Dangikrekar.com
ڕاپۆرت

لەحەڤدە ساڵی ڕابردوودا ٨٢ هەزار “کرێکاری بیانی” هێنراونەتە کوردستانەوە!

لەحەڤدە ساڵی ڕابردوودا ٨٢ هەزار “کرێکاری بیانی” هێنراونەتە کوردستانەوە!

ئە م    ڕاپۆرت کە ڵک لەرا پۆرتێکی سایتی زێدپرێس بینراوە کە کاک رێبین فتاج  ئامادە کردبوو 

لەماوەی چوار ساڵی تەمەنی کابینەی نۆدا، نزیکەی ١٧ هەزار کرێکاری بیانی لەڕێگای وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتییەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە. وێڕای بانگەشەبۆ سنوردارکردنی هێنانی کرێکاری بیانی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ کرێکاری ناوخۆیی، بەڵام ژمارەی کرێکارانی بیانی لەکوردستاندا بەرزتربووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لەساڵی یەکەمی دەستبەکاربوونی وەزارەتەکە لەچوارچێوەی کابینەی نوێی حکوومەتدا (٢٠١٩)، وەزارەتی کار ڤیزای هاتنەناوەوەی بۆ پێنج هەزارو ١٥٠ کرێکاری بیانی دابین کردووە بەمەبەستی کارکردن و بەڕێگەی یاسایی هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەماوەی ساڵی دووەمی وەزارەتەکەدا، سێ هەزارو ٦٨٨ کرێکاری بیانی لەڕێگەی وەزارەتی کارەوە هاتوونەتە کوردستانەوە. هەروەک بەپێی خشتەیەکی تایبەت کە هاوپێچی ڕاپۆرتەکە کراوە، لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا حەوت هەزارو ١٤٨ کرێکاری بیانی بەمۆڵەتدانی وەزارەتی کار هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە.لە چەند مانگی سەرەتای ٢٠٢٣دا، ٩٢٠ کرێکاری بیانی هاتوون کە سەرجەمیان کرێکاری خزمەتگوزاری ماڵانن و هیچ کرێکارێکی پڕۆژەکان لەو ماوەیەداو لەڕێگای وەزارەتی کارەوە نەهاتووەتە کوردستانەوە.بەو پێیە لەماوەی ئەم کابینەیەی حکوومەتدا بەدیاریکراوی ١٦ هەزارو ٩٠٦ کرێکاری بیانی بەیاسایی و بەمەبەستی کارکردن هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە.هێشتا ڕوون نییە کە ئامارەکە ئەو کرێکارانەش دەگرێتەوە کە لەپڕۆژەکانی نەوت و پڕۆژەکانی دیکەدا کاردەکەن یان نا. جگە لەوەی ژمارەی ئەو کرێکارانەش لەخۆناگرێت کە بەنایاسایی و لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکاندا هاتوونەتە کوردستانەوە.

ساڵی ٢٠٢٣، لەسەر پێشنیاری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، کە لەهەر پڕۆژەیەکدا دەبێت ٧٥٪ی کرێکاران ناوخۆیی بن و تەنها ڕێگە بەکارکردنی ٢٥٪ی کرێکارانی بیانی دەدرێت. ئەوەش وەک پاڵپشتییەک بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کرێکارانی ناوخۆ.

کرێکارانی بیانی بەگشتی لەڕێگەی کۆمپانیاکانی هێنانی دەستی کارەوە، دەهێنرێنە هەرێمی کوردستانەوە. ساڵی ٢٠١٥ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەلەسەر کرێکارانی بیانی لەهەرێمی کوردستانداو ئاشکرای کرد ١٥١ کۆمپانیای هێنانی کرێکاری بیانی لەکوردستاندا تۆمار کراون، بەڵام ٣٩ لەکۆمپانیاکان بەهۆی سەرپێچی یاساییەوە ڕاگیراون و تەنها ١١٢ کۆمپانیا لەو بوارەدا کاردەکەن؛ لەهەولێر ٦٠ کۆمپانیا، سلێمانی ٢٩ کۆمپانیا، دهۆک ٢١ کۆمپانیا، گەرمیان ١ کۆمپانیاو کۆمپانیایەکی دیکەیش لەزاخۆ کاردەکات.

