Dangikrekar.com
ڕاپۆرت

”کاری ژنانە“ و ژنانی کۆیلەی مۆدێرن

کورتە ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی ژنانی کرێکار لەکوردستان
دەنگی کرێکار:
ئەگەرچی هێشتا ئامارێکی دەقیق لەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە نەخراوەتە بەردەست بەڵام دەزگاکانی حکومەتی هەرێم ڕایانگەیاندووە کە ژنان ڕێژەی لە ٪١٤ی کرێکارانی کوردستان پێکدەهێنن. بێگومان ئەم ڕێژەیەش لەگەڵ ئەوەدا کەناهاوسەنگیەکی یەکجار گەورە لەنێوان بەردەست خستنی فرسەتی کار بۆ ژنانی ئامادەبەکار و بەهەرەمەندبونیان بەمافی کارکردن لەچاو پیاواندا، ئاشکرادەکات، هاوکات ئەو ڕاستیەشمان پێدەڵێت، کە نایەکسانی نێوان ژنو پیاو لە سایەی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی ئەمڕۆی کوردستاندا هەر لەبواری یاساکان ومافەکاندا نەماوەتەوەو بۆئاستی هەقی کارو بەردەستخستنی فرسەتیکاریش شۆڕبۆتەوە. لەلایەکیتریشەوە ژنانی کرێکار بەوجۆرەی لە یاساکانی حکومەتی هەرێمدا بە نانئاوەری ماڵ حساب ناکرێن ژنبونیان بۆتە مایەی پێدانی کرێ ومەچەی کەمتر لەچاو پیاواندا، کەلەکاری هاوشێوەدا کاردەکەن. هەروەها بێبەش دەکرێن لە کۆمەڵیک ئیمتیازاتی تر وزیاتریش لەو بوارانەدا دەخرێنەبەرکارەوە کەبە”کاری ژنانە” دەناسرێت. واتە کارێک کە پیاوان نایانەوێت پێی هەستن ئەمەش جۆرێک بەسوک سەیرکردنی ئەم جۆرەکارانەیە و ئەنجامەکەشی بەپێدانی کرێیەکی کەم بۆ ژنانی کرێکار تەواودەبێت.
ژنانی کرێکاری هاتوو لەوڵاتانی ترەوە سەرەڕای ئەوەی هەموو ئەو گرفتانەی کەڕووبەڕووی ژنانی کوردستانە، کەمتازۆر ڕوبەڕوی ئەوانیش دەبێتەوە، ئەمە جگەلەوەی کە دەستدرێژی سێکسی، لێدان و سوکایەتی پێکردن، دەستبەسەردا گرتنی کرێ وبەڵگەنامەکانی سەفەر، کۆنترۆڵی ئازادیەکانیان وگەلێک دیاردەی نامرۆڤانەی تر بەرەوڕویان دەکرێتەوە. لەم بارەوە سەندیکاکانی سەربەحزبەکانی دەسەڵات، لەگەڵ ئەوەدا دان بەمدۆخەی ژنانی کرێکار لەکوردستاندا دەنێن ولەلێدوانەکانیاندا باس لە هەبوونی کەیسی دەستدرێژی و پێشێلکاری قبوڵنەکراو دەکەن بەڵام هیچ کاردانەوەیەک یان نییەو دۆخەکە بەشاراوەیی درێژە دەکێشێت.
بەم حاڵەشەوە ژنانی کرێکار بەگشتی کارکردنیان لە کەرتی حکومیەکاندا پێباشترە تا کار لەگەڵ کۆمپانیا وکەرتی تایبەتدا. چونکە خاوەنکار وکۆمپانیاکان مافی ژنانی کرێکار پێشێلدەکەن ودەستیان ئاوەڵاترە بۆ لەخوارەوە ڕاگرتنی مافەکانی ژنانی کرێکار. بەڵام لەڕاستیدا بەهۆی ئەوەی لەکوردستان یاسایەکی کار نییە وسەرچاوە یاسایەکانو دادگای کار ڕۆڵیکیان نییە لەجێگیرکردنی مافەکانی چینی کرێکاری کوردستاندا، لەوانەش مافەکانی ژنانی کرێکار، هەردوو کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت، بەیەک چاو لە ژنان دەڕوانن و هەردووکیان لەدەرەوەی یاسایەک کەتایبەت بێت بەمافەکانی ژنانی کرێکار دەڕوانن وتابۆیان بکرێ ژنانی کرێکار دەچەوسیننەوە.
