Dangikrekar.com
ڕاپۆرت

زیاتر لە٣١ هەزار کۆمپانیای ناوخۆیی وبیانی لەهەرێمدا کاردەکەن!

ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە ڕاپۆرتێکە کەسایتی ئاوینە، لەسەر گفتوگۆیەکی بەڕیوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان لەهەرێمی کوردستان ئامادەی کردوە وئێمەش لێرەدا دەیخەینە بەردەم خوێنەرانی بلاوکراوەی دەنگی کرێکار. دیارە ئامانجی ئێمە لەم کارەمان هەرئەوە نیە کەزانیاری بەخوێنەران لەسەر ژمارەی کۆمپانیاکان بدەین، بەڵکو زیاتر بۆ ئەوەیە کەبزانرێت کەچۆن دەسەڵاتادارانی کوردستان کارئاسانی بۆ کۆمپانیاو خاوەن سەرمایەداران دەکەن وچۆن بەیاسا دەستیان ئاوەڵادەکەن وئیمتیازاتێکی لەرادەبەدەریان پێدەدەن. کەچی لەولاشەوە نەک هەر کرێکاران موچەو ئیمتازاتەکانیان پێنادرێ بەڵکو دوای ٣٠ سال لەدەسەڵاتی حزبەکان، یاسای کارێکیان نیە بۆ کرێکاران کەلانی کەمی مافو ئازادیەکانیان بەفەرمی بۆ بناسێنێت. کاتێکیش یاسایەک لەپەیوەند بەکرێکارانەوە دەردەکەن بەبێ پرسوڕای کرێکاران، ئیختیاری تەواو بەخاوەن کۆمپانیاکان دەدەن تا بەئارەزوی خۆیان کرێکاران بچەوسیةنەوە. نمونەش لەم راستیە، گرێبەرتی کاری کۆمپانیاکانە لەگەڵ کرێکاران و ئەو یاسایەی کەلەم دوایانەدا وەزارەتیکار بۆ دیاریکردنی کرێی سەعاتکاری ”کرێکارانی ناکارامە“، کە بەدووهەزارو پێنجسەد دینار بۆ هەرسەعاتێک دیاری کردووە، کەهەرگیز وەلام بەبژێوی کرێکاران ناداتەوەو لەبەرامبەر ئەو ڕەنجەی کەدەیدەن، یەکجار کەم وناچیزە.
زیاتر لە ٣١ هەزار کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لەهەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، تا ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان ٣١ هەزار و٢٧ كۆمپانیا تۆمار كراون کە ٢٧ هەزار و ٧١٣ کۆمپانیایان خۆماڵین و ٣هەزار و ٣١٤ کۆمپانیایان بیانین و كۆمپانیا توركییه‌كانیش له‌ سه‌رووی ڕیزبه‌ندی كۆمپانیا بیانییه‌كاندان.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ڕایگەیاندووە، تا ئێستا ٤ هەزار و ٥٠٠ كۆمپانیا خۆیان پاكتاو كردووه‌، نه‌ك ئیفلاس، كه‌ زۆرترین ڕێژه‌ی هی سێ ساڵی ڕابردووە، ئەوەش به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمدا هات‌.
وتیشی:” تا ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان ٣١ هەزار و٢٧ كۆمپانیا تۆمار كراون کە ٢٧ هەزار و ٧١٣ کۆمپانیایان خۆماڵین و ٣هەزار و ٣١٤ کۆمپانیایان بیانین و كۆمپانیا توركییه‌كانیش له‌ سه‌رووی ڕیزبه‌ندی كۆمپانیا بیانییه‌كاندان، پاشان ئێرانی و ئینجا ئه‌مریكییه‌كان، دواتریش بریتانیا و ئوردنییه‌كان لەو‌ ڕیزبه‌ندییەدا‌ دێن.
