نانبڕینی چوار مانگ؛ ستەمی حکومەت و بازرگانی کۆمپانیاکان بەکرێکارانی کۆیەوە!
دەنگی کرێکار
لەکاتێکدا نەخۆشخانەو بنکە تەندروستییەکان وەک شادەماری پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان سەیر دەکرێن، بەڵام لەپشت پەردەی پاکوخاوێنیی ئەم ناوەندانەوە، چینێکی چەوساوەی هێزیکار هەن کەکەرامەت و بژێوی ژیانیان کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە..
بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنامەی دەنگی کرێکار لەکۆیە، کارمەندانی پاککەرەوەی نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر جەعفەر، ماوەی چوار مانگی ڕەبەقە (واتا لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە) کەمترین مافی دارایی خۆیان کەمووچەکانیانە وەرنەگرتووە. ئەم هێزە کارە ماندووە، کە لەنێوان بەرداشی کەمتەرخەمی و بێباکی گەورەی حکومەت و ململانێی ئیداریی کۆمپانیاو بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیدا دەهاڕدرێن، لەم دواییانەدا وەک دوایین چەک پەنایان بردە بەر بایکۆتکردنی دەوام، بەڵام هاوشێوەی زۆربەی هاوکێشەکانی کەرتی تایبەت، بەهۆی فشاری زۆرو فۆبیای دەرکردنەوە لەکارەکانیان، ناچار کران بەدڵێکی پڕ لەحەسرەت و دەستێکی خاڵییەوە بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
ئەم واقیعە تاڵە، کاتێک زیاتر دەچێتە خانەی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و کرێکارانەوە، کەدەبینرێت فۆبیای ترسی ئاشکرابوون و دەرکردن بووەتە چەکێک بەدەست خاوەنکارانەوە؛ چونکە بەشێک لەم کارمەندانە لەلێدوانەکانیاندا، لەبەر ترسی بڕینی نانی منداڵەکانیان ناوێرن ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن.
لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا، کۆمپانیای ”لاست لیڤ” کەبەرپرسیارە لەپاککردنەوەی بنکە تەندروستیەکانی کۆیە، پەنجەی تۆمەت بۆ لایەنی حکومی ڕادەکێشێت. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە دەکات کەهۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە بۆ بانکەکانی هەولێر دەگەڕێتەوە، کە لەکاتی خەرجکردنی قیستەکاندا تەنها ١٥ ٪ی پارەکەیان پێدەدەن، ئەم بڕەش بەهیچ شێوەیەک بەشی مووچەی کارمەندان ناکات. ناوبراو ڕەخنەی توند ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی کۆیە دەکات و بەکەمتەرخەمی دەزانێت لەبەدواداچوونی چەکەکانیان لەهەولێر، کەچی سەرۆکایەتی شارەوانی کۆیە کەبەهۆی بەدواداچوونی مەیدانی خۆیانەوە توانیویانە مووچەی مانگی ئایاری کارمەندانی خۆیان دابینبکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیاکە بەڵێن دەدات لەهەفتەی داهاتوودا مووچەیەک و لەماوەی مانگێکیشدا دوو مووچە بەسەر کارمەندەکاندا دابەشبکات.
بەڵام گوتەکانی تەندروستی کۆیە، ڕوویەکی تری ئەم کێشە ئاڵۆزە غەدرپێکراوە نیشاندەدات. دکتۆر محەمەد فەرمان، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی کۆیە، کۆمپانیاکە بەکشانەوە لەبەرپرسیارێتی و کەمتەرخەمی گەورە تۆمەتبار دەکات. بەپێی گوتەی ئەو، کۆمپانیاکە نەک هەر چوار مانگە مووچەی نەداوە، بەڵکو ماوەی شەش مانگیشە هیچ کەرەستەو ماددەیەکیشی بۆ نەخۆشخانەکە دابین نەکردووە. تەندروستی کۆیە جەخت لەسەر بڕگەیەکی جەوهەریی گرێبەستەکان دەکاتەوە کەدەڵێت:
کۆمپانیا پابەندە بەوەی تەنانەت ئەگەر حکومەتیش پارە خەرجنەکات, دەبێت لەسەر ئەرکی خۆی مووچەی کارمەندان بدات.. دۆسیەی ئەم کۆمپانیایە هێندە بارگاوی بووە بەسەرپێچی، تەنانەت لەساڵی ڕابردوودا دۆسیەکەیان دراوەتە داواکاری گشتی و فەرمانی گرتنیشی بۆ دەرچووە. تەندروستیی کۆیە ڕایدەگەیەنێت کەئەوان تەواوی ڕێکارە ئیدارییەکان و چەکی پارەیان بۆ کۆمپانیاکە ئامادە کردووەو هێنانی پارەکە ئەرکی خودی کۆمپانیاکەیە، نەک ئەوان.
لەم نێوەندەدا، ئەوەی دەبێتە قوربانی یەکەم و کۆتایی، تەنها ئەو کرێکارو کارمەندە بێدەسەڵاتانەن کەبەجەستەیەکی ماندوو و نانێکی پەیدانەکراوەوە دەبێت باجی ململانێی یاسایی و دارایی نێوان کۆمپانیاو دامەزراوەکان بدەن. دۆخی کارمەندانی نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر جەعفەر، کەساڵانە لەناوەندە تەندروستییەکانی شارو شارۆچکەکاندا دووبارە دەبێتەوە، نموونەیەکی بچووککراوەی واقیعی تاڵی بەشێکی زۆری کەرتی تایبەتە لەهەرێمی کوردستاندا، کەتێیدا یاسایکارو پاراستنی مافی مرۆڤ لەغیابی چاودێریی ڕاستەقینەدا، دەبنە قوربانی قازانجی سەرمایەداری و بێباکی و بێدەربەستی حکومەت.
ئێمە لەڕۆژنامەی دەنگی کرێکارەوە دۆخی بژێوی ئەم کارمەندانە بەکراوەیی دەهێڵینەوەو بەدواداچوونی بەردەوامی بۆ دەکەین، چونکە بێدەنگبوون لەکێشەی ئەوان، بەشداریکردنە لەو ستەمەی کەلێیان دەکرێت.
