Dangikrekar.com
گفتوگۆ

گفتوگۆ لەگەڵ شاخەوان ناسح، هەڵسوڕاوی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی/ سلێمانی

دەنگی کرێکار: شاخەوان ناسیح بەرپرسی تۆڕەکانی هاوکاری کۆمەڵایەتی سلێمانی، سەرەتا خۆتان بناسێنن، ئێوە کێن و چ کارێک دەکەن و چۆن ئەنجامی ئەدەن؟
شاخەوان ناسیح: ئێمە تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتین و ماوەی سێ ساڵە لەسەروبەندی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بووین، کەسانێکین شکۆی مرۆڤ و بێدەرەتانی خەڵکی هەژار خەممانە، سەر بە هیچ حزب و لایەنێک نین، هیچ حکومەت و حزب و رێکخراو و کۆمپانیایەک سپۆنسەرمان ناکات.
سەرەتا بیرمان لەوە کردەوە کە لەو بارودۆخەدا خەڵکانێک کە مووچەکانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە کەم کراوەتەوە و چل ڕۆژ جارێک وەری ئەگرن و لەبەرامبەریشدا خەڵکانێک هەن دەسفرۆشن و ژیانیان لەسەر فرۆشی ڕۆژانەیانە و مناڵانێک کە بێ باوکن، لەوەها بارودۆخێکدا ئەبێ گوزەرانیان چۆن بێت؟ بۆیە هەستاین بە دروستکردنی ئەم تۆڕە و سەرەتا لە ئەوروپاوە لەلایەن تۆڕەکانمان، کۆمەکی مادیمان بەدەس دەگەیشت و ئەمانکرد بە سەبەتەی خۆراک و ئەمان بەخشی بەوانەی هیچیان نەبوو، تاوەکو چەن رۆژێک بتوانین سکیان تێرکەین. پاشان تۆڕەکانمان لە گەڕەکەکانی کانیبا و خەبات و کارێزە ووشک و کانی کوردە و مەجید بەگ دروست کرد و بیرمان لەوە کردەوە لەناوخۆ لەپەنای یەک بووەستینەوە و هاودڵ و هاوخەمی یەک بین، ئەوەی شتێکی زیایەی هەیە بیبەخشین بەوەی نیەتی و پێویستی پێیەتی، بەم شێوەیە توانیمان پشت بەخۆمان ببەستین و تائێستا توانیومانە بەردەوام بین.
دەنگی کرێکار: باسی ئەوەت کرد تۆڕەکانتان لە ئەوروپا، مەبەستت چیە لەوە؟
شاخەوان ناسیح: سەرەتا ئەم تۆڕانە لەئەوروپا دروست بوون، لەوێوە کۆمەک کۆئەکرایەوە و ئەنێردرا بۆ ئێمە و ئەمانتوانی سەبەتەی خۆراکی پێ بکڕین و لێرەوە بیبەخشین بەوانەی پێویستیانە و بەراستی دەسکورت و بێ دەرەتانن.
دەنگی کرێکار: ئەو خەڵکەی ئێوە هاوکاریان ئەکەن کەسانێکن لە چینی کرێکار و هەژار، ئایا بارودۆخی ئەو خەڵکە چۆنە کە ئێوە هاوکاریان ئەکەن؟ ئەتوانی لەو بارەیەوە راپۆرتێکمان پێ بدەی؟
شاخەوان ناسیح: خەڵکی بەزۆری بارودۆخی خراپە، بەتایبەت شاری سلێمانی لەهەموو شار و شارۆچکەکانی تر خراپترە، ڕۆژ بەڕۆژیش ژیان و گوزەرانی خەڵکی خراپتر ئەبێ بەهۆی ئەو بارودۆخەی دروست بووە، خەڵکی بۆەتە قوربانی ململانێی سیاسی نێوان حزبەکانی کوردستان و قۆرخکاری. ئێمە ڕۆژانە پەیوەندیمان پێوە ئەکرێ، خەڵکانێک هەیە تونای ئەنجامدانی نەشتەرگەری نیە، خەڵکانێک توانای کڕینی دەرمانی نیە، خەڵکانێک لەسەرما هەڵئەلەرزێ و توانای کڕینی نەوتی نیە، خەڵکانێک توانای کڕینی شیر و دایبی نیە بۆ مناڵەکانی، خەڵکانێک توانای دانی کرێی خانوو و مۆلیدەی نیە، بەگشتی بارودۆخی خەڵکی کرێکار و هەژار خراپە و ڕۆژ بەرۆژیش خراپتر ئەبێ، بەداخەوە خەڵکانێک پەیوەندی ئەکەن ئێمە دڵنیان لەوەی کە هەژارە و ئەوانەشی بەڕاستی هەژارن نەفسیەتیان بەرزە، ئێمە سەرەڕای ئەوەی کەدڵنیا ئەبینەوە لەوەی کە ئەوکەسە دەستکورتە و پێویستی بەهاوکاریە، بەڵام کار گەیشتۆتە شوێنێک دەپاڕێنەوە تا شتێکیان بۆ بکەی، ئەوەش بەڕاستی من بێتاقەت ئەکا و کە گوێم لەو ووشەیە ئەبێ تەزوو بەگیانما دێت، هەر لەم ڕۆژانەیا ژنێک کە هاوسەکەی مردووە و نەخۆشی دەروونی هەیە، مناڵێکی ١٠ساڵی ئیفلیج و کچێکی ١٢ساڵی هەیە، ئەو ووشەیەی پێی ووتم بەڕاستی