Dangikrekar.com
بابەتی تایبەت

دزینی نان لەهەناوی برسییەکاندا

دزینی نان لەهەناوی برسییەکاندا …

چەوساندنەوەی چینایەتی و تاڵانیی سیستەماتیکی دەسەڵاتی بۆرژوازیی کوردایەتی…

لەپشت دروشمە ڕووکەش و فێڵبازەکانی ”ئاوەدانی” و شانازیکردن بەقیرتاوکردن و ئۆتۆپان و تەلارسازیی سەرنجڕاکێشەوە، واقیعی تاڵی ژیانی کرێکاران و گەنجانی ئەم وڵاتە لەژێر سایەی دەسەڵاتی بۆرژوازیی کوردایەتیدا چیرۆکی کارەساتێکی مرۆیی و چینایەتیی بێوێنەیە. کاتێک دەسەڵاتداران و ملیۆنێرە قۆرخکارەکانی سێبەری ئەم حوکمڕانییە خەریکی تەراتێن و تاڵانکردنی داهاتی گشتین، قورسایی قەیرانەکان و تاڵانیی سیستەماتیک تەنها لەسەر شانی لاوازو بەتاڵی ئەو گەنجە کرێکارانەیە کەلەسەرتاشخانەکان، مارکێتەکان، مۆڵەکان، چێشخانەو چاخانەکاندا لەبەرامبەر بڕە پارەیەکی هیچ و بێبەهادا گیانیان دەکەنە قوربانی. زۆرینەی ڕه‌های ئەم گەنجانە ڕۆژانەکەیان لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ هەزار دیناردا دەخولێتەوەو لەباشترین حاڵەتدا ئەگەر بگەنە ٢٥ هەزار دینار، ئەوا بەچنگە کڕێش و بەدەگمەن دەتوانن لەمانگێکدا پارچە گۆشتێک یان مریشکێک بخۆن، لەکاتێکدا بازاڕو نرخەکان لەبەرزترین ئاستدان و ناتوانن تەنانەت پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان دابین بکەن.

لەم دۆخە خنکێنەرەدا، کەگەنجێكی بێکار ناچار بووە بۆ پاروویەک نان ببێتە شاگردی چێشخانەیەک و هیچ پشتگیرییەکی دەوڵەتی، بیمەی بێکاری، یان ئاسایشێکی کۆمەڵایەتیی نییە، دەسەڵاتی بۆرژوازیی کوردایەتی تەماعیشی خستووەتە سەر بەتاڵترین گیرفانی ئەم چینە ستەملێکراوە. نموونەی زەقی ئەم تاڵانییە ئاشکرایە لەبەرزکردنەوەی نرخی کارتی تەندروستیی کرێکارانی ئەو ناوەندانەیە؛ لەکاتێکدا پێشتر کرێکارێک بۆ ماوەی یەک ساڵ تەنها ٦ هەزار و ٥٠٠ دیناری دەدا، ئێستا ئەم ماوەیە کراوە بە ٦ مانگ و نرخی کارتەکەش بۆ هەر ٦ مانگێک بووە بە ٢٦ هەزارو ٥٠٠ دینار، بەجۆرێک کە بۆ ساڵێک دەبێتە ٥٢ هەزار دینار! ئەمە بەواتای زیادکردنی نرخەکەیە بەڕێژەی نۆ هێندەی جاران، کە تەنهاو تەنها ماناكەی دزینی ڕاستەقینەی نانی سەر سفرەی کرێکارێکە کەداهاتەکەی نەک هەر بەشی کرێی خانوو، ئاو، کارەباو مەسرەفی خوێندنی منداڵەکانیشی ناکات، بەڵکو هەمیشە قەرز دەکات و ژیانی بووە بەقەرزاری.