لە هەرێمی کوردستانیش وەک باقی ولاتانی تری سەرمایەداری، زەقترین کێشە کەڕووبەڕووی ژنانی کرێکار دەبێتەوە کێشەی گێچەڵی سێکسی و خراپ بەکارهێنانی مێینەبوونی ژنە بۆ مەبەستی بازرگانی، واتە بازرگانی کردن بە جەستەی ژنان و چەوساندنەوەی دەستی کاری ژنان، خۆی یەک پێشێلکاری جێندەریە کەژنانی کرێکار بەهۆی ژنبونیانەوە ڕوبەڕویدەبنەوە،. “کاری ژنانە” کەبەهۆی کاردابەشکردن لە بنەمای ڕەگەزەوە لەکۆمەڵگای سەرمایەداری کوردستاندا بەڕیوەدەچێت، جۆرێک کاری تەحقیرکراوەو بەسوک تەماشادەکرێ. بەم جۆرەش ژنانی کرێکار زیاتر لەبوارەکانی خزمەتگوزاریی، پاکژکاری، پەروەردەو چاودێری وگەلێک کاری ڕۆتینیدا کاردەکەن وفرسەتی کەمیان لەشوێنە هەستیارو پڕدەرامەتەکاندا پێدەدرێت.
ژنانی کرێکاری هاوتوو نمونەیەک لەکۆیلەیەتی مۆدێرن:
ئەگەرچی میدیاکانی هەرێمی کوردستان زۆریەک لەڕاستیەکان و زانیاریەکانی دۆخی ژنانی کرێکاری هاوتوو باس ناکەن، بەڵام لەژێر فشاری ڕۆداوەکاندا ناچارن هەندیك لەوکەیسانە بخەنەڕوو کەئاماژەن بۆ تاوانکاری وتراژیدیایەکی ئینسانی کەئەم ئینسانانە تێدا ئەکتەرن. کەیسی ئەو ژنە کرێکارە ئەندەنوزیەی کەلەکەناڵی تەلەفزیۆنی ڕوداوەوە بلاوکرایەوەو دوای سکپڕبون ولێدانو چەندین جار دەستدرێژی کردنە سەری بەڵام هێشتا تاوانبار سەربەرزانە دەسوڕێتەوە، هێمایە بۆ دیاردەیەکی شەرمهێنەر کەتێیدا ژنی کرێکار بۆتە کویلەی خاوەنکارەکان. ئەم کەیسە ئەوە دەردەخات ژنانی کرێکاری هاتوو لە خراپترین بارودۆخدا دەژین و کاردەکەن و زۆربەیان ڕووبە ڕووی فشاری دەروونی و جەستەیی دەبنەوە، کەیسی خۆکوشتنی چەند کرێکارێک بە بەهانەی هەبوونی کێشەی دەرونی داخراون و تاوانباران ئاشکرا نەکراون. دەنگۆش هەیە کە ئەو کرێکارە بیانیانەی کاری کارگوزاری دەکەن دەستدرێژیان دەکرێتەسەر و بە زۆر لەشفرۆشیان پێ دەکرێت. لە هەندێک لە هۆتێلەکان ناچاردەکرێن شەوانە لە دەرگای ژوورەکان بدەن و لە میوان بپرسن “کارتان بەمن نییە؟”.
سەعاتکاری ئەم ژنانەن سنوری نیەو لەباشترین حالەتدا دەگات بە ١٦ کاتژمێر لەڕۆژێکدا. لێکۆڵینەوەی دام و دەزگاکانی پۆلیسی سلێمانی دەریخستووە کە لە ناوەندەکانی مەساژ کردن لەشفڕۆشی بە کرێکارە بیانییەکان دەکرێت و لە کاتی هەر جۆرە ناڕەزاییەکیش موچەکانیان دەبڕدرێت و هەڕەشەی لێسەندنی پەساپۆرتەکانیان لێ دەکرێت. ئەمە وێرای ئەوەی کە فرۆشتنی ژنانی کرێکار بە باندە لەشفرۆشیەکان بۆ خوارو عێراق لەحاڵەتەوە بۆتە دیاردە لە هەرێمی کوردستان. بەداخەوە بەم هەموو ئیهانەو سوکایەتی کردنەوە وبەم کویلەکرنەی ژنانی کرێکار، کەچی ئەوان هێشتا لەترسی لەدەست دانی کارەکانیان و دەستبەسەردا گرتنی موچە وپاسپۆرتەکانیان ئامادە نین ناڕەزاییەتیەکانیان ئاشکرا بکەن. ئەمەیە ئەو دۆخە ناهەموارەی کەژنانی کرێکار تێیدا کراونەتە کۆیلەی سەرمایەو خاوەن کارو کۆمپانیاکان.. ئەمە کۆیلەی مۆدێرنە.

Related posts

کرێکارانی ژینگەپارێز مستەحەقی ڕێزلێنان و دابین کردنی موچەکانیانن، نەک لەسەرکار دەرکردنیان!

admin

دەبێ کارکردن بژێوی ژیانی ئێمەی کرێکاران دابین بکات، نەک بمانکاتە قوربانی!

Dangi Krekar

لەمێزگردێکدا، هاوکارانی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، پرسەکانی کرێکاران دەخەنەبەرباسەوە.

Dangi Krekar

Leave a Comment