بێتاقەت بووم، ووتم ئەوە بزانە تۆ خوشکی منی، ئەوەی بۆتۆی ئەکەم بە ئەرکی خۆمی ئەزانم، بەڵام تکایە ووشەی لەوجۆرە بەکار مەهێنە، دڵنیابە ئەگەر هەرچیم پێبکرێت بۆ خوشکەکەی خۆم ئەوەش بۆتۆ ئەکەم، جا ئەگەر ئەم ووشەیە بەکار بهێنی بەڕاستی نائومێدم ئەکەیت و ڕەنگە لە دەس و قاچ بکەوم و توانام نەمێنێ، چونکە ئێمە بۆ ئەوە دامەزراوین وکاردەکەین تا شکۆی مرۆڤ بپارێزین، کەچی تۆ خۆت شکۆی خۆت ئەشکێنی لەبەر چاوی من، ئیتر ئەمەم پێ قبوڵ ناکرێ. بەگشتی بارودۆخی خەڵکی زۆر خراپە و هیچکات ئەوەندەی ئێستا خراپ نەبووە زۆر بەداخەوە.
دەنگی کرێکار: کار و چالاکیەکانی ئێوە بەکوێ گەیشتووە و ئەرێنی و نەرێنی ئەم کارانەی ئێوە چیە؟
شاخەوان ناسح: خۆشبەختانە کارەکانی ئێمە ڕۆژ بەڕۆژ باشتر ئەبێ و خەڵکێکی مرۆڤدۆست و خەمخۆری هەژارانین و بەیەکەوە ڕۆژانە پەیوەندی زیاتر دروست ئەکەین و کۆمەکی باشتر ئەگەیەنین بەوانەی پێویستیانە. بەڕای من ئەم کارە نەرێنی نیە، ئەرێنیە و تەواو، چونکە ئێمە ڕوحیەتێکی هاوکاری و هاوخەمی و هاودڵیمان لەنێوان سەدان مرۆڤدا دروست کردووە، توانیومانە چەندین مرۆڤ لە شکاندنی شکۆی ڕزگار بکەین و نەهێڵین بخرێنە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و سۆشیاڵ میدیا و بە پارێزراوی بیان هێڵینەوە، خەڵکانێک بۆ پێداویستیەکانیان ئەگەر ئێمە نەبووینایە ڕەنگە خۆی بفرۆشتایە، کەسایەتی مرۆڤەکان ڕۆژانە ئەشکێنرێ، خۆشبەختانە ئێمە ئەو سونەتەمان قێزەون کردووە، کەسانێک هەن ئەڵێن ئەو خەڵکە ئەبێ بە هەژاری بمێنێتەوە بۆ ئەوەی فێری ناڕەزایەتی بێت و بتوانێ داوای مافی خۆی لەدەسەڵات بکات، ئەم بۆچوونە زۆر هەڵەیە بەڕای من، چونکە ئەمڕۆ چەندین دەزگا و لایەن و گروپ هەیە کە سەرمایەیەکی خەیاڵی لەژێر دەستایە و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی لەپشتە و بەئامانجێکی دیاریکراو بەدوای ئەو خەڵکە ئەگەڕێ، بۆ ئەوەی شکۆی بشکێنێ و بۆ مەرامێکی دیاریکراو بەکاری بهێنێ، لام سەیرە کەسێک وابیر بکاتەوە کە مناڵێکی بێتاوان پێویستی بەشیر و دایبی هەبێ و دایکێکی بێهاوسەری هەبێ، ئەگەر فریای ئەوە نەکەوین ئەبێ چی چاوەڕوانی چارەنووسی ئەو دایک و مناڵە بکات، بەڕای من ئەوانەی وابیر ئەکەنەوە لە ئەسڵی کارەکەی ئێمە تێنەگەیشتوون و لەواقیعی ئەو خەڵکە بەئاگا نین و توانای ئەنجامدانی کارێکی لە چەشنی ئەوەی ئێمەیان نیە و شانی خۆیان خاڵی ئەکەنەوە.
دەنگی کرێکار: رێگریەکانی بەردەمتان چیە؟
شاخەوان ناسح : ئێمە تاوەکو ئێستا خۆشبەختانە ڕێگریەکمان بۆ دروست نەبووە، چونکە ئەو هاوکاریانەی ئەیکەین کە چەندین کەسین و بەنهێنی کارەکە ئەنجام ئەدەین، واتا لەناو گەڕەکەکان کەسمان هەیە لەدەوروبەری خۆی پارە و ئیمکانات کۆ ئەکاتەوە و ئەیگەیەنێ بەوەی پێویستێتی، بەڵام ئێمە تۆڕی کەڵەکچیمان هەیە و ئەوان ژمارەیەکی زۆر نەمامیان کۆکردۆتەوە کە بیچێنن و ژینگەی پێ سەوز بکەن، قایمقامیەتی ئەو ناوچەیە ڕێگری لێکردوون، بۆیە ئێمە سبەینێ دەسبەرین بۆ کاری لەو بابەتە ڕەنگە ڕێگریمان بۆ دروست بکرێت.

Related posts

“لەترسی لەسەرکار دەرکردن، ناوێرین باسی ئاوی خواردنەوە و خۆشتن بکەین”

Dangi Krekar

“لەم پڕۆژەیەدا، مەرجەکانی سەلامەتی کار نییە” گفتوگۆ لەگەڵ یادگار عەلی، کرێکاری پڕۆژەیەکی بیناسازی

Dangi Krekar

دۆخی کرێکاران لەکارگەی خشتی ئاسۆ  گفتوگۆی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار، لەگەڵ کرێکارێکی کارگەی خشتی ئاسۆ

Dangi Krekar

Leave a Comment