دەستەی مافی مرۆڤ پاڵپشت بەداتاکانی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ڕوونی کردبووەوە کە لەماوەی ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٥ بەدیاریکراوی ١٨ هەزارو نۆ کرێکاری بیانی هاتوونەتە کوردستانەوە، لەو ژمارەیەش بەڕێژەی ٥٢٪ی کرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ماڵان و ڕێژەی ٤٨٪یان ئەو کرێکارانەن کە لەپڕۆژەکاندا کاردەکەن بەبەراورد بەئاماری هاتنی کرێکارانی بیانی لەماوەی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٥ کە نۆ ساڵ دەکات و لەو نۆ ساڵەدا ١٨ هەزار کرێکار هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە. لەو چەند ساڵەی ڕابردووداو وێڕای بانگەشەی سنووردارکردنی هێنانی کرێکاری بیانی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ کرێکاری خۆماڵی، بەڵام بەپێچەوانەوە ژمارەی کرێکارە بیانییەکان لەکوردستان بەرەو هەڵکشان چووە، لەکاتێکدا لەماوەی چوار ساڵدا بەنزیکەی ١٧ هەزار کرێکاری بیانی تۆمار کراوە، ئەوەئەگەر بەراورد بکرێت بە ١٨ هەزار کرێکاری بیانی لەماوەی نۆ ساڵدا.پێشتر بەرپرسانی وەزارەتی کار بڵاویان کردووەتەوە کە بەخەمڵاندن نزیکەی ٨٢ هەزار کرێکاری بیانی لەهەرێمی کوردستاندا کاردەکەن، بەڵام بەڕێژەی تەنها ٤٪یان لەڕێگەی وەزارەتی کارەوە هاتوون.

بازرگانیبەکرێکاری بیانی لەڕێگەی کۆمپانیاکانی هێنانی دەستی کاری بیانییەوە دەهێنرێنە کوردستانەوە. لێشاوی هاتن و هێنانی کرێکارانی بیانی لەهەرێمی کوردستاندا، بازاڕو بازرگانییەکی بەرفراوانی دروستکردووە کە خۆی لەهێنانی کرێکاری بیانی و پەیداکردنی هەلی کاردا دەبینێتەوە.

هەتا ساڵی ڕابردوو ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی لەو بازرگانییەدا بەشداربوون گەیشتووەتە ١٩٦ کۆمپانیا، لەو ژمارەیەشدا تەنها ٦٤ کۆمپانیا چالاکن، ٧١ کۆمپانیای ڕاگیراو، ٥٢ کۆمپانیای هەڵوەشاوە، حەوت کۆمپانیا خراونەتە لیستی ڕەشەوە، لەپاڵ دوو کۆمپانیای ناچالاک. زیاتر لە نیوەی ئەو کۆمپانیایانە لەهەولێر کار دەکەن.

هەڵوەشاندنەوەو ڕاگرتنی مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیاکانی هێنانی کرێکاری بیانی، خۆی لەپێشێلکردنی مافی کرێکاراندا دەبینێتەوە. پێشێلکارییەکان وەک فۆرمی جیاجیای بازرگانی بەمرۆڤەوە دەردەکەون. دۆسیەکانی کڕین و فرۆشتنی کرێکاران، هێنانی کرێکار بەنایاسایی، دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرت، پێشێلکردنی مافە داراییەکانیان، فێڵکردن و دەستخەڕۆکردنی کرێکارەکاندەربارەی ئەو شوێنەی بڕیاربووە کاری تێدا بکەن یان ئەو کارەی کەدەبوو بیکەن، دەستدرێژی سێکسی و پێشێلکارییە جیاجیاکانی دیکەلەسەر کرێکارانی بیانی لەهەرێمی کوردستاندا تۆمارکراوە.

ژمارەی کرێکارانی بیانی لەماوەی ساڵانی ٢٠٠٧ هەتا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣بەدیاریکراوی ٨٢ هەزارو ٤٢٥ کرێکاری بیانی، بەهەردوو پۆلی کرێکاری خزمەتگوزاری ماڵان و کرێکاری پڕۆژەکان هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە. ئەوە تەنها ژمارەی ئەو کرێکارە بیانییانەیە، کەبەشێوەی یاسایی و بەڕێپێدانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتوون، جگە لەو کرێکارانەی لەڕێگای وەزارەتی کارو بەیاسایی هێنراوون. ژمارەیەک کرێکاری دیکە هەن کە بەنایاسایی هاتوون یان هێنراوون. زۆرینەی کرێکاری بیانی بەڤیزای سەردان و گەشتیاری هاتوون، هەروەک لەناو کرێکارانی خزمەتگوزاری ماڵاندا.

هێنانی کرێکاری بیانی بەشێوەی ڤی ئای پی هەیە، وەک ئەوەی لە ٢٠١٥دا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بەڵام هیچ ئامارێک لەوبارەیەوە بەردەست نییەکەژمارەی کرێکارانی نایاسایی و ڕێگاپێنەدراو ڕوون بکاتەوە.هەرچەندە بەرپرسانی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ژمارەی سەرجەمی کرێکارانی بیانی بە لانیکەم ١٠٠ هەزار کرێکار دەخەمڵێنن. لەکاتێکدا ئامارە فەرمییەکان، کەلەبەڕێوەبەرایەتییەکانی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە دەستکەوتوون، ٨٢ هەزار کرێکاری بیانی پیشان دەدەن.ئەگەر لێدوان و خەمڵاندنی بەرپرسانی وەزارەتی کار ڕاست بێت، ئەوا لانیکەم زیاتر لە١٨ هەزار کرێکاری بیانی بەنایاسایی لەهەرێمی کوردستاندا کاردەکەن. ژمارەیەکی سەرنجڕاکێشەو ناڕێکخراوەیی لەهێنان و کارکردنی کرێکارانی بیانی لەکوردستان پیشان دەدات.هێشتاش نازانرێت ئەو کرێکارانەی کەبەنایاسایی هاتوون یان هێنراون لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام پێشبینی مامەڵەیەکی ئەرێنی ناکرێت، لەکاتێکدا ئەوان لەبنەڕەتدا بەنایاسایی هاتوون و ناتوانن بەڕێگەی یاسایی پێداگیری لەسەر مافەکانیان بکەن. ئەگەر ئەوە بزانین تەنانەت ژمارەیەکی زۆر لەو کرێکارانەش بەیاسایی هاتوون، هێشتا لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە مافەکانیان پێشێل کراوون و دەکرێن.