ئەم ماشێنی دزین و باج‌سەندنە تەنها بەمەشەوە نەوەستاوەتەوە، بەڵکو هەمان سیاسەتی کۆیلەکەرو تاڵانچییانە بەسەر کۆی جومگەکانی تری ژیاندا سەپێنراوە. کرێکارانی سەرتاش ساڵانە ٣ هەزار دیناریان بۆ کارتەکەیان دەدا، کەچی ئێستا لەنەخۆشخانەکاندا کراوە بە ٣٠ هەزار دینار. تێچووی سکورێتی و پەنجەمۆری پۆلیسی نەهشتنی تاوان (المکافحة) کەپێشتر ٦ هەزار دینار بوو، ئێستا بازیداوە بۆ ٣٠ هەزار دینار. تەنانەت دەفتەری نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شەکرەو زەخت کەپێشتر ٦٠ لاپەڕە بوو بۆ ٦٠ مانگ و ئاسانکاری بۆ نەخۆشی پیرو بەساڵاچوو دەکرد، ئێستا کورتکراوەتەوە بۆ ١٢ لاپەڕەو بۆ ماوەی تەنها یەک ساڵ، هەتا لەو ڕێگەیەشەوە فێڵ لەدەردو ئازاری هاووڵاتییان بکەن و گیرفانیان بەتاڵبکەنەوە.

ئەم باج و ڕسوماتانە تەنها گەندەڵی ئیداری نین، بەڵکو پیلانی بازاڕسازی سیستەماتیکی بورژوازیی کوردایەتییە بۆ هەڵمژینی دوایین قەترەی خوێنی چینە ژێردەستەکان لەڕێگەی دروستکردنی چینێکی مشەخۆرەوە. ئەمە ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی دەسەڵاتێکە کە لەڕێگەی زیاتر لە ٤٠٠ جۆر باج، پسوڵەو فێڵی جۆراوجۆرەوە داهاتی گشتی بۆ پڕۆژە فەرهودکەرەکانی خۆی بەکار دەهێنێت و خەڵکیش لەلێواری خەفەت، مەراق، بێئومێدیی کوشندەو قەیرانی دەروونیدا ڕادەگرێت. ئەوانەی کە لەکۆشک و تەلاری گەورەدا دانیشتوون، بەسەروەتی دزراوەوە، بێشەرمانە گەنجانی ئەم وڵاتە بەتەمبەڵ و کارنەکەر تۆمەتبار دەکەن، لەکاتێکدا نەک هەر هیچ هەلیکارێکی گونجاویان بۆ دابین نەکردوون، بەڵکو تەنانەت ڕێگەشیان نادەن بەو ڕۆژانە کەمەی شاگردیییش بژێوییەکی شکۆمەند پێک بهێنن، ژیانی هاوسەریی پێک بهێنن، یان خاوەنی سەرپەناو شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان بن.

ئەم سیستەمە چینایەتییە نوقمی گەندەڵی و تاڵانییە، دەریخستووە کەناڕەزایەتیی گەنجان و کرێکاران نابێت تەنها پەرچەکردارێکی کاتی و تێپەڕ بێت، بەڵکو وەڵامەکەی لەڕەتکردنەوەی یەکجارەکیی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردایەتیدایەو بونیادنانی هۆشیاری و خەباتی سەربەخۆی چینایەتیی کرێکاراندا دەبینرێتەوە. خەباتێک کە لەڕێگەی شۆراکان و کۆمیتە سەربەخۆکانەوە ئەم کێشەو تاڵانییە جۆراوجۆرانە بەیەکەوە گرێدەدات و کۆتایی بەم سیستەمی کۆیلایەتییە دەهێنێت هەتا کۆمەڵگە لەچنگی ئەم مشەخۆرانە ڕزگار بکات.

Related posts

زنجیرەیەک خۆپیشاندان هەولێرو قەزاو ناحیەکانی گرتۆتەوە بەهۆی نەبوونی پێداوویستیە سەرەکیەکانی خەڵک

Dangi Krekar

هەولێر؛ دوو کرێکار لەناو تەنکییەکی قیردا گیانیان لەدەستدا

Dangi Krekar

گیان لەدەستدانی کرێکاران لە هەولێر و گەرمیان

Dangi Krekar

Leave a Comment