساڵانە توشی چەندین ڕوداوی دڵتەزێنی وەک کەم ئەندام بوون و مردن ئەبنەوەو دوای خۆیان هیچ موچەیەک بۆ خانەوادەکەیان نابڕدرێتەوە هەتا سەرگەردان نەبن .
دەنگی کرێکار : ئێوە لائیحەی خواستەکانی کرێکارانی کوردستانتان لەیەکی ئایارداڕاگەیاندو خواستەکانتان بەجۆرێک خستەڕوو کە شمولی هەموو کرێکاران بکات .. دوا پرسیارم ئەوەیە : کە ئایا ئێوە ئەم ئایارە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟!
ڕابەر ڕەفعەت : لائیحەی خواستەکانی کرێکارانی کوردستان کە لە ١ی ئایاردا من وەکو هەڵسوڕاوێکی کرێکاری خستەمە ڕوو ، ئایاهەتاچەند گشتگیر بوو بۆ سەرجەم کرێکاران ؟! داخوازیەکانی کرێکارانی کوردستان بۆ ئەمساڵ لە١ی ئایاردا خۆی ئەبینیەوە لە ١٦داخوازی کە زۆربەی داخوازیەکانی سەرجەم کرێکارانی لەخۆ گرتبوو کەتێیدا بەکورتی باسی ئەکەم ، خۆی ئەبینیەوە : لەزیاد کردنی کرێی کار، نەهێشتنی گرێبەستی کاتی وکردنیان بەگرێبەستی هەمیشەیی، لێنەبڕینی موچەو گێڕاندنەوەی موچەی خوراوی کرێکاران، ڕەخساندنی هەلی کار بۆ بێکاران، دیاریکردنی کاتژمێرەکانی کار، پێدانی پشوو مۆڵەت بەکرێکاران، پێدانی بڕوانامەی کار دوای تەواو بوونی کارەکانیان ، بوونی ئازادی ڕادەبڕین و مافی ڕێکخراوبوون و کۆبونەوە ، دەرکردنی کرێکار بەهەموو شێوەیەک یاساغ و قەدەغە بکرێت ، مافی بەیاسایی کردنی خانەنشینی بۆ کرێکارانی بیناسازی، بوونی بیمەی تەندروستی بۆ کرێکاران و هاوڵاتیانی کەم دەرامەت، یەکسانی لە کرێی کرێکاری ژن و پیاو و پێدانی ئەو مافانەی کە تایبەتن بەکرێکارانی ژن .. بۆیە پێمان وایە داخوازیەکان هەموو چین و توێژی کرێکارانی گرتۆتەوە بەبێ جیاوازی .. سەبارەت بەپرسیاری ئەوەی کەئایا ١ی ئایاری ئەمساڵ چۆن هەڵئەسەنگێنم، ئەتوانم مافی ئەوە بەخۆم بدەم کەئەم ساڵ ١ی ئایارێکی نمونەیمان بەڕێکرد لەچەند ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە ، کە گرنگترین ئەو دەسکەوتانە بەلای منەوە ئەم دوو خاڵە بوون:
یەکەم : دروستکردنی سندوقێکی هاوکاری لەلایەن دەنگی کرێکارەوە بۆ کرێکارانی لێقەوماو .
وە دووەم : پێکهێنانی ئەنجومەنێک لەپارێزەرانی خۆبەخش بۆئەوەی لەکاتی بوونی کێشەی یاساییدا بۆ کرێکاران پارێزگارییان لێ بکەن ، جگە لەوەش کرێکارانی لەدەوری یەکتری کۆکردەوەو دەست لەناو دەست هێزێکی کاریگەر دروست ئەکەن بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان ، لەیەک وتەدا ئایاری ئەمساڵ سەرەتایەکی نیشانداین کەکرێکار تێیدا سەنتەرە وهەرلێرەشەوە دەبێت چاو لەگۆڕانکاری بکەین..
١٢/٥/٢٠٢٣