هەڵکشانی ژمارەی کرێکارانی بیانی لەکۆتایی ٢٠٠٧وە، لێشاوی کرێکاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات. داتاکانی هەردوو ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی سەر بەوەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەیەکەوە تۆمارکراون. لەو ڕێککەوتەداهەزار و سێ کرێکاری بیانی هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە. لەساڵی ٢٠٠٧وە هەتا ٢٠١٥ ژمارەی کرێکارانی بیانی لەهەرێمی کوردستاندابەخێرایی و قەبارەیەکی زۆرەوە بەرەو هەڵکشان چووە. تەنها لەساڵی ٢٠١٥دا ١٠ هەزار و ١٧٦ کرێکاری بیانی هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوەو ئەوەش ڕێژەی ١٢٪ی کۆی گشتی کرێکارانی بیانی لەهەرێمپێکدەهێنێت.

بەڵام لەساڵی ٢٠١٦وە ژمارەکە بۆ نزیکەی نیوەی ساڵی پێشتر (لە ١٢٪ بۆ ٦٪) دابەزیووە. پاشان هەڵکشان و داکشانێکی سنووردار لەساڵەکانی دواترداو هەتا دەگات بەساڵی ٢٠٢١ جارێکی دیکە ژمارەکە هەڵکشانی گەورە بەخۆوە دەبینێتەوە، لەو ساڵەدا هەشت هەزارو ٥٦٠ کرێکاری بیانی هاتوونەتە کوردستانەوە، کە ڕێژەی ١٠٪ی کۆی گشتی هەموو ئەو کرێکارە بیانییانە پێکدەهێنێت، لە ٢٠٠٧وە هاتوونەتە کوردستان.

لەساڵی ٢٠٢٢دا، حەوت هەزارو ١٤٨ کرێکاری دیکە تۆمارکراون کەڕێژەی ٩٪ی سەرجەم کرێکارانی بیانی لەهەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت.بەهەردوو پۆلی کرێکارانی پڕۆژەو کرێکارانی خزمەتگوزاری ماڵان، ئەو هەڵکشانەی بەتایبەت لەهەردوو ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا ڕوویداوە، نزیک دەبێتەوە لەژمارەی پێوانەیی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥، کە تێیدا زۆرترین کرێکاری بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە.هەرچەندە لەو یەک دوو ساڵەی دواییدا بەتایبەت بەرپرسانی کارو حکومەت بەگشتی، بانگەشەی هەوڵێک یان بەرنامەیەکیان هەبووە بۆ سنووردارکردنی ژمارەی کرێکارانی بیانی، بەڵام بە پێچەوانەوە، ژمارەی گشتی کرێکارانی بیانی لەماوەی چوار ساڵی ٢٠١٩ هەتا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە. لەو ماوەیەدا نزیکەی ٣٠ هەزار کرێکاری بیانی هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە، بەبەراورد بەچوار ساڵی پێشووتر کە ژمارەکە هەڵکشاوە، کە ٢٣ هەزار کرێکار هێنرابوون.

هەرچەندە پێشتر وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕاپۆرتی چوار ساڵەی کارو چالاکییەکانی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەشەش مانگی یەکەمی ٢٠٠٣دا، ٩٢٠ کرێکاری بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوەو سەرجەمیشیان کرێکاری خزمەتگوزاری ماڵانن، بەڵام ئەو داتایە ڕاست نییە و پێدەچێت ژمارەی مانگێک هەتا دووان بێت.ژمارەی ڕاستەقینە کە لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بەشەکانی پەیوەست بەکرێکارانی بیانیەوە وەرگیراون، ئاماژە بەهاتنی سەرووی سێ هەزار کرێکاری بیانی دەدەن لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٣.

 

Related posts

بەهۆی پێنەدانی موچەکانیانەوە، پزیشکانی پلەبەندی سلێمانی مانگرتنیان لەدەوام ڕاگەیاند!

Dangi Krekar

گفتوگۆ لەگەڵ ڕابەر ڕەفعەت، هەڵسوراوی کرێکاریی سەبارەت بە دۆخی کرێکاران

Dangi Krekar

کرێکارێ لەکاتی لەحیمکردن و چاککردنەوەی تانکەرێکدا، تانکەرەکە ئەتەقێتەوە پێدا

Dangi Krekar

Leave a Comment