سەبارەت بە هەونگاوەکانی کابینەی نۆیەم لەو بوارەدا بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ڕایگەیاند ”پێشتر ناوی بازرگانی هه‌بووه‌ له‌ هه‌فته‌ و مانگ و زیاتریشی پێ دەچوو‌، به‌ڵام له‌ ئێستا به‌ ٢٤ كاتژمێر ناوی بازرگانی تۆمار ده‌كرێت، ده‌توانین بڵێن كه‌ كه‌متر له‌ ٢٤ كاتژمێر و بەماوەی ١٨ كاتژمێر ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و له‌ ئه‌گه‌ری پابه‌ندبوون به‌م كاته‌وه‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و تۆماری كۆمپانیاش به‌ هه‌مان شێوه‌ی تۆماری ناوی بازرگانییه‌ و له‌ ٢٤ بۆ ٤٨ كاتژمێردا ته‌واو ده‌بێت.”
دەشڵێت:” له‌ رابردوودا چالاكییه‌كانی بواری بازرگانی و بابه‌تی تۆماری ناوی بازرگانی و تۆماری كۆمپانیا ئاسته‌نگی زۆری لەبەردەم دا بوو، كه‌ جاری وا هه‌بووه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ مانگێكی پێچووه‌، ئه‌مه‌ ته‌نیا له‌ پرۆسه‌ی تۆماری ناوی بازرگانی، پاشان له‌ قۆناغی دووه‌م كه‌ قۆناغی تۆماری كۆمپانیایه‌ ئه‌ویش ١٠ بۆ ١٥ڕۆژی پێچووه‌، به‌ڵام لە ئێستادا هه‌ر دوو پرۆسه‌كه‌ به‌ ٥ ڕۆژ ته‌واو ده‌بێت، هاوكات دوای ده‌رچوونی په‌یڕه‌وه‌كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی وه‌قائیعی کوردستان پرۆسه‌كه‌ به‌ ڕۆژێك ئه‌نجام ده‌درێت، یانیش هه‌مووی له‌ ٣ ڕۆژ زیاتر ناخایه‌نێت”.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لەهەرێمی کوردستان، ئەوەشی روونکردەوەکە:”پێشتر له‌ تۆماری كۆمپانیا ده‌بوو بۆ هەر گرێبه‌ستێک پارێزه‌ر هه‌بێت و گرێبه‌ستی ژمێریار بهێنێت، هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێگه‌پێدراویش (مدیر المفوضية) بێگومان دوای پڕۆسه‌ی پێدانی تۆمار بووه‌، ئێمه‌ له‌ لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی، تا بڕوانامه‌ی كۆمپانیا ده‌رده‌چێت پێویست به‌ گرێیه‌ستی پارێزه‌ر و گرێبه‌ستی ژمێریار ناكات، به‌ڵام دوای ده‌رچوون و وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی كۆمپانیا و كەی‌ ئاماده‌ بوو بۆ كاركردن، ئه‌و كات پێویست به‌ گرێبه‌ستی پارێزه‌ر یان ژمێریار هه‌ر گرێبه‌ستێكی تر ده‌كات. هاوكات ئێمه‌ قۆناغه‌كانی كاركردنمان زۆر خێرا كردووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی نیوه‌ی ئه‌و ڕێكارانه‌مان به‌ئه‌لیكترۆنی كردوون، به‌ڵام پلانی نوێمان هه‌یه‌ كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌م ڕێكارانه‌ بكه‌ینه‌ ئه‌لیكترۆنی.”
سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجییه‌كانی کۆمپانیاکان بڵند محەمەد ڕایگەیاند، لە ڕابردوودا هه‌ر ناوێكی بازرگانی ئه‌گه‌ر كوردی بێت یان عه‌ره‌بی نزیكه‌ی ٦٠٠ هه‌زار دینار وه‌ك ڕسوومات وه‌رده‌گیرا، ئه‌گه‌ر ناوه‌كه‌ بیانی بووایه‌ ملیۆنێك و ٢٠٠ هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام ئێستا پڕۆسه‌ی تێچووی ناوی بازرگانی بۆ كوردی و عه‌ره‌بی و بیانیش ته‌نها ٥٠ هه‌زار دیناره‌، هه‌روه‌ها پڕۆسه‌ی تۆماری كۆمپانیا پێشتر ١٥٣ هه‌زار دینار ڕسووماتی مه‌قتوع بوو، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كۆمپانیایه‌كیش سه‌رمایه‌كه‌ی له‌ سه‌رووی ملیۆنێك بوو، بۆ هه‌ر ملیۆنێك ٤ هەزار و ٥٠٠ هەزار دینارمان وه‌رده‌گرت، ئێستا بووه‌ته‌ ٦٢ هه‌زار دینار، هه‌روه‌ها له‌ بری وه‌رگرتنی ٤ هەزار و ٥٠٠ دیناره‌كه‌ ئێستا ته‌نیا بڕی ٢هەزار و٥٠٠ دینار وه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كۆمپانیا به‌ كه‌مترین تێچوو دابمه‌زرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش رێگە خۆشکەر بووە بۆ ئەوەی زۆرترین وه‌به‌رهێنه‌ر له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ڕوو له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، چونكه‌ له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ تێچووی تۆماری كۆمپانیا چوار هێنده‌ی تێچووی هه‌رێمی كوردستانه‌.
دەشڵێت:” هه‌روه‌ها زه‌مینه‌یه‌كی باشمان بۆ وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی ڕه‌خساندووه‌ و به‌ پێی یاسای ژماره‌ ٢١ی ساڵی ١٩٩٧ كۆمپانیای بیانی ده‌توانێت ١٠٠٪ كۆمپانیاكه‌ی به‌ ناوی خۆی تۆمار بكات، به‌ڵام له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌بێت ٤٩% کۆمپانیاکەی به‌ ناوی خۆی تۆمار بکات، هه‌روه‌ها دوای گشتاندنه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌رجە ده‌بێت ٧٠%ـی ده‌ستی كاری ناوخۆیی كار له‌ كۆمپانیاكان بكه‌ن، ئێمه‌ به‌رده‌وام هۆشداری به‌ كۆمپانیاكان ده‌ده‌ین له‌ كاتی دامه‌رزاندنیان كه‌ ده‌بێت زۆرینه‌ی كارمه‌نده‌كانیان ده‌ستی كاری ناوخۆیی بێت.” لەبارەی بە بابەتی باجیش بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ڕاشیگەیاند:”باج له‌سه‌ر قازانج وه‌رده‌گیرێت، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ به‌ پێی یاسای ژماره‌ ٢١ی ساڵی ١٩٩٧ ڕێگه‌ دراوه‌ له‌ ماوه‌ی ٩ مانگ تا ١٠ مانگ ڕاپۆرتی دارایی خۆی ئاماده‌ بكات و پێشكه‌شی بكات، به‌ڵام خاوه‌نی كۆمپانیا ده‌بێت ٢ مانگ جارێك سه‌ردانمان بكات بۆ ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتمان پێ بدات، بۆ ئه‌وه‌ی مانگی ٩ میزانییه‌ی خۆی ئاماده‌ بكات، بۆیه‌ ئێمه‌ ڕێگه‌مان پێداون كه‌ ٢ مانگ جارێك ڕاپۆرتی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن”.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ئاماژەش بەوەدەکات کە تا ئێستا ٤ هەزار و ٥٠٠ كۆمپانیا خۆیان پاكتاو كردووه‌، نه‌ك ئیفلاس، كه‌ زۆرترین ڕێژه‌ی هی سێ ساڵی كۆتاییه‌، به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا هات‌.

Related posts

کورتە ڕاپۆرتێک لەسەر: کێشەی پاسەوانانی کارگەی قیری شلی کیمیت!

Dangi Krekar

دەنگی کرێکار، بەدواداچوون بۆ کەیسی کرێکاران دەکات!

Dangi Krekar

“لەلایەن خەڵکی دەوڵەمەندو کوڕان و کچانی بەرپرسانەوە سوکایەتیمان پێ دەکرێت و تەنانەت کوژراوو برینداریشمان هەیە”

Dangi Krekar

Leave